گەریلای سەربەرزی سەرحەد: هەڤاڵ شێخموس

لە ئەرزڕوم و سەرحەد بە بڕیاردارییەکی زۆرەوە تێکۆشا. لە دژوارترین کاتەکاندا ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرت. لە فەرماندەیی مانگە تا ئاستی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە بۆ ماوەی ٣٢ ساڵ تێکۆشانی کرد.

هاوڕێ شێخ موس لەکوێوە دەستپێبکەم.. تۆ ٣٢ ساڵی خۆت لە چیا ئازادەکان تێپەڕاند. ئایا ئەم چیایە ئیتر بە بێ تۆ دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئاواتەکانی تۆدا، لەسەر هەر کانییەک ئاوت لێخواردوونەوە، لە هەر مانگەیەک کە تۆ تێیدا خەوتبیت، لە هەموو شوێنێک کە تۆ خۆت بەوێ گەیاندبێت، بەردەوام ئامادەیی و بوونت دەبێت، تۆ لە هەر فیشەکێک کە جەنگاوەرانی پەکەکە ئاراستەی دوژمنی دەکەن، لە سەر زمانی هەموو دایکێکی سەرهەڵدێر، لە ئارەقڕشتنی هەر هاوڕێیەکدا بوونت دەبێت. تۆ هەموو کات لەگەڵمان دەبیت. کاتێک وێنەی تۆم بینی کە لەناو خوێندا راکشاوی، گەڕامەوە بۆ ئەو ساڵانەی سەرەتا کە من تۆم ناسی. وەک دوێنێ هاتەوە بەرچاوم.

لە ساڵی ١٩٩٤ من هەڤاڵ شێخموسم ناسی. ئەو کاتە لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا بەرخودانی گەریلا لە دژی ئۆپراسیۆنە دژوارەکانی دەوڵەتی تورک گەیشتبووە بەرزترین ئاست. هەروەک ئەمڕۆ  دەوڵەتی تورک هەموو هێزی خۆی خستووە سەر ئەم شەڕە و تیمی تانسو چیلەر- دۆغان گورەش سەردەستەیی ئەو قۆناغەی شەری دەکرد. بە دروشمی 'یان لەناو دەچن یان لەناو دەچن' بە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین رێبازەکانی دەرەوەی شەڕ لە باکوری کوردستان هێرشیان دەکردە سەر گەریلا. بەسەدان کەس لە گەلەکەمانیان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت، بە هەزاران کەسی ئێمەیان بە شێوەی 'بکەر نادیار' تیرۆرکرد، کە بکەر و ئەنجامدەرەکە خودی دەوڵەت بوو؛ بە هەزاران گوند سوتێندران، چۆڵکران، تاڵانکران و گەلە وڵاتپاڕێزەکەمان ناچارکران کە بەرەو گەورەشارەکان کۆچبەر بن. لە بۆتان، دێرسیم، ئەرزڕوم، سەرحەد، ئامەد، گارزان و هەموو ئەیالەتەکانی دیکەمان لە دژی گەریلا هێرشی لەناوبردن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی ئازادی دەستیپێکرابوو. سەرباری هەموو ئەوانەش هێزەکانی گەریلا وێڕای دژواری و تەنگوچەڵەمان سەنگەرەکانیان پاراست و بەرخودانی گەورەیان کرد.

شوێنی حەوانەوەمان بە جیاکانی باندۆز دەوردرابوو

بە بڕیاری فەرماندەیی ئەیالەتی ئەرزڕوم ئێمە ساڵێکی ئەو شەڕە قورسەمان تێپەڕاند و بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی ١٩٩٥ ئێمە پلانمان ئەوەبوو لە شەهید خەبات جێگیر بین. لەگەڵ بریارگەی ئەیالەت ئێمە بە هێزێک کە لە چوار کەمپ پێکهاتبوو لەوێ جێگیربووین، هەروەها دەستمان بە قۆناغی سەختی زستان کرد. لە شوێنی جێگیربوونمان کە وەک هەرێمی شەهید خەبات لەلایەن گەریلاوە پێناسە دەکرێت و لە سێ گۆشەی گەخی، یەدیسو و ئاداکلی بە چیای بەرز و ئاسێی باندۆز دەورەدراوە. بە ئاوی خرۆشانی ناو دۆڵەکانی، بە دارستانە دار بەڕووەکانی بووە شوێنی حەوانەی ئێمە. ئەو جوگرافیا زۆر ناوازەیە چەندین جار میوانداری گەریلای کردبوو. لە داوێنی ئەو چیایانە بە دەیان گوند و گوندۆچکە هەبوون کە سوتێندرابوون، چۆڵ کرابوون و بە زۆرەملێ راگوێزرابوون. هاوکات لەو چیا بەرزانە بەردەوام بەفر دەباری، زستان دژواربوو. ساڵی ١٩٩٥ لە رووی زستانەوە دژواربوو. لە هەمان کاتدا ئۆپراسیۆنی دوژمنیش بێ وەستان بەردەوام بوو. لەو گۆڕەپانە ئێمە لەگەڵ فەرماندەکەمان ژیان (یڵدز دورموش) چووین، وەک هەڤاڵانی ژن ئێمە بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر خۆمان جێگیرکرد. لەبەر ئەوەی تازە چووبووم، زۆر هەڤاڵی بەنرخم لەوێ ناسی.

