بابەتی گرنگ

قەرەسوو: سڵاوەکەی باخچەلی بە مەبەستی شەڕی تایبەتە

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە موستەفا قەرەسوو: سڵاوەکەی باخچەلی بە مەبەستی شەڕی تایبەتە و هەوڵدانی بە پێچەوانەکردنەوەی ئەمە مانای تێنەگەیشتنە لە سیاسەتی قڕکردن و ڕاستی دەوڵەتی تورکە.

موستەفا قەرەسوو

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە موستەفا قەرەسوو بەم شێوەیە:

وەک تەڤگەر هەمووکاتێک ئەم هەڵسەنگاندتان کردووە؛ 'بە هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورکی فاشیست نەیتوانیوە لە گۆڕەپانی شەڕدا ئەنجام وەربگرێت، پەنادەباتە بەر فشار و ستەم لەسەر گەلی کورد؛ لە دەرنجامی ئەمەدا کۆمەڵگەی تورکیا زیاتر دادەتەپێت.' ڕۆژ بە ڕۆژ قەیران و گەندەڵییەکان زیاتر دەبن، لە توانای کۆمەڵگەدا نەماوە. ئۆپۆزسیۆنی تورک ئەم دۆخە بە ئابووریەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕێباز و لێکدانەوەیە چەندە درووستە و ئایە دەتوانێت ببێتە چارەسەری؟

دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی تیکۆشانی ئازادی گەلی کورد شەڕ بەڕێوەدەبات. لە ڕووی شەڕی تایبەتیشەوە بە شێوەیەکی قێزەون ئەم شەڕە بەردەوام دەکات. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠دا بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی کورد هەموو جۆرە ڕێگەیەکی قێزەونی بەکارهێنا و بڕیاری شەڕی تایبەت دەرچوێنرا. بەهەزاران گوند سوتێنران و تاوانی کوشتوبڕی سیاسی ئەنجامدا کە ١٧ هەزار کەس تاوەکو ئێستاش ونن. بە دەیان هەزار مرۆڤ دووچاری ئەشکەنجە بوویەوە و بە هەزارانی خستە زیندانەوە. تانسۆ چیللەر، دۆغان گورەش و محمەد ئاگر سیمبوڵی شەڕی تایبەتی ئەو سەردەمەن. لەو سەردەمەدا دووژمنایەتیکردنی لە کوردان، پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ لە لوتکەدا بوو. لەو ساڵانەدا تێگەی کرێ-خۆری دەرکەوت. هەر کەس و لایەنێک دووژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و کوردانی بکردبایە سوودی لە ئابووری وەردەگرت و لە نێو کۆمەڵگەدا ڕێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەستەهێنا. دووژمنایەتیکردن لە کوردان ئەوەندە پەرەپێدرابوو کۆمەڵگە نەیدەتوانی بە ئاسایی بیرکاتەوە و تێبگات. ئەوەندە شۆڤێنیزم و دووژمنایەتیکردنی کوردان لە کۆمەڵگەی تورکیادا بڵاوببوەوە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و ویژدانی نەمابوویەوە. تەنانەت کەسانی بواری هونەری و کلتوریش بەو شەڕەوە تلابوون و پیسببوون. تاوەکو ئێستاش لە بیرمە کەسێکی وەک ئەحمەد کایە کە لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ناوبانگی هەبوو، کاتێک وتی گۆرانییەکی کوردی لە نێو کاسێتەکەمدا بەرهەم دەهێنم، دووچاری هێرش بوویەوە. ئەو دۆخەی کە هونەرمەندانی تێکەوتبوو بەرهەمی شەڕی تایبەت و گەندەڵییەکانی ساڵانی نەوەدەکان بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٠دا وتبووی لە تورکیادا دەوڵەت و کۆمەڵگەش ڕزیوە.

بەشێکی زۆری شەڕی دژ بە تەڤگەری ئازادی کورد هەمیشە بە شەڕی تایبەت بەڕێوەچووە. شەڕی سەربازی لە بنەڕەتدا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بەم شەڕە تایبەتە سەیر دەکرێت. بێ گومان لە ساڵی ٢٠١٥ەوە شەڕی سەربازی و شەڕی تایبەت پێکەوە بەڕێوە دەچێت. سەختترین شەڕی تایبەت لە مێژووی تورکیادا دوای ڕێککەوتنی دەوڵەت باخچەلییە کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٥ لەلایەن ئەردۆغانەوە بە نەبوون دادەنرا، هەروەها سەختترین شەڕ لە مێژووی تورکیادا لەگەڵ سەختترکردنی گۆشەگیری لە دوای ٥ی نیسانی ٢٠١٥ەوە بەرێوەبرا . دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، ئاکەپە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەدا پێکهێنا و ئەم شەڕە تایبەتە بەبێ سنوور بەڕێوەچوو. لە ساڵانی نەوەدەکاندا حیزبوڵا بەکارهێنرا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە داعش بەکارهێنرا. دوژمنایەتی لە دژی کورد لە ساڵانی نەوەدەکانەوە قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە. لە کاتێکدا لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە شێوازی توندتر و بەچەند جۆرێک بەکاردەهێنرا، لە دوای ساڵی ٢٠١٥ شێوازە پیسەکان بە شێوەیەکی ڕیزبەندی زیادیان کرد. لە هەموو جێگەیەک لە دژی کوردان بەکاردەهێنرا. لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ڕۆژانە دەیان سیاسەتمەدار دەستگیر دەکران. پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانی... دەستگیرکران کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نابینرێت. سلێمان سۆیلو بە وتنی پەکەکە پارتێکی ژنانە، ئەو ژنە سیاسەتمەدار و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان تیرۆر دەکران، بە هەزارانیان ڕاگیراون و ژنانیش زیندانی کراون بە ژمارەیەک کە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی جیهاندا بوونی نەبووە. شەڕێکی قێزەونیان لە سەر گەنجان دەستپێکرد. بە پەرەدان بە مادەی هۆشبەر لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بەسە گەنجان و ژنانی کورددا بڵاوکرایەوە بەمەبەستی ئەوەی بەشداری سیاسییان نەبێت. کایەکانی وەرزش و بەتایبەت تۆپی پێ بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنراوە. لە تورکیادا هونەر و کولتوور بە شێوەیەک بەڕێوەدەبران کە هەستی میلیتاریستی، شۆڤێنیستی و ناسیۆنالیستی بەرەوپێش دەبات. هەوڵێک دراوە بۆ دروستکردنی هۆشیارییەک کە شوناس و بیروباوەڕی جیاواز لەبەرچاو نەگرێت.

کورد و گەلانی دیکەی تورکیا هەزاران ساڵە پێکەوە دەژین. وێڕای ئەمەش لەبەرئەوەی کورد خاوەنداری ناسنامە، زمان و چاندی خۆیکرد وەک دووژمن سەیرکرا. ئەو کوردانەی کە لە گەورەشارەکانی تورکیادا پێکەوە دەژیان وەک دووژمن تەماشاکران. بە هۆی قسەکردن و گۆرانی کوردییەوە کوردان دووچاری هێرش دەبوونەوە. تاوانکردن لە دژی کوردان ئاسایی دەبینرا و بێ سزا دەمایەوە. لە دژی کوران هەموو جۆرە هێرشێکی نەژادپەرستی دەکرا. لە کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرەدا کە بەو شێوەیە بڕاونرێتە دراوسێکەی و بە گەلێک کە هەزاران ساڵە پێکەوەدەژین، ئایە ئەخلاق و ویژدان دەمێنێتەوە؟

دوژمنایەتی کورد و بەکارهێنانی هەموو جۆرە شێوازێکی پیس و قێزەوون لە دژی تەڤگەری ئازادیی کورد هەموو کۆمەڵگای کردۆتە بەشێک لەو شەڕە پیسە. لە نێو خەڵکی مەدەنیدا زۆر کەس خۆیان وەک سەربازی ئەم شەڕە بینیوە. دەسەڵاتی ئاکەپە–مەهەپە چەمکێکی وا ئەرکداری لە کۆمەڵگادا دروست کردووە. دوژمنایەتی دژی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت ئەوانەی وەک ئاکەپە–مەهەپە لە کورد ناڕوانن، دژایەتییان دەکرێت، ئەوان بە خائین و لایەنگری پەکەکە ناوزەد کراون. سەرەتا تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لە هەموو وتارێکدا هێرش دەکەنەسەر کەسانێک کە سەر بە ئەوان نین، بەم شێوەیە لە نێو کۆمەڵگەدا پەرە بە بەربەریزمێک درا کە شێوەی نیە لە جهیاندا. بنکی ئاکەپەش لەم بەربەریزمەوە سازێنراوە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئاکەپە و زیانەکانیان لە دوایین هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان.

نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزم کۆمەڵگای تێکداوە. زمان و شێواز و میتۆدی نەتەوەپەستی و شۆڤێنیزم توندوتیژیی و عەقڵیەتی پیاوە. لە وڵاتێکی وادا کە ئەوەندە بەربەرێیەت دروست بووە، بە دڵنیاییەوە هەمووان لەدژی یەکتر دەوەستنەوە. گەر توندوتیژی لە کۆمەڵگادا هەبێت، ئازاردانی ژنان، دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان، هۆکارەکەی حوکمڕانی ئاکەپە-مەهەپەیە، بەتایبەتی سیاسەتەکانیان لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا. هەرخۆی ئەمە لە بونیادی ئاکەپەدا هەیە. ئاکەپە بە تەواوی گۆڕاوە بۆ مەهەپە. زمان و شێواز و سیاسەتەکانیان کۆمەڵگایەکی دروستکردووە کە مەیلی توندوتیژی و بینینی کەسی بەرانبەر وەک دووژمن ئافرێندراوە. چونکە ئاکەپە-مەهەپە جگە لە خۆی حیساب بۆ هیچ هێز و سیاسەتمەدارێکی دیکە ناکات، بەم شێوەیە کۆمەڵگایان لە چێوە داوە.

لە کاتێکدا لە نێوە کۆمەڵگەدا هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان بەڕێوەدەبرێت، هۆکارەکەی ئابووری نیە. زیاتر لە ١٠ ساڵە کێشە ئابووریەکان بەم شێوەیە بەردەوامی هەیە. لە بنەمادا ئەوەی پەرە بەم قەیرانانە دەدات سیاسەتەکانی دەسەڵاتداری، دەڵەت و عەقڵێتی پیاوسالارییە. بە زیادبوونی مەیلی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیزم مەیلی توندوتیژی زیاتربووە. بێگومان چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی تورکیا پەیوەستە بە چارەسەری پرسی کوردەوە. پیادەکردنی شەڕی تایبەت لە دژی کوردان کۆمەڵگەی داڕزاندووە. شەڕێکی لەو جۆرەیە کە لە هیچ ویژدان و پێوەرێکی مرۆڤایەتییدا جێگەی نابێتەوە. وە ئەم شەڕە بە گوێرەی یاسا بنەڕەتییەکانیش ناجوڵێتەوە. دەستورو یاساکانیانیش جێگەی ئەم شەڕەی تێدانابێتەوە. ئەوانەی چاویان لەم شەڕە تایبەتەی دژ بەکوردان داخستووە بێگومان دەبنە هاوبەشی شەڕەکە. پێویستە دیموکراتیک و سیاسەتمەدارانی تورکیا ئەم حەقیقەت ببینن؛ لەم ڕووەوە تێبکۆشن.

جەهەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا بوو بە پارتی یەکەم و چاوەڕوانیەکی لە کۆمەڵگەدا دروست کرد. بەڵام ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی لێدەکرد چ ڕۆڵێکی لە سیاسەتی تورکیادا هەبووە؟

هۆکاری ئەوەی کە جەهەپە ببێتە پارتی یەکەم لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا، کاردانەوەی گەل بوو بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە ماوەی ١٠ ساڵی دەسەڵاتداریدا. هەروەها ئەو سیاسەتانەی کە جەهەپە پەیڕەوی لێدەکات، ئەو ناکۆکیانەیە کە هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە لە نێو کۆمەڵگادا دروستیان کردووە، ئەم ئەنجامەی بەدوادا هێنا. ئەو سیاسەتە دژە کوردانەی کە حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامی دا، کاریگەری لەم ئەنجامدا نیشاندا.

کوردان لەدوای کوردستان لە مەڕمەڕە، چوکرۆڤا، ئیجە و ئاکدەنیز پەرەیان سەند. لە هەمان کاتدا ئەم شوێنانە لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی تورکیا دیاری دەکەن. ئێستا کورد بووەتە هێزێکی کۆمەڵایەتی لەو شوێنانە کە کاریگەری لەسەر پێشهاتە سیاسییەکان هەیە. جێگای کورد لەو ناوچانە لە ئاستێکی گرنگدایە لە ڕۆڵی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد. لە بنەڕەتدا جەهەپە بووە پارتی یەکەم لە هەڵبژاردنەکاندا. لەم ڕووەوە هێزەکانی دیموکراسی بە کوردیشەوە چاوەڕانیەکی زۆریان لە جەهەپە بوو، تا ئەو ڕاستییە و هەڵوێستەکانی لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا جێبەجێ بکات. بۆیە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێ دیموکراتیزە بوون دەست پێبکات ئەگەر سیاسەتێک بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێش نەخات.

جەهەپە بە مەبەستی تێپەڕاندنی کێشە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تورکیا، گرنگی خستە سەر کێشە ئابوورییەکان. بە دڵنیاییەوە ئابووری کێشەیەکی جددی تورکیایە. جگە لە چینی مامناوەند و دەوڵەمەند، هەژارییەکی بەرفراوان لە تورکیا دروست بووە. تێدەگەین کە جەهەپە گرنگی بەم کێشەیە دەدات. بەڵام ئەوەی لە بنەڕەتدا هۆکاری کێشە ئابوورییەکانە، سیاسەتی شەڕخوازانەیە لە دژی کورد. تەیب ئەردۆغان وتی: "ئێوە نرخی فیشەکێک دەزانن. بەشێکی زۆری ئەو بۆمبانەی کە بەسەر شاخەکاندا دەبارێت لە دەرەوە دەکڕدرێن. جگە لەوەش شەڕ تێچووی زۆری هەیە. دەیان هەزار چەتەیان کۆکردووتەوە و بەخێویان دەکەن. سەرچاوەکانی داهات بۆ شەڕی تایبەت بەکار دەهێنن. دژ بە کورد بەرتیل بە زۆر حزب و خەڵک و وڵاتانی دەرەوە دەدەن. بە کورتی شەڕی کورد هۆکاری سەرەکی کێشە ئابوورییەکانی وڵاتە.

جەهەپە هۆکاری سەرەکی کێشە ئابوورییەکان ناداتە بەر چاو. بەشێکی گرنگی کاردانەوە کۆمەڵایەتیەکان بەرامبەر ئاکەپە – مەهەپە دەگەڕێتەوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، نادادپەروەری، نایەکسانی و حیزبایەتی. کۆمەڵگا چاوەڕێی جەهەپە بوو کە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا هەنگاو بنێت. جەهەپە لەم بابەتەدا بەس لە تێوریدا ماوەتەوە. سەبارەت بە پرسی کورد سیاسەتێکی داڕشت. بۆ نموونە دەیتوانێ بۆ چارەسەری کێشەی کورد و هەڵسەنگاندنی ئەم پرسە لە پەرلەمانەوە دەست پێ بکات، داوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بکات. پەرلەمانێک کە بەشداری لە پرسێکی وەها گرنگدا نەکات، دەتوانێت بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا بکات؟

لەلایەکی دیکەوە لەبری شەڕکردن لە دژی سیاسەتەکانی ئاکەپە- مەهەپە کە کۆمەڵگا لەدەستی بێزارە، سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە سیاسەتی ٢٠ساڵەی دەسەڵاتداریان وەک شتێکی ئاسایی دەبینێ. جەهەپە بە سیاسەتی بەناو ئاسایی بوونەوە دیسان هەناسە بە حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە دەدات کە ماوەی نۆ ساڵە خوێن بەسەر خەڵکی تورکیادا دەڕێژێت و کۆمەڵگا لە دژی یەکتر بەکار دە‌هێنێت و ناعەدالەتیەکانی دەسەڵات ئاسایی دەکاتەوە. ئێستا میتۆدی نوێی جەهەپە داوای لە ئەردۆغانیش کردووە. ئەردۆغانیش شکستەکەی لە هەڵبژاردندا تێپەڕاند و دیسان دەیەوێت دەستپێشخەری بخاتەوە دەستی خۆی.

