بە دیمەن

لە قامیشلۆ و ڕەقە ناڕەزایەتی: بکوژی ژنان قبووڵ ناکەین

ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر هەبوونی بکوژانی ژنان لە ئیدارەی دیمەشق.

 

لە شاری قامیشلۆ بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار سەدان ژن دژی بەشداربوونی چەتە حاتەم ئەبو شەقرا کە بکوژی سکرتێری گشتی پارتی سوریای ئایندە هەڤرین خەڵەفە، لە ئیدارەی نوێی سوریادا، ڕێپێوانیان کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی هەڤرین خەڵەف و شۆفێرەکەی فەرهاد ڕەمەزان بەرزکرایەوە کە ١٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەسەر ڕێگەی M4 لەلایەن چەتەی ئەحرار ئەل شەرقیە حاتەم ئەبو شەقراوە شەهیدکران. هەروەها پانکارتی "بکوژانی ژنان جێگەیان لە سوریای دیموکراتدا نابێتەوە" و "بکوژانی ژنان نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن" و "نا بۆ کوشتنی ژنان" هەڵگیرا و درووشمی "بژی بەرخۆدانی یەپەژە" و "ژن ژیان ئازادی" و "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرایەوە.

پاش وەستانی ڕێپێوانەکە، دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، سوعاد موستەفا گوتی: "چۆن دەبێت بکوژان لەنێو دەسەڵاتی دیمەشقدا جێبگرن؟ ئێمە قبووڵی ناکەین کە بکوژان لەنێو دەسەڵاتدا بن".

سوعاد مستەفا ئاماژەی بەوە کرد چەتە ئەبو شەقرا لە بۆسەیەکدا کچەکەی وی بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکردووە، تاوەکو ترس بخەنە دڵی ژنانی پێشەنگ، گوتی: "بەڵام ئێمە کۆیلایەتی قبووڵ ناکەین، بکوژانی ژنان لە سوریادا قبووڵ ناکەین".

سوعاد موستەفا ڕایگەیاند ئەل جۆلانی بێ وەرگرتنی رای گەل خۆی کردووە بە سەرۆکی کاتی سوریا، جەختی کردەوە ئەو دەسەڵاتی دەستی بە خوێنی ژنان و سورییەکان سوورە و بووەتە پاشکۆی ئەردۆگان نوێنەرایەتی ئەوان ناکات، گوتی: "ئەو دەسەڵاتەی دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نانێت، قبووڵ ناکەین".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار شیراز حەمۆ قسەی کرد و بانگەوازی کرد بۆ پاراستنی ژنان.

ڕەقە

نووسینگەی ژنانی پارتی سوریای ئایندەی ڕەقە بۆ هەمان مەبەست لە پارکی شەهید خەڵەف ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەشداربوونی چەتە حاتەم ئەبو شەقرا لە مەراسیمە سیاسییەکەی دیمەشق شەرمەزار کرا و ڕاگەیاندرا ئەمە بێڕێزییە بە خوێنی خەڵکی سڤیل و هاوکاریکردنی بکوژ و تاوانبارانە.

هەروەها جەختکرایەوە بێ لێپرسینەوە لە تاوانباران ئاشتی نایەتەدی و دەبێتە چەتەکە ڕەوانەی دادگا بکرێت.

لەکۆتاییدا گوترا: "بەڵێن بە شەهیدان دەدەین، تا بنیاتنانی سوریایەک بە ئیرادەی ژنان و هەمەڕەنگ، تێدەکۆشین".