گریت وایڵدەرسی ڕاستڕەو حکومەتی هۆڵەندای هەڵوەشاندەوە

سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوەی هۆڵەندا، گریت وایڵدەر پارتەکەی لە حکومەت کشاندەوە و بەم هەنگاوەیشی حکومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.

پارتی ئازادی 'پەڤەڤە' کە وایڵدەر سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاند بەهۆی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە  سیاسەتی پەنابەریی و کۆچبەریی لە وڵاتەکەی لە حکومەت دەکشێتەوە، بەو هۆیەشەوە وڵاتەکە رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەبێتەوە.

وایڵدەرس لە هەژماری خۆی لەسەر دیجیتاڵ میدیایی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پلانەکانمان سەبارەت بە یاسای پەنابەریی کاریان پێ ناکرێت، پەڤەڤە لە حکومەت دەکشێتەوە."

وایڵدەرس سەبارەت بە سیاسەتی پەنابەرێتی لە وڵاتەکەی پلانی دەرکردنی چەند یاسایەکی توندی هەبوو، کە لە ١٠ خاڵدا خۆیان دەبینییەوە، لەنێویاندا پێدانی مافی پەنابەرێتی بەتەواویی رابگیرێت، کردنەوەی ناوەندی نوێی پەنابەرێتی رابگیرێت و خانەوادەکان لەیەکتر جیابکرێنەوە.

وایڵدەرس یەکشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو ئەگەر لانیکەم شەش خاڵ لە داخوازییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، پارتەکەی لە هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکشێنێتەوە، لە دوایین دانوستانەکاندا ئەم هەڕەشانەی جێبەجێکرد. راگەیاندرا کە دانوستانەکان کاتێکی کەمیان خایاند و بەشدارانی تریش لە هاوپەیمانییەتییەکە هەڵوەشانەوەی حکومەتیان راگەیاند.