بە دڵنیاییەوە دۆخێکی تێگەیشتووە کە جەهەپە بانگەوازی ئاکەپە دەکات و دەیەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەگەر وەک لایەنی یەکەم لە تورکیادا بمێنێتەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ڕێبازێک لە سیاسەتێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات. ئەگەر جەهەپە لە نەخشە کۆنەکانیدا قەتیس نەمێنێ، لەوە تێدەگەین کە داوا لە ئاکپارتی بکات. بەڵام بە هەڵوێستەکانی ئەردۆغان، سیاسەت و کردارەکانی ئاسایی دەکاتەوە. بە سیاسەت و قسەی دروست دەتوانێت بگات بە ئامانجەکەی. جەهەپە بە ئاساییکردنەوەکانی ئاکەپەی بەدەست نەهێناوە. بە پێچەوانەوە یارمەتیدەری ئەردۆغان بووە لەوەی ئەم بناغەیە بەدەست بهێنێت.

بەکورتی جەهەپە نەیتوانی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا وڵام بداتەوە. دیموکراسی تەنها بە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و سەپاندنی نادیموکراتیک بەدەست دێت. وەک وتم بە داوا کردن دیموکراتیزەبوون ڕوونادات. جەهەپە بە ڕێبازە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانیەوە هەڵوێست و ئیرادەی خۆی نیشان نەداوە بۆ ئەوەی لە دیموکراتیزەکردنی تورکیادا ڕۆڵ بگێڕێت.

بێگومان بارودۆخی لایەنە دیموکراتیک و چەپەکانی تورکیا و کوردستان کە ئێمە پێی دەڵێین ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، زۆر گرنگە. کاتێک فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بە خێرایی گوشار و چەوساندنەوە زیاد دەکات، ئایا پارتە دیموکراتیک، چەپ، سۆسیالیستەکان و هەموو بندەستان دەتوانن لە هەمان ئاستدا تێکۆشانیان لە دژی ئەمە بەرز بکەنەوە؟

ئەوە ئاشکرایە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، ڕێکخستن و تێکۆشانی هێزە دیموکراتیکە کوردییەکان و هێزە سیاسییە دیموکراتیکەکانی تورکیا و لایەنە چەپەکان یەکلاکەرەوەیە. لە بنچینەی چارەسەری کێشەی کورددا، پێویستە هێزە دیموکراتیکە ڕادیکاڵەکان و بە تایبەتی هێزە دیموکراتیکە چەپەکان ئاستی دیموکراتیزەکردنی تورکیا دیاری بکەن. وەسف و ئاستی قسە و هەنگاوی هێزە سیاسییەکانی ناو سیستم بۆ دیموکراتیزەکردن پەیوەستە بە تێکۆشان و هێزیدەسەڵاتی ڕێکخستنی هێزە دیموکراتیکە ڕادیکاڵەکانەوە. هەڵەیە چاوەڕوانی هەنگاوی گرنگ بۆ دیموکراتیزەکردن و چارەسەری کێشەی کورد لە جەهەپە یان هەر هێزێکی سیاسی دیکەی ناو سیستەم بکرێت. لەبەر ئەوە لە تورکیا سنوورەکان دیاری کراون، چەمکێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ١٠٠ساڵە دانراون.

هەرچەندە بەپێی پێشهاتە ئابوری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکانی تورکیا، مەیل و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورانە لە هەندێک بابەتدا هەیە، بەڵام ئێستا هیچ لایەن و هێزێکی سیاسی نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە ئایدیۆلۆژی-سیاسیانە لە دیمۆکراتیزەکردنی تورکیا. بێگومان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە ئایدیۆلۆژی و سیاسیانەی کە پێشتر باسمان کرد لە پلەی یەکەمدا سۆسیالیستەکان هەنگاوی گرنگیان ناوە. بەڵام هێزە چەپەکان کە لە ١٢ی ئەیلولدا هێزەکانیان لەناوبران، تا ئێستاش لە پێناو یەکڕیزی و بەهێزکردندا تێدەکۆشن.

بێگومان بزووتنەوەی ئازادی کورد و هێزە سیاسییە دێموکراتیکەکانی کورد، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە مانەوە و ڕاگرتنی هێزە چەپ و دێموکراتیکەکان. هەرچەندە لەبەر ئەوەی هێزە دیموکراتیکە ڕادیکاڵەکانی تورکیا هێشتا بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ دیموکراتیزەکردن جێبەجێ نەکردووە و لەسەر ئەم بنەمایەش نەتوانراوە کاریگەری خوازراو نیشان بدەن، لەکاتێکدا لە تورکیا یەکیان گرتووە و نەریتی تێکۆشانی چەپ و دیموکراتەکان بەهێزە. ئەگەر پلاتفۆرمێکی تێکۆشانێکی هاوبەش دابمەزرێنن پەرەسەندنی سیاسی لە تورکیا دیاری دەکەن. دەسەڵاتی سیاسی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە سەرهەڵدانی هێزێکی وەهادا. تێکۆشانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە هەوڵی تێکۆشانێکی هاوبەشدا بووە لەگەڵ هێزە دێموکراتیکە ڕاستەقینەکانی تورکیا، بۆیە بزووتنەوەکەمان لەو باوەڕەدایە تورکیا بەم شێوەیە دێموکراتیزە دەبێت.

