وان ئامادەیە بۆ گردبوونەوەی گەورە لە دژی گۆشەگیری

هاوسەرۆکی توهای-دەر رایگەیاند، "سەفەربەریمان راگەیاند، لە وانەوە دەچینە ئامەد و دەنگ هەڵدەبرین".

پەرلەمانتاری وان لە بازنەی وان مەحمود دیندار و هاوسەرۆکی لقی وانی توهای دەر چەتین ئویەر داوایان لە هەموو ئاشتیخوازان کرد کە ١٣ی تشرینی یەکەم بەسداری لە گردبوونەوەی ئامەد بکەن.

لە دژی گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بڕیارە ١٣ی تشرینی یەکەم لە ئامەد گردبوونەوەیەکی گەورە سازبکرێت. پێشبینی دەکرێت بەشێوەیەکی ملیۆنی خەڵک کۆببنەوە. هەروەها مەزندە دەکرێت لە وان_یشەوە ژمارەیەکی بەرچاو بەشداربن.

سەبارەت بەو بابەتە پەرلەمانتار مەحمود دیندار بە ئاژانسەکەمانی راگەیاند، "بۆ چارەسەری پرسی کورد و هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە ١٣ی تشرینی یەکەم بەشداری لە گردبوونەوەی گەورەدا بکەن.شان بە شانی یەکتