ڕاوێژكاری ئەڵمانیا فریدریش مێرز سەبارەت بە زیاتربوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و كوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان و ئاوارەكردنی دانیشتووانی شارەكە، بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی قسەی کرد و گوتی: "ئێمە زیاتر نیگەرانین لە چڕبوونەوەی هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە غەززە، هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل پێناچێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی حەماس بێت."
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا فریدریش مێرز نگەرانی خۆی لە زیاد بوون و بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەربڕی و گوتی: "ڕاشكاوانە بڵێم چیتر لە ئامانجی ئەو كارە تێناگەم، كە سوپای ئیسرائیل ئێستا لە كەرتی غەززە دەیكات، ئەمە ئازارە بۆ خەڵكی مەدەنی، چیتر ناتوانرێت پاساو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی حەماس بهێنرێتەوە."
لای خۆیەوە ڕۆن پرۆسۆر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا وتی: "حكومەتەكەمان ڕەخنەكانی ئەڵمانیا لە كردەوەكانی وڵاتەكەی لە كەرتی غەززە بە جددی وەردەگرێت، چونكە ئەڵمانیا وڵاتێكی دۆستە."