دووبارە جەخت لەوە دەکەینەوە کە؛ هێزە دێموکراتیکەکانی تورکیە بە بێ تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکانی گەلی کورد ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. به هەمان شێوه هێزه دێمۆکراتیکه کوردەکان به بێ هاوپەیمانی و تێکۆشانی هاوبەش له گەڵ هێزه دیموکراسییەکانی تورکیادا ناتوانن له سەر بنەمای چارەسەری پرسی کورد له هەلومەرجی ئێستادا بگەنە دیموکراسی. ئەوە تێکۆشانی هاوبەشە کە هێزە سیاسییەکانی تری تورکیە بەرەو دیموکراتیزە بوون کۆدەکاتەوە.

ئەم یەکگرتوویی و هاوبەشییە لە بنەڕەتدا دەبێت هاوبەشییەکی تێکۆشەرانە بێت. بێگومان بەو پێیەی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە تێکۆشانی دیموکراتیزەکردن، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا گرنگە. هەوڵی نکۆڵیکردنی هاوپەیمانی لە بەرەی تورکیا-کورددا هەیە. ئەمانە ڕوانگەی ناراست و ڕێبازی سەرتایین. هەندێک هەڵوێستی سۆزداری و کاردانەوەن. ئەوانەی نایانەوێت هێزی دیموکراتیکی کوردی و هێزی دیموکراتیکی تورکیا هاوپەیمانی بکەن، هێزی دژە دیموکراسین. ئەوانەی نایانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکەن، حکومەتی تورکیا و هێزەکانی دەسەڵاتدار و دەزگای هەواڵگری هەوڵی دروستکردنی ئەو جۆرە بیرۆکانە دەدەن. دەزانن تێکۆشانی هاوبەش تێکۆشانی کورد بەهێزتر دەکات و سیاسەتی جینۆسایدی کۆتایی پێدەهێنێت. بۆیە ​​دەیانەوێت کورد گۆشەگیر بکەن. دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی هاوپەیمانی بەهۆی هەندێک هەڵە و کەموکوڕیەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی سیاسی کورد. لە ئەنجامدا زیان بە تێکۆشانی گەلی کورد دەگەیەنێت.

لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیادا، مەرحەبای سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ نوێنەرانی دەم پارتی مشتومڕی لەسەر ئەوە دروست کرد کە ئایا دەتوانرێت پرۆسەی چارەسەری نوێ دەست پێ بکاتەوە یان نا. ئەم بارودۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

بۆچی سەرۆکی مەهەپە کە دوژمنی کوردە و جگە لە جینۆسایدی کورد و کردنی کوردستان بۆ ناوچەیەک بۆ فراوانکردنی نەتەوەپەرەستی تورک هیچ سیاسەت و ئامانجێکی نییە، مەرحەبای ئەندامانی دەم پارتی کرد؟ دەزانرێت حکومەتی باغچەلی چی گوتووە بە دەم پارتی، سەبارەت بە سیاسەتی دیموکراسی کورد. هێڵی سیاسی مەهەپە ڕوونە ئەوەیە کە تا ئێستا وتوویەتی. کەواتە بۆ مەرحەبای داوە؟ دەوڵەت باغچەلی هۆکاری مەرحەبا کردنەکەی خۆی ڕوون کردەوە. ڕوونە کە ئەم پاساوە ڕاست نییە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە کردنەوەی پەرلەمان لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە باغچەلی کەوتووە. لەم کۆبوونەوەیەدا سیاسەتێکی نوێ یان باشتر بڵێین یارییەکی نوێ لە دژی دەم پارتی یەکلایی کراوەتەوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەردۆغان ئەم یارییەی داڕشتووە و بە حکومەتی باغچەلی سپاردووە. بەو پێیەی ئەردۆغان، باغچەلی و مەهەپە باش دەناسێ، پێشنیارێکی کردووە و باغچەلی قبووڵی کردووە. دەکرێ بڵێین ئەمە پلانێکە کە هێڵی مەهەپە بە ئارەزووی خۆی قبوڵ کردووە. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کۆنسەی کەجەکەمان، بەسێ هۆزات، ئەمەی بە دەستپێکردنی یارییەکی نوێ بەهۆی کارەکتەری، سیاسەت، کردەوەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە و ئەو سیاسەتە جینۆسایدانەی کە تا ئێستاش پێداگری لەسەر دەکەن، هەڵسەنگاند.

پاش ئەم دەستدانە، لە هەندێک لایەنەوە دەوترا کە هاوپەیمانی جومهور پرۆسەیەکی نوێی چارەسەریی لەگەڵ دەم پارتی دەست پێدەکات. دەبێت دەستبەجێ ئەوە بڵێین کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧و ٢٠١٥ هیچ پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری دروست نەبووە. سیاسەت و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەشداری حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە لە پرۆسەی چارەسەریدا لە ئارادا بوو. لەم ڕووەوە ئێمە ئەم ماوەیەمان بە پرۆسەی ‌هێنانی ئاکەپە و دەسەلاتی دەوڵەت بۆ پرۆسەی چارەسەری هەڵسەنگاند. هەموو ئەو وتار، پەیام و بەڵگەنامانەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد و بەم دواییانە رێککەوتنی دۆڵمە باخچە کە لە ٢٨ی شوباتی٢٠١٥ لە هەموو پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەفزیۆنەکاندا پێشکەش کرا، بۆ ئەم مەبەستە بوو. ئەم ڕێککەوتننامەیه پێش بڵاوکردنەوەی پێشکەشی ئێمه کرا، ئێمە وەک بەرێوەبەری بزووتنەوەکەمان پێشنیارمان کرد کە دوو خاڵی یەکلاکەرەوەی تر زیاد بکرێت. کاتێک ئەم پێشنیارەیان وەرگرت ڕێبەر ئاپۆ وتی، ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە بەسە، هەرچەندە هەندێک کەس نازانن بەڵام قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ مەبەست ڕەخنە له ڕێککەوتننامەکە و بەکەم زانینی نەبوو، ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بەم ڕێککەوتننامەیە ئاکەپە و دەوڵەت بخاتە ناو پرۆسەی یەکلاکردنەوەوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەردۆغان و بەرپرسانی دەوڵەت کە لە پەیوەندیدا بوون ڕێککەوتنەکەیان ڕەت کردەوە لەبەر ئەوەی لە چارەسەری تێنەگەیشتن. پێشتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بڕیاری وازهێنان لە پلانەکە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درا کە هەندێک دەڵێن پەکەکە کۆتایی بەو پرۆسەیە هێناوە، ئەوە بەتەواوی ڕاست نییە.

ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان لەگەڵ چارەسەرێکی مەعقولدا بوون. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان زمان و شێوازێکی زۆر وردیان بەکارهێنا. بە ڕێبازێک مامەڵەی کرد بۆ هاندانی حکومەت و ڕای گشتی و دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

بێ گومان بزوتنەوەکەمان و سیاسەتی دیموکراتیکی کورد و هێزه دیموکراتیکە ڕاستەقینەکانی تورکیا بەردەوام له گەڵ چارەسەری سیاسی دیموکراتیکی گونجاو بۆ کێشەی کوردن. لەگەڵ هەر هێزێکی سیاسیدا کە داوای چارەسەری دەکات لە پەیوەندیدایە. سەرەتا ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا. کاتێک واقیعی تورکیا و سیاسەتی سەد ساڵەی تورکیا لەبەرچاو دەگیردرێت، دەبینین تەنها ئەو کەسانە دەتوانن ئەم هەنگاوە بنێن کە عەقڵیەتی دیموکراتیکیان هەیە. لە تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ئێستادا عەقڵیەتی دیموکراتێک بوونی نییە.

ئاکەپە لە ساڵی ٢٠٠٢ بە کۆمەڵێک گوتاری دیموکراسی هاتە سەر دەسەڵات. بەو پێیەی لە ڕابردوودا بازنەکانی ئیسلامی لە ژێر فشاردا بوون، لە نێویاندا کەسانێک هەبوون کە مەیلی دیموکراسییان تێدا دروست بوو. پێویستە بزانرێت کە ئەو پرۆسەیەی کە ئاکەپەی هێنایە سەر دەسەڵات، کودەتا سەربازیەکەی ١٢ی ئەیلول بوو. ئەو کاتە بڕیاردرا ئیسلامی سیاسی بەشداری ناو حکومەت بێت بۆ ئەوەی خواستی گەلی کورد بۆ ئازادی بەتەواوی لەناو ببات و کورد بەتەنها بمێنێتەوە و بخرێتە گۆشەگیرییەوە. بە واتایەکی تر بۆ پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەت بۆ تەواوکردنی جینۆسایدی کورد ‌هێنرانە ناو سیستمەوە. ئەم سیاسەتە نابێ لە ھەڵسەنگاندنی ئاکەپە و ئیسلامی سیاسیدا لەبیر بکرێت.

لە سەردەمی بەشداربوونی ئاکەپە و ئیسلامی سیاسی لە حکومەتدا، دژایەتی و بەرخۆدان لە لایەن هەندێک ناوەندەوە ڕوویدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​حکومەتی ئاکەپە بە پێویستی زانی بانگەوازی خواستەکانی گەل بۆ دیموکراسی وەک ئامرازێک بەکار بێنێ، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئاستەنگیانە تێپەڕێنێت. پەیامی نەرمیشی بە کورد دەدا. جگە لەوەش، بەو پێیەی کێشەی جێگیربوونی تەواوەتی لە دەسەڵاتدا هەبوو و ململانێی بەهێزی لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کوردستان وەک حکومەت لاوازی دەکرد، لە ڕێگەی نێوەندگیری جۆراوجۆرەوە داوای هەڵگرتنی شەڕی کرد. هەرچەندە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی کاتیەوە بە دروستی نەزانی، بەڵام ئەم دۆخەی قبوڵ کرد بۆ ئەوەی حکومەت بخاتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە. سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە بوو و زۆر کاریشی لەسەر کرد. بەڵام بەو پێیەی ئەردۆغان و حکومەتی ئاکەپە متمانەیان دروست نەکرد، سەرەنجی خستەسەر بەهێزکردنی هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیە بە هێزە دیموکراتیکەکانی کوردیشەوە. پرۆژەی خەباتی هاوبەش بۆ گەیاندنی هێزەکانی دیموکراتیکی کورد و تورکی پێشکەش کرد. لەم بوارەشدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە. ئەردۆغان لە پرۆسەی چارەسەریدا ڕێککەوتنی دۆڵمە باغچەی ڕەتکردەوە کە هەنگاوێکی گرنگ بوو. ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە بە مانای ڕاگەیاندنی شەڕ بوو لە دژی بزووتنەوەی ئازادی کورد و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان بوو. 'پلانی شکست ' لە ڕاستیدا لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ ئامادە کرابوو. هەروەها ڕێککەوتنی دۆلمە باغچە لەو چوارچێوەیەدا ڕەتکرایەوە.

