لە دوای 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات'ی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و کۆنگرەی ١٢ـی خۆی ئەنجامدا، کۆتایی بە تەواوی چالاکییەکانی هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا ئەنجام دەدران، هاوکات ڕێبەر ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژی ٩ـی تەممووزدا پەیامێکی ڤیدۆیی بڵاوکردەوە و بانگەوازی بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد لەسەر بنەمای دامەزراندی کۆمیسیۆنێکی یاسایی لەپەرلەماندا.
لە ژێر ڕێنمایی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆدا گرووپێکی ٣٠ کەسی گەریلاکانی ئازادی بەناوی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' بە شێوەیەکی سیمبولی وەک نیازپاکی بۆ ئەو هەنگاوە لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکانیان لەناوبرد، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، لەو بارەیەوە فەلاح سەڵاح عەبدوڵا توێژەر لە سیاسەتی نێونەتەوەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'پەکەکە سەلماندی کە هێزێکی ئاشتی خوازن'
فەلاح سەڵاح، رایگەیاند کە پێویستە بە وردتر لە پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ تێبگەین و وتی: "هەر کەسێک ئاگاداری مێژووی پەکەکە بێت لەوە تێدەگات کە بابەتی ئاگربەست یاخود پرۆسەی ئاشتی هەمیشە داخوازی کورد و ئەم بزوتنەوەیە بووە، دەبێت بە وردتر لە پەیامەکانی ئاپۆ تێبگەین لەبەرئەوەی کەسێکە لە زینداندایە، بەڵام هەڤاڵانی پەکەکە ئەم پەیامەیان زۆر بە باشی خوێندوە، زۆر بە جوانیشی کاریان بۆ کردووە وەکوو نیاز پاکی لە ئێستایە بەشێوازێکی سیمبوڵی بۆ تەواوی جیهان ڕایانگەیاند کە ئێمە هێزێکی ئاشتی خوازین، لەلایەنی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوە پشت بەستوو بۆ بانگەوازەکەی ئاپۆ، ئێستاش ئەمێنێتەوە سەر ئەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چۆن تەماشای ئەکات کە لە هەمووی گرنگتر، ئایا تورکیا ئەچێتە ژێر باری پرۆسەی ئاشتییەوە؟".
'پێویستە لە تورکیادا دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنرێت'
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، فەلاح سەڵاح جەختی لەوە کردەوە، سیاسەت بۆشایی هەڵناگرێت و چاوەروانن کە هەنگاوی پراکتیکی لەلایەن تورکیاوە بنرێت و وتی: "ئەردۆغان لە وتارێکدا لە بەردەم ئەندامانی حیزبەکەی زۆر بە شەرمنانە باسی لە دۆزی کورد کرد، کە باس لە زیندانی ئاماد ئەکات و باس لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی ئەکات، دەبێت لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی پرۆسەی ئاشتییدا، هەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا، پێدانی مافی ڕۆشنبیری و پێدانی کۆمەڵێ ئیمتیاز ئەنجام بدرێت، دڵنیام هەڤاڵانی قەندیلش بە ئاسانی ناچنە ژێر باری هیچ پرۆسەی ئاشتییەوە ئەگەر لایەنی بەرامبەر 'تورکیا' گەرەنتییەک نەدات و گەرەنتییەکی نێونەتەوەییش نەبێت، چونکە ئێمە بینیومانە بەدرێژایی مێژوو لەکاتی عوسمانییەکانەوە تائێستا تورکیا بەوە ناسراوە کە هەمیشە لە ڕێکەوتننامەکان پەشیمان ئەبێتەوە، پرۆسەی ئاشتی وەکو ئۆجالان و پەکەکە دەلێت ئەگەر بەرێوەبچێت ئەو کاتە سەردەکەوێت، بەڵام دەبێت چاوەروانبین و پراتیکی تورکیاش ببینن، کە هێزەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان چی لێدێت، گەریلاکانی پەکەکە کە بچێتە تورکیا تێکەڵی کاری سیاسی ئەبێتەوە یاخود هەر بە تومەت ئەمینینەوە."
'گەریلا جێی بایەخی تەواوی جیهانن'
فەلاح سەڵاح گەشبینی خۆی بۆ پرۆسەکە نەشاردەوە و ئاماژەی بەوەدا ئومێدیان هەیە کە پرۆسەکە بەرەو باشتر بڕوات وتیشکی خستەسەر وێنەی ئەو گەریلایانەی کە وێنەیان زۆر لە سۆشیال میدیا بڵاو بۆەتەوە ووتی کە ئەمە ئەو راستیەیە کە بزوتنەوەی پەکەکە خاوەن دسپلینێکە و فکرێکی گەورەن و وتی: "کولتووری کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان کورد خاوەن فەرهەنگێکی زۆر دەوڵەمەندە. بۆیە ئەگەڕێمەوە بۆئەوەی ئومێدمان هەیە ئەم پرۆسەیە بەرەو باشتر بڕوات و هەنگاو بەرەو پێشەوە بچێت، هەنگاوی پراکتیکی لە لایەن تورکیاوە بنرێت. بینی گەریلاکان سەلمێنەری ئەوەی پەکەکە چەندە پارتێکی ڕێکخراو و چەندە خاوەن باوەڕێکی ڕاستە لەگەڵ گەلەکەی خۆیدا. بە درێژای مێژووی تێکۆشانی پەکەکە تاکە پارت بووە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و هەرێمەکە برەو دیدگاکانی ئۆجالان بدات و مانا بە پێکەوە ژیانی هاوبەشی گەلان بدات. هەموو ئەمانە خاڵی گرنگ و پڕبایەخی پەکەکەن بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی."
'پێویستە هەموومان پشتیوانی پرۆسەکە بین'
فەلاح سەڵاح عەبدوڵا توێژەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو لایەک کرد کە پرۆسەی چەک سووتاندن وەک هەنگاوێک بۆ ئاشتی پێناسە بکەن و بە جیهانیش بناسێنن کە کورد ئاشتی خوازن و وتی: "بەداخەوە تا ئیستا ئێمەی کورد خاوەن مۆزەخانەیەکی نیشتمانی نین، پێویستە ئەم چەکانەی کە سووتێنراو وەکو سیومبولێک لە مۆزەخانەی نیشتمانی وەکو نموونەیەک بپارێزێت، بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی تەواوی جیهان کە ئێمە گەلێکی ئاشتی خوازین. هیوامان هەیە کە ئەوە پرۆسەی ئاشتییەی کراوە هەموومان بەشدار بین لە سەرخستنی وە پەیام و قسەمان هەبێت بە ئاراستەی ئەوەی کە چ لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان و لە ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا داوا بکرێت پاڵپشت لە پرۆسەی ئاشتی بکەین."