جێگری سەرۆکی پارتی سەوزی سویسرا، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان نیکۆلاس والدێر، سەبارەت بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.
'بانگەوازەکە بۆ پێکەوە ژیان گرنگی خۆی هەیە'
نیکۆلاس والدێر جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە و وتی: "ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەوەی ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە یەکبگرن، کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتی تورکیا بۆ پێکەوە ژیان لە تورکیا هەنگاوی جدی بنێت. ئەم بانگەوازە دەڵێت کە تورکیا دەبێت بە ڕێبازی سیاسی و دیپلۆماسی، مافە بنەڕەتییەکانی کورد و پرسە بنەڕەتییەکانی کورد چارەسەر بکات، ئیتر کاتی بەکارهێنانی چەک کۆتایی هاتووە. ئەمە بانگەازێکە بۆ سەرۆککۆمار ئەردۆغان کە دەبێت لە گەڵ گەلی کورددا پرسەکان چارەسەر بکات.
لە ڕوانگەی منەوە ئەم بانگەوازە ڕێگایەکە بۆ پاراستنی گەلی کورد لە باکووری سووریاش. ئێستا حکومەتێکی نوێ لە سەر دەسەڵاتدایە، زۆر لاوازە. ئەمەش دەرفەتی بە حکومەتی تورکیا داوە کە دەستوەردان لە ناوچەکەدا بکات. بۆیە بەڕای من بانگەوازێکی ژیرانەیە و پێویستە وەک خۆی لەبەرچاو بگیردرێت."
'دەبێت دەوڵەت هەنگاوی جدی بنێت'
نیکۆلاس والدێر لە میانەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە دەوڵەتو وحکومەتی تورکیا، پێش ئەوەی چەک دابنرێت هەنگاوی جدیی بنێن و وتی: "دەوڵەتی تورکیا دەبێت گوشار و شەڕ دژی کورد ڕابگرێت، سەرەتا هەموو یان بەشێک لە زیندانیانی سیاسی کورد ئازاد بکات. کۆتایی بە پێشێلکارییە هەرەمەکیەکانی بهێنێت، و ڕێگە بدات کورد بە فەرمی نوێنەرایەتی خۆی بکات.
ئەم بانگەوازە کە بەڕێز ئۆجالان پێشکەشی کردووە پەیامێکی زۆر بەهێزە. کورد بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئامادەیە چەک دابنێت. بەڵام دەبێت لایەنی بەرامبەریش هەنگاو بنێت و دەرفەت و هەلومەرجەکان بکاتەوە. ئەم ڕێگایە دەبێت ڕێگایەکی سیاسی و دیپلۆماسی بێت. لە بەرامبەر ئەم بانگەوازەدا پێویستە سەرۆککومار ئەردۆغان دەستبەجێ هەنگاوی جدیی بنێت و ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان ڕابگەیەنێت. بۆ ئەوەی چارەسەریەکی کاریگەر بدۆزرێتەوە، دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە دەستپێبکرێت و لەم پرۆسەیەشدا گرنگە هەموو لایەنەکان بەڵێن بدەن پەنا بۆ توندوتیژی نەبەن. داوای ڕێبازێکی لەو شێوەیە دەکرێت. ئەمە هەنگاوی بنەڕەتی وگرنگە. لایەنەێک ڕایگەیاند کە ئامادەیە چەک دابنێت و ئەمەش پەیامێکی زۆر بەهێزە. هیوادارم دەوڵەتی تورکیاش ئەمە ببینێت و بەو پێیە هەنگاو ببێت."
'پێویستە هەنگاوی یەکەم ئازادیی ئۆجالان بێت'
نیکۆلاس ئاماژەی بەوەشدا کە هەنگاوێکی گرنگ لەم پرۆسەدا ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە و وتی: "ئەو کەسەی بانگەوازێکی لەو شێوەیەی ڕاگەیاندووە و هەڵوێستێکی وەها جدیی بەرامبەر چارەسەری و ئاشتی نیشانداوە، عەبدوڵا ئۆجالانە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان بە بۆچوونی من نیشانەی نیازپاکی حکومەتە. ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان و بانگهێشتکردنی بۆ دانوستانی ئاشتی ڕاستەقینە نیشاندەری ئەوەیە کە ئامادەن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە."
'ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت، سویسرا دەتوانێت ڕۆڵی نێو بژیوانی بگێڕێت'
نیکۆلاس واڵدێر ڕایگەیاند؛ کە سویسرا دەتوانێت لە چوارچێوەی داواکارییەکانی هەردوولادا ڕۆڵی نێوەندگیری بگرێتە ئەستۆ و لەسەر ئەم پرسە وتی: "سویسرا وەک خۆ سەپاندن نایهەوێت نێوەندگیری بکات. بەڵام لەم بابەتەدا و بە بڕوای من پەیوەندییەکی بەهێزی متمانەی هەیە هەم لەگەڵ تورکیا و هەم لەگەڵ گەلی کورد بۆیە دەتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت. لێرەدا ئەوەی گرنگە حکومەتەکەمان پەیوەندی بە حکومەتی تورکیا و دەسەڵاتدارانی کوردەوە بگرێت و ئامادەیی خۆی لەسەر ئەم پرسە ڕابگەیەنێت. کۆبوونەوەی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەمان لە ڕۆژانی داهاتوودا لەوانەیە ئەم تەوەرەش لە ڕۆژەڤی خۆیدا دابنێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕوانگەکانی ئێستا دەخرێنە بەر لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە سویسرا دەتوانێت لەو بارەوە چ ڕۆڵێک بگێڕێت."
'ئیتر کاتی ئەوەیەکە یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە پەکەکە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت'
نیکۆلاس واڵدێر لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە هیوادارین ئەورووپا لە پرۆسەکەدا بەشداری بکات و پەکەکە لە لیستی تیرۆر لاببات و وتی: " ئەم بڕیارەی ئەورووپا بڕیارێکی سیاسییە و تەنیا پەیوەندی بە ئەورووپاوە نابێت. بۆیە هاوپەیمانەکانی دیکەی تورکیا پەکەکەیان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. ئەم بڕیاره زیاتر بۆ ڕازیکردنی حکومەتی تورکیا دراوە بەڵام بنەمایەکی ڕاستی نییە، بەڵێ ڕووداوی توندوتیژی ڕوویداوە بەڵام دوور بووە لە تیرۆرەوە، بزووتنەوەیەکی ڕاپەڕین و بەرخۆدان بووە پەیوەندی بە مافی گەلێکەوە هەیە بۆیە بەڕای من ڕاست نییە بە چالاکیەکانی پەکەکە بڵێین کردەوەی تیرۆریستی، ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و کاتێک بەرەو پرۆسەی ئاشتی هەنگاو دەنێین هیچ مانایەک بۆ ئەو بڕیارانە نامێنێت، بۆیە دەبێت هەردوولا هەنگاوی ڕوون وجدیی بنێن. بەڕای من ئەوروپا دەتوانێت لەو بارەوە ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت و ئەمەش دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە کەس بە تیرۆریست نەناسن."