ئێستا کێ پێی وایە حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە کە ماوەی ٩ ساڵە شەڕێکی گڵاوی جینۆسایدی بەڕێوە بردووە، پرۆسەی چارەسەری پەرەپێدەدات! ئایا مەهەپە بە تەواوی وازی لە حیزبایەتی و ئامانجەکانی هێناوە؟ کێ دەتوانێ بڵێت مەهەپە دەستبەرداری ئامانجی جینۆسایدی کورد بووە؟ ئایا ئاماژە و داتا لەبەر دەستە؟

ئایا شتێک هەیە بەقەد چارەسەرکردنی کێشەی کورد جوان و باش بێت بۆ تورکیە؟ بێگومان ئێمە و بزووتنەوەی دیموکراتیکی کورد هەمیشە دەڵێین لەگەڵ چارەسەری دیموکراسیداین. ئەگەر ئەم قسانە نەڵێن دژایەتی خۆیان دەکەن. بۆیە ناتوانرێت بە شێوەیەکی لۆژیکی ڕوون بکرێتەوە کە هەندێک کەناڵی ئۆپۆزسیۆن وەک ئەوەی پرۆسەی چارەسەری شتێکی خراپە موناقەشە دەکەن. باسکردنی پڕۆسەی چارەسەری بە شێوەیەکی نەرێنی بەبێ باسکردنی لایەنە باش و خراپەکانی بۆ گەلی کورد و هێزە دێمۆکراتیکەکان دژ بە گەلی کورد دادەنرێت. باسی ئەو کەناڵانەی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن ناودەبەن دەتوانێ بەم شێوەیە بێت. پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ئەمە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا پێویستە، بەڵام عەقڵیەتی مەهەپە و ئاکەپە چارەسەری ئەو بابەتە ناکەن و ئەگەر دەیانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکەن و لەگەڵ کورد ئاشتی بکەن، دەبێ بڵێن بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاو بنێن. ئەگەر دەیانەوێت ماسکی مەهەپە و ئاکەپە هەڵبگرن، پێویستە ئەمە بڵێن. ڕەنگە کورد بڵێت ئەمە پیلانە، سیاسەتەکانی ئێستا ڕوون و ئاشکرایە، تا ئەو سیاسەتانە نەگۆڕدرێن، ئێمە بەشێک نابین لەم یارییە. ڕەنگە بڵێن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە ڕاستیدا بۆ ڕێگرتن لە شەڕی کوردە و بەشێکە لە ئاسانکاری سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی کورد، سەرلێشێواندن و دژایەتیکردنی پەکەکە و لاواز کردنیەتی، هەتا هەنگاوێکی کۆنکرێتی و گۆڕانکاری جددی لە سیاسەتدا نەبینین وا بیر دەکەینەوە. لە ئیمرالی یاسا پێشێل دەکرێت، گۆشەگیری ڕەها جێبەجێ دەکرێت، زیندانەکان بوونەتە مردووخانە، بەهەزاران سیاسەتمەدار لە بەدیل گیراون، ڕۆژانە دەستبەسەری و فشاری هەمە لایەن هەیە. تا ئەو مەرجانە نەگۆڕدرێن، نیەتی دڵسۆزانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕوون نابێتەوە.

کورد دەتوانێت هەڵوێستێکی لەو شێوەیەی هەبێت. بەڵام ئەگەر نەیاران لەسەر بنەمای نەرێنی پرۆسەی چارەسەری موناقەشە بکەن، ئەوە تێگەیشتنێکی دیموکراتیک دروست نابێت. ئەمەش هەڵوێستێکی نادیموکراسیانەیە. لە ڕاستیدا سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە پشتڕاست دەکرێنەوە.

لە ڕاستیدا گرنگە لەم پرۆسەیەدا چ هەڵوێستێک بگرینەبەر. هەروەها دەردەکەوێت کە ئاراستەی سیاسەتەکانی جەهەپە چۆن دەبێت. جەهەپە دەتوانێت دەستپێشخەری بکات و بە ڕوونی بڵێت؛ "ئەگەر چارەسەری بۆ کێشەی کورد بکرێت، ئێمە پشتیوانی دەکەین". ئەمەش بە واتای دەستپێشخەریکردنە لە پرسی کورددا. هەروەها جەهەپە دەخاتە سەر هێڵی دیموکراتیکی ڕاستەقینە. بەم شێوەیە قەد ناتوانن تۆمەتباری بکەن بەوەی 'ئێوە لایەنی جوداخوازەکانن' و دژ بە جەهەپە تۆمەت بەکار بێنن. بە پێچەوانەوە سیاسەتی بە تۆمەتبارکردنی ئۆپۆزسیۆن کۆتایی پێ دێت، بۆیە جەهەپە دەتوانێت خۆی لە چارەسەری کێشەی کورددا دەستپێشخەری بکات. بۆیە سیاسەتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ تاوانبارکردنی ئۆپۆزسیۆن و سەرقاڵکردنی کورد پووچەڵ دەبێتەوە. گەورەترین بەربەست بۆ ئەوەی جەهەپە ببێتە پارتێکی سۆسیال دیموکراتی ڕاستەقینە، ڕێبازی تۆمەتبارکردن و سەرکۆنەکردنی مەهەپە – ئاکەپە و هەندێک لایەنی دیکەیە کە ڕێگری لە جەهەپە دەکات لەسەر پرسی کورددا سیاسەت بکات. جەهەپە بە کەڵک وەرگرتن لە پەیامەکانی ئاکەپە – مەهەپە وەک پارتێک دەتوانێت ئەم دۆخە تێپەڕێنێت و ببێتە پارتێکی سۆسیال دیموکراتی ڕاستەقینە. ئەگەر نەتوانێت بەسەر ئەو ڕاستییەدا زاڵ بێت کە هەندێک کەس لە کەناڵە ئۆپۆزسیۆنەکانیدا مشتومڕی نەرێنی لەسەر دەکەن، پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا لەدەست دەدات. واتە، دەکەوێتە ناو ئەو یاری ئاکەپە-مەهەپەوە. هۆکارێکی دیکەی گرنگ کە مەهەپە و ئاکەپە پرسی کوردیان کردووە بە ئامراز، ئەوەیە کە هیچ هەڵوێست و بەرنامەیەکی ڕاستەقینەی دیموکراتیک یان سۆسیال دیموکراتیک لە تورکیەدا نەخراوەتە بەر باس و کارەوە. وەک دەردەکەوێت هێزەکانی چەپ و ئەوانەی خۆیان بە سۆسیال دیموکرات ناودەبەن، لە هەموو جیهاندا ڕوانگەیەکی ئەرێنییان هەیە لەم جۆرە کێشانەدا.