یەکەمجار لەوێ هەڤاڵ شێخموسم ناسی

ئەو قۆناغە بووە سەرەتای پرۆسەیەک کە لە چەندین پراتیکی دژواردا لەگەڵ هەڤاڵ شێخموس مامەوە. ئێمە پلانمان بۆ چالاکیەکی ورەبەخشینی هاوبەش بە بەشداری هەموو کەمپەکانمان دانابوو، یەکەمجار من لەوێ هەڤاڵ شێخموسم ناسی. هەڤاڵان بە زۆر هەڤاڵ شێخموسیان بردە سەر شانۆ بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێ. لەبەر بوونی هەڤاڵانی ژن زۆر پێداگری دەکرد کە گۆرانی نەڵێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڤاڵ ژیان (یڵدز دورموش) ئەوی قایل کرد، هەڤاڵ شێخموس دەستی بە گۆرانیکردن کرد. سەرباری ئەوەی تورکی دەزانی، لە فەرمیەت و لەناو کاروباری رۆژانەدا بە تورکی قسەی نەدەکرد. هەڤاڵ شێخموس گۆرانی 'ئوچون کوشلار ئوچون'ی ئەحمەد کایای لە ناخەوە دەوتەوە. ئەو گۆرانیە کە ئاوێتەی هەڤاڵ شێخموس ببوو، دواتر هەموو هەڤاڵان زۆر ئەو گۆرانیەیان پێخۆشبوو و لە سەر داوای هەڤاڵان لە هەموو کۆڕ  و مەراسیمێکدا دەیوتەوە.

لە داوێنی چیای گلیداغ کە زۆر خۆشی دەویست

لە وەها قۆناغێکدا بەهار چیاکانی سەرحەدی گرتبووەوە؛ چیاکانی گلیداغ، ئەلەداغ، تەندورەک و دۆڵی زیلن لە رەنگی سپی رزگاریان ببوو؛ بە هەموو جوانی خۆیانەوە سەوز ببوون، لە ١٨ی حوزەیراندا خائینانی کۆلۆنیالیست ئێمەیان گەمارۆدا و فەرمدە شێخموس لە داوێنی چیای گلیداغ کە زۆر خۆشی دەویست تا دوا فیشەکی شەڕی کردبوو. بە دەیان جار کەوتبووە بۆسەی دوژمنەوە و لە شەڕدا دوژمنی تێکشکاندبوو و رزگاری ببوو. بەڵام ئەمجارەیان فیشەکێکی بەرکەوتبوو. رەنگی خاک سورببوو. رۆڵە قارەمانەکەی سەرحەد هەڵفڕیبوو، ببووە گۆرانیەک.

بە چیرۆکەکانی بەرخودان گەورەببوو

کوردستان وڵاتێکی جیاییە. هەڤاڵ شێخموس لە گوندێکی چیایی لە ناوچەی مەلازگری موش گەورەببوو، بە ناسنامە، کولتور، خاک و بەهاکانی وڵاتپارێزیی کوردستانەوە پەیوەست بوو؛ لە دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی و سڕینەوەی دەوڵەت سەری دانەنەواندبوو، لەناو بنەماڵەیەکدا لە هەستی راپەڕین و بە چیرۆکەکانی بەرخودانی کوردستان گەورەببوو.. گەلی کورد کە هەرگیز گوێی لە پەیامی 'کوردستانی خەیاڵی لێرە بەخاکسپێردراوە' کە دوژمن لە چیای ئاگری هەڵیواسیبوو، بەڵینی دابوو کە لەم خاکەدا سیاسەتی قڕکردن و فاشیزمی دەوڵەتی تورک ژێر خاک بکات. رێپێوانی کوردستان کە رێبەر ئاپۆ لە ئاگرییەوە دەستیپێکردبوو، دوای چەندین ساڵ لە بری کێلی ئەو گۆڕە لە سەر ئەم خاکە دێرینە ئاڵای ئازادی دەشەکاندەوە. لەم خاکەدا جارێکی دیکە مێژووی بەرخودان دەنوسرایەوە. پەکەکە لە مێژووی کوردستاندا بووە ناو لەدایکبوونی ژیانەوە. بە دەیان رۆڵەی قارەمان لە ژن و پیاوی سەرحەد بەشدارییان لەم تێکۆشانەدا بە پێشەنگایەتی پەکەکە کرد؛ خەڵکی سەرحەد وشیار بوونەوە، تێکۆشانی ئازادییان پەسەند کرد.

