مەسەدە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دا

مەسەدە ئاماژەی بەوەکرد لە خەباتەکانی بەرەوپێش بردنی دیالۆگی ناوخۆی سووریا بەردەوامە و بۆ داهاتوویەکی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنە چالاکەکان، لەسەر بنەمای بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری، فرەچەشنی و مافەکانی مرۆڤ کار دەکات.

دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکی ئەنجوومەن لەیلا قارەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و پێشهاتەکانی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی سووریا باسی لەسەرکرا.

بەشداربووان ئاماژەیان بەوەکرد کە هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بە پێی ناوەڕۆکی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەم بڕیارە لەبەر چاو نەگیرێت ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە کە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دەبێت نێونەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات کە سیستەمێکی بەڕێوەبردن دابمەزرێت فرەڕەنگی سووریا نیشانبدات و یەکسانی پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە درا کە گەڕانەوەی کۆچبەران و پەنابەران دەبێت سەلامەت و پارێزراو بێت، هەروەها دەبێت ئاوەدانکردنەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت کە لە هەرێمێکدا یان ناوچەیەکدا سنوردار نەبێت، بۆ ئەوەی هەموو سوورییەکان هەست بە هاوبەشی بکەن لە بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکەیان.

بەشداربووان هاوڕابوون کە سووریا پێویستی بە دیالۆگی نیشتیمانیی بەرفراوان هەیە کە هەموو هێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگە تێیدا بەشداربن، بە ئامانجی گەشتن بە بۆچوونێکی یەکگرتوو بۆ داهاتووی وڵات. هەروەها ئاماژە بەوەکرا کە ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتیمانیی چارەسەرێکی زۆر باشە بۆ داهاتووی سووریایەکی دیموکراتیک، فرەڕەنگ لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسان.

بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە چارەسەری بەردەوامی قەیرانی سوریا دەبێت بە پێی خواستی سوورییەکان بێت، نەک لەسەر تێڕوانینی دەرەکی. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە هەر ڕێکەوتن و چارەسەرێکی سیاسی بە پلەی یەکەم دەبێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا بکات نەک بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی یان ئەکتەری نێودەوڵەتی.

مەسەدە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەنجوومەنی خەباتەکانیان بۆ سووریایەکی دیموکراتیکی فرەڕەنگ، لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری، بەردەوامە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە مەسەدە لە خەباتوکانی بۆ بەرەوپێش بردنی دیالۆگی ناوخۆیی سووریا بەردەوامە و بۆ داهاتوویەکی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنە چالاکەکان، لەسەر بنەمای بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری، فرەیی و مافەکانی مرۆڤ کار دەکات.