دەوڵەتی تورک بە گشتی شەڕێکی تایبەتی لە دژی کورد دەستپێکردووە. هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە لوتکەی شەڕی تایبەت و گڵاوە لە دژی کورد. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە حکومەتێکی شەڕی تایبەتە. ناتوانین چاوەڕوانی شتێکی ئەرێنی بۆ کورد لە حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە بکەین. ناکرێت مەهەپە لەگەڵ پارتە ناسیۆنالیست و فاشیستەکانی وڵاتانی دیکەی جیهان بەراورد بکرێت. پارتە فاشیستەکانی وڵاتانی دیکەش ئامانج و پلانی دیکەیان هەیە. مەهەپە تەنها یەک ئامانجی هەیە ئەویش گەلی کۆرد لەناو ببات! هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری هەموو گوتار و هەنگاوەکانی دەربارەی مەهەپەوە نەکەین.

هاوپەیمانێتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ دەم پارتی و گۆرەپانی سیاسی دیموکراتیک پلانی داناوە، داوای شتانێکییان لە دەم پارتی کرد و ویستییان بیسەپێنن کە دەم پارتی ئەو شتانەی قبووڵ نەکرد. کاتێک دەم پارتی و هێزە دیموکراتیکەکان قسە و داواکارییەکانیان رەتکردەوە ئەو کاتە وتنی دەستمان (تەوقە) بۆ دەم پارتی درێژکرد، گۆڕەپانمان کردەوە، دەرفەتی سیاسیمان بەخشی، بەڵام بە وەڵام نەدانەوە هێرشکانیان زیاتر دەکەن. ئەو یارییەی بەڕێوەی دەبەن بەم شێوەیە. ئەردۆغان دەربارەی پرسیاری ڕۆژنامەوانێک کە پرسی بۆ ئەم قۆناغە چی هەنگاوێک ئەنرێت، گوتی، 'خۆت وەڵامی ئەمە بدەوە.' کاتێک ڕۆژنامەوانەکە وەڵامی، 'بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو بنرێت ئەم قۆناغە بەردەوامە'ی دایەوە، ئەردۆغان بە وتنی 'وەڵامەکەت دروستە' وەڵامی ڕۆژنامەوانەکەی پەسەندکرد. ئەوەی بیریلێدەکرێتەوە ئەمەیە. هەڵبەت دەبێت هێزە دیموکراسیەکانی کورد بڵێن، ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەری، بەڵام لە پێش هەموو شتێکەوە لابردنی دەرگای ئیمراڵی بەربەستەکانی ئەو ڕێگەیە لادەبات، ئێمەیش پارتێکی نێو تورکیاین، بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دیموکراتیکبوونی تورکیامان دەوێت. بێگومان تا هەنگاوی دیاریکرا و نەگیرێتەبەر، دەبێت بەردەوامی بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆیان لەبەرامبەر دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بدەن. بەم شێوەیە پێویستە یاریەکانی ئاکەپە-مەهەپە ئاشکرا بکەن. لێرەدا دەردەکەوێت کە مەهەپە چۆن حیزبێکە. دەوڵەت باخچەلی پێش چەند رۆژێک هەموو جۆرە ڕقێکی بۆ جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل دەربڕییوە، لە کردنەوەی پەرلەماندا بە ئۆزگور ئۆزەلی وتووە ئەم شتەی وتوومان بە گوێرەی پێویستی سیاسەتە، لە دڵی نەگرن. ئەمە واقعی سیاسی تورکیایە. ئەمەش سەرەتایترین تایبەتمەندی شەڕی تایبەتە. واتا بۆ فریودانی گەلە. ئەو شتەی کە بە ئاشکرا دەیڵێن بۆ فریودانی گەلە. بەڵام لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی جیاواز بەڕێوەدەبەن. چۆن ئەمەی وتووە بەڕاستی تەمومژاوییە. لەو باوەڕەدام دەمی وشکبووە. دەوڵەت باخچەلی لە کەسێتی خۆیدا ئاشکرای کرد کە سیاسەتمەداری تورک چۆنە. پیادەکردنی سیاسەتێکە کە گەل فریو دەدات. تەنها ئەم قسەیە بەسە بۆ کۆتایهێنان بە ژیانی سیاسی سیاسەتمەدارێک، لەم ڕووەوە سڵاوەکەی باخچەلی بە پێی پێویستی شەڕی تایبەتە. لەم ڕووەوە مانادان بە تەوقەکردنەی باخچەلی تێنەگەشتنە لە ڕاستی دەوڵەت تورک و تێنەگەشتنە لە سیاسەتی قڕکردنی کورد کە سیاسەتی بنەڕەتی دەوڵەتی تورکە و هێشتاش بەردەوامە.