لەگەڵ دوو کوڕی پورزای بەشدارببوون

یەک لەو ناوچانەی پۆل پۆل و گروپ گروپ بەشدارییان لە رێپێوانی ئازادی رێبەر ئاپۆ دەکرد، ناوچەی مەلازگری موش بوو. هەڤاڵ شێخموس سەرباری ئەوەی گەنجێک بوو بە هەستی وڵاتپارێزیەوە، بە توڕەیی بەرامبەر دوژمن، بە کاریگەریوەرگرتن لە بەشداربوونی کەسانی دەوروبەری بریاریدا بەشداربێت. لەگەڵ دوو  کوڕی پورزای لە ساڵی ١٩٩٢ هاتنە ناو ریزەکانی گەریلاوە.

هەموو کات لە ریزەکانی پێشەوە بوو

لە ئەیالەتی ئەرزروم بەردەوام هەنگاوی نوێی هەڵگرت. هەر لە یەکەم ساڵەکانەوە بە شێوەیەکی بوێرانە و پێداگرانە بەشداربوو. لە هەموو هەنگاو و هەڵمەتێکی مێژووییدا ئەو بەردەوام ئامادەیی هەبوو، لە ریزەکانی پێشی پێشەوەبوو. توڕەیی بەرامبەر بە دوژمن گەورەبوو. لە ئەرزروم کە یەک لە گۆڕەپانە دژوارەکانمانە ١٠ ساڵ بێ وچان تێکۆشا. ئەگەر قسەکە لە جێگەدابێت، لە هەموو کانیەکی ئاوی خواردبووەوە، لە ژێر سێبەری هەموو دارێکیدا دانیشتبوو، لە هەر بستێکی ئەو خاکەدا رەنج و ماندووبوونی کێشا وئارەقەی رشت. لە هەربستێکی ئەم خاکە شوێنپێی ئەو هەیە. هەڤاڵ شێخموس لەگەڵ ئەرزڕوومدا ئاوێتەی یەکترببوون. زیاتر لە هەموو شوێنێک ئەرزڕوم و کوێستانەکانی سەرحەد و گلیداغ شارەزای شەڕڤانی ئەون.

لە هەموو شوێنێک سوپای گەریلا

لە ماوەی تێکۆشانی ٣٢ ساڵەیدا لە سەرحەد، خواکورک، رۆژهەڵات و گۆڕەپانی جیاجیا مایەوە. لە بەشێکی گەورەی تێکۆشانیدا لە باکور گەریلا بوو. لە ئەرزڕوم و سەرحەد بە داواکاری و پێداگرییەکی گەوەوە پێشەنگایەتی کرد. لە دژوارترین کاتەکاندا خۆی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەدور نەگرت. لە فەرماندەیی مانگەوە دەستیپێکرد و تا ئاستی دەستەی فەرماندەیی هەپەگە لە ناو سوپای گەریلاماندا لە هەموو ئاستێکدا ئەرک و بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ. ئامادەبوو بۆ هەر بەرپرسیارێتیەک کە پەکەکە پێیببەخشێت. بە رەنجدەری و لەخۆبووردەیی گەورەی خۆی هەموو ئەرک و پراتیکێکی لەناو پەکەکەدا جێبەجێکرد. دڵسۆزی و وەفاداری بۆ رێبەرایەتی، شەهیدان، پەکەکە و هاوڕێیانی، بڕوای ئەو بە ئازادی، خۆشەویستی ئەو بۆ وڵاتەکە و گەلەکە وایکرد کە لەناو دژوارترین بارودۆخدا لە پێی بمێنێتەوە.

بە ئەزمونی خۆی رێگەی نیشاندا

بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ئەیالەتەکانی ئەرزڕوم و سەرحەد بە دەیان گروپی گەریلای لە بۆسە و گەمارۆی دوژمن رزگار کرد، بە وشیاری خۆیەوە بە دەیان جار دوژمنی تێکشکاند.

