سەردانی جەژنی نێوان پارتەکان بەردەوامە

پارتی سەرلەنوێ ڕەفا و پارتی سەعادەت و پارتی دەڤا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی دەم پارتییان کرد.

سەردانەکان بەبۆنەی جەژنەوە

پارتی سەرلەنوێ ڕەفا و پارتی سەعادەت و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی دەم پارتییان کرد.

شاندی سەرلەنوێ ڕەفا بە بەشداری جێگری سەرۆکی گشتی سەلجوق گەڤیەلی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی عەبدولحەمید ئاداک و سەرۆکی ڕێکخستن و پلانسازی لقی گەنجان، فەرەیدون دەمیرجی، سەردانی ناوەندی گشتی دەم پارتییان کرد. شاندەکە لەلایەن جێگری هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی محەمەد ڕوشتو تریاکی، ئەندامانی ئەنجوومەنی دەم پارتی زەینۆ بایارام‌ئۆغلو و ئیحسان سەیلان پێشوازییان لێ کرا. سەلجوق گەڤیەلی ڕایگەیاند پەیوەندی و کۆبوونەوەکان هیوابەخش بوون.

محەمەد ڕوشتو تریاکی تیشکی خستەسەر پرۆژەکەی مەهەپە بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان، دووپاتی کردەوە پشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ پرۆژەکە زیاتربوون.

شاندی پارتی سەعادەت لە جێگری سەرۆکی گشتی عەبدوڵا ئاکین و جێگری سەرۆکی گشتی و پەرلەمانتار محەمەد ئاتماخا و ئەندامی لقی گەنجانی بەڕێوەبەریی گشتی موستەفا ئۆگوزخان کوتلوجا پێکدەهات، سەردانی دەم پارتییان کرد. عەبدوڵا ئاکین لە سەردانەکەدا ڕایگەیاند کە دەبێت هەموو کێشەکانی وڵات چارەسەر بکرێن.

شاندی پارتی دەڤا لە جێگری سەرۆکی گشتی محەمەد ئەردۆغان و سکرتێری گشتی یوسف تورکمەن و جێگری سەرۆکی گشتی بوشرا ساکینمەز پێکدەهات و سەردانی دەم پارتییان کرد. محەمەد ئەردۆغان لەسەر ناوی شاندەکە قسەی کرد، ڕایگەیاند ئەم جەژنە بووەتە مایەی بەهێزکردنی هیوامان بە ئایندە، تورکیا لە قۆناغێکی سیاسیی گرنگدایە، تیشکی خستەسەر گرنگی پرۆسەکە بۆ دادپەروەری و خوشک_برایەتی و گوتی: "هەموو پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتیان پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن. وەک پارتی دەڤا، بە هەموو جۆرێک پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەین. ئەمە دەرفەتێکی گرنگە. دەم پارتی هەموو بەرپرسیارێتییەکانی بۆ خوشگوزەرانی وڵاتەکە جێبەجێ دەکات".