بەرگی سێیەمی مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی "سۆسیۆلۆژیای ئازادی" بە هاوکاری چاپخانەی سیسوس و مەیمان لە ئەرژەنتین چاپکرا. لە شارە جیاوازەکانی ئەرژەنتین کەمپەینی ناساندن بۆ کتێبەکە بەڕێوەچوو بۆ گەیشتنی بە دەستی خوێنەران.
کەمپەینی ناساندنەکە بە هاوکاری ڕێکخراوە گرنگەکانی وەک (Escuela Latinoamericana de Formación Política) و (Enstîtuya Estudios de América Latina y el Caribe) و (Înîsiyatîfa ji Rêber Apo re Azadî- CTA Autónoma) و (Pañuelos en Rebeldía) و (Asamblea Permanente por los Derechos Humanos) و چاپخانەی سیسوس ڕێکخرا.
ئەم کەمپەینە بە دوو قۆناغ بەڕێودەچێت، قۆناغی یەکەم لە زانکۆ و مۆزەخانە و چاپخانەکان، قۆناغی دووەم لە ناوەندەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سەندیکا و بینا هەرەوەزییەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت. لە پرۆسەی ناساندنەکەدا چەندین ئەکادیمی و چالاکوان، بۆچوونی خۆیان لەسەر کتێبەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ناساندنەکە لە بۆینس ئایرس دەستی پێ کرد
ناساندنەکە لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی بۆینس ئایرس دەستی پێ کرد. ئەکادیمی و مامۆستا و خوێندکاران پێشوازییەکی مەزنیان لە چالاکییەکە کرد. چالاکوانی فێمێنیست کلاودیا کۆرۆل پێشەکی کتێبەکەی نوسیووە، پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی هێرنان ئۆڤینا و ئەکادیمی کارلا ڕۆدریگێز و جۆرجێلینا ماتوسیڤیسوس لە دانیشتنەکەدا قسەیان کرد.
لە ئایدۆلۆژیادا چەپڕەوین، لە ئیپیستیمۆلۆژیادا ڕاستڕەوین
هێرنان ئۆڤینا ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی ڕۆشنبیریی دەبێتەوە، گوتی: "ئۆجالان هەموو بابەتێکی هەڵسەنگاندووە. لەسەر ژیانی ئازاد ڕاوەستە دەکات و سەرلەنوێ هەموو شتێک شرۆڤە دەکات. ئەمڕۆ ئێمە لە دیالۆگدا چەپڕەوین بەڵام لە ئیپیستیمۆلۆژیادا ڕاستڕەوین. ئۆجالان هەوڵدەدات ئەم پارادۆکسە چارەسەر بکات".
کلاودیا کۆرۆل باسی سەردانەکەی بۆ ڕۆژئاوا کرد، گوتی: "پراکتیکی ئەم کتێبەم لە ڕۆژئاوا بینی. ئیرادەی گەل و هێزی ژنان و پەیوەست بوون بە سرووشتەوە زۆر ڕوونە. گرنگە کە ئەم فیکرە ببینین و لە واقیعدا بیخەینە پراکتیکەوە".
کارلا ڕۆدریگێز ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ سەرەڕای هەلومەرجە سەختەکان پەیوەندییەکەی بە گەلەوە پاراستووە، ڕامانی قووڵ دەخاتەڕوو، ئیلهام بە هەمووان دەبەخشێت، گوتی: "ئەگەر ئۆجالان لەژێر هەلومەرجی گۆشەگیریی سەختدا بتوانێت وەها سیستەماتیک بیربکاتەوە، ئێمەش دەتوانین لە هەلومەرجی دژواردا چارەسەر بئافرێنین".
جۆرجێلینا ماتوسیڤیسوس لەسەر گرنگییە ستراتیژییەکانی زانستەکە هەڵوەستەی کرد و گوتی: "زانین دەبێت گرێدراوی ئازادی بێت، ئەم هەڵوێستە سۆسیۆلۆژییە گۆڕاوە بۆ شۆڕشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەدا. بۆ دیموکراتیزەکردنی زانکۆ، دەبێت بیر لەمە بکەینەوە".
لە مانگی حوزەیراندا، ناساندنی کتێبەکە لە شارەکانی بۆینس ئایرس و لا پلاتا و ڕۆزاریۆ و کۆردۆبا و ڤیلا جیاردینۆ بەردەوام دەبێت.