لە سلێمانی ٤ـی نیسان بە ئاهەنگ و چالاکی ژینەگەی پیرۆز کرا

بەبۆنەی ٤ـی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە شاری سلێمانی ، بە دەستپێشخەری ژنان لە سلێمانی، بە ئەنجامدانی ئاهەنگێکی کولتووری و چاندنی نەمام ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزکرا، لە ئاهەنگەدا جەخت لەسەر خاوەنداریکردن لە پەیامی مێژووی ڕێبەر ئاپۆ کرایەوە.

٤ی نیسان

پیرۆزبایی ٤ـی نیسان بە دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان و کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان ئەنجام درا و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە گەل بە جلوبەرگی کولتووری کوردییەوە، لە کەشی سرووشتی ڕەنگینی کوردستاندا ئەنجام درا. لە پیرۆزکردنەکەدا لە لایەن منداڵان و ژنانەوە ژمارەیەکی زۆر لە نەمام لە سرووشتی کوردستاندا چێندرا و کرا بە دیاری رۆژی ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد دواتر، سارا ڕەزا بەنوێنەرایەتی ژنانی باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "بەو جۆش و خرۆشەی کە لە پەیامی ئاشتیی ڕێبەر ئاپۆوە وەرمان گرتووە ٤ـی نیسان پیرۆز دەکەین، ئەو پەیامە گۆڕانکاری گەورەی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئێمەی ژنانی باشوور باوەڕمان وایە بە تێکۆشانەکانمان ئەم ساڵ دەتوانین بکەینە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ."

لە بەردەوامییدا گوتی: "لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی ژنی کردووەتە ناوەندی خەبات و تێکۆشان، ئێمەش وەک ژنانی کورد ڕامان و فکری ڕێبەر ئاپۆ بڵاو دەکەینەوە بۆ ئازادیی خۆمان و کۆمەڵگا، هەروەها لە ٧٦مین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆدا نەمامی ئازادیی لە کوردستان و هەموو جیهان دەچێنین، تێدەکۆشین لەپێناو ئەوەی ئەمساڵ ببێتە ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک."

دواتر لەلایەن دایکان و ژنانی باشووری کوردستانەوە، نەمام چێندرا وەک نەریتێکی ساڵانە بۆ پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە.

لە پاش نەمان چاندنەکە، ئەبوبەکر مەجید ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان وتاری کۆمیتەکەی خوێندەوە و وتی: "لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو گەلی کورد و شەهیدان پیرۆز بێت، بە پەیامی سەدەی "ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان، ئەو گەلەی کە تینوی ئازادیی و دیموکراسییە و ئێمەش پشتگیری بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، کە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گەلەکەمان بۆ ئازادیی."

ئاهەنگەکە بە جۆشەوە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێیی کوردی کۆتایی هات.