کاتێک ئێمە لەگەڵ هەڤاڵ شێخموس بەشداریمان لە شەڕێکدا بکردایە و لە کاتی چونمان بۆ سەر ئەرکەکەمان هەرگیز تووشی گومان و دڕدۆنگی نەدەبووین. بە پێجەوانەوە هەموو کات بۆ ئێمە دەبوە مایەی متمانە و بڕوا. بە ئەزمونی خۆی رێگەی نیشان دەداین. لە ساڵی ١٩٩٧ ئێمە لە ئەرزڕوم رۆیشتین، دوای چەندین ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٣دا کاتێک چوومە دێرسیم من ئەوم لە سەرحەد بینیەوە. بڕیاری کشانەوە درابوو، بەڵام ئەو لە ناو ئەو گروپەدا مابووەوە کە نەکشابوونەوە. دواتر لە تەندورەک بینیم و  زۆر دڵخۆش بووم. لە سآڵی ٢٠٠٦ من جارێکی دیکە لە هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا بینیمەوە. زۆر خۆی بەرەوپێشبردبوو و زۆر گۆڕدرابوو. ئەزمونی شەڕ و ژیان زیاتر بە ئەزمونیان کردبوو. بە تایبەتی ئەخلاق، کولتور، وشیاری و رۆحی پارادایم، هەڤاڵان زۆر تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندیە هاوبەشانە هەر جەنگاوەرێکی ئاپۆیی تایبەتمەندی کەسی و تایبەت بە خۆیشی هەبوو. بە بێ ئەوەی خۆی بە هەندێک بچوێنێت، بە تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە، بە جۆش و خرۆشی خۆی لە ناو ژیاندا، بەردەوام سەرنجی دەچووەسەر.  کەسێک کە بۆ یەکمجار ئەوی ببینیایە وەک کەسێکی بێدەنگ و کەمدوو دەردەکەوت، بەڵام دوای ئەوەی ئەوی دەناسی، دەکەوتە ژێر کاریگەری هەڵوێستی پڕ و پێوانی ئەو لەناو ژیاندا.

بە شێوەیەکی گیانبازانە ژیا و شەڕی کرد

هەڤاڵ شێخموس تێکۆشانی مێژوویی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی لە نزیکەوە هەست دەکرد و ساڵی ٢٠١٩ بە ئەزمونی دەوڵەمەندی خۆیەوە بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی شەری گەلی شۆڕشگێڕ بکات، تێکۆشان بە پێشەنگایەتی رێبەرمان و شەهیدانی قارەمان زیاتر فراوان بکات، بە پێداگریی و بڕیارداری گەورەوە بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەدی لە ئەستۆ گرت. مەترسی لە سەر رێبەرمان، بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمانی بینی و دەیزانی کە بەهێزترین وەڵام لە بەرامبەر ئەو مەترسیە شەڕی گەریلایە لە باکور، هەربۆیە جارێکی دیکە رووکردەوە سەرحەد. بۆ تێکسکاندنی ئەو کۆنسێپتەی سڕینەوە کە دوژمن لە کەسایەتی رێبەرماندا دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی میراتی ئازادیی رێبەرمان و بە دەیان هەزار شەهیدمان بپارێزێت، بە بڕوا و بڕیارداری بەرەوپێشبردنی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە هەنگاوی نا، هەموو تەکنەلۆژیا و دیوارەکانی دوژمنی تێپەڕاند و جارێکی دیکە خۆی گەیاندەوە سەرحەد. تا ساتی شەهیدبوونی بە ئیمکان و توانای کەمەوە فەرماندەیی و پێشەنگایەتی بۆ شەری گەلی شۆڕشگێڕ کرد. بۆ قووڵبوونەوە لە تاکتیکەکانی گەریلای سەردەمی نوێ هەوڵی زۆری خستەگەڕ. بە ئازایەتی، گیانبازی و هاورێیەتی راستگۆیانەی بووە جەنگاوەرێکی نمونەیی ئاپۆیی. هەڤاڵ شێخموس لە هێڵی زیلاندا هەموو کات هێڵی شەر و ژیانی رێبەرایەتی بۆ خۆی بە بنەما گرت، بە شێوەیەکی گیانبازانە ژیا و شەری کرد. لەبەر ئەوە هەموو کات پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی ئێمە دەکات.

بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئەو دەهێنینەدی

جارێکی دیکە فەرماندەی فیداییمان شێخموس مەلازگر بە رێزەوە یاددەکەینەوە، وەک هاوڕێیانی بەڵێن دەدەین کە وەفادار و پابەندی یادی ئەو بین. ئێمە ئامانجی 'رێبەری ئازاد، کوردستانی ئازاد' کە ئامانجی هاوڕێکەمان بوو بە دڵنیاییەوە دەهێنینەدی. سەرخستنی هێڵی زیلان، سەما، گوڵان، شێخموس دەبێتە بەڵێنی سەرکەوتن و تۆڵەسەندنەوەی ئێمە. تۆ هەموو کات لە تێکۆشانماندا بەبیردەهێنرێتەوە.

*ئەندامی فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەد شێخموس مەلازگر (یڵماز ئۆنەر) ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە چیای ئاگری لە شەڕ لە دژی سوپای تورکی داگیرکەردا شەهیدبوو.

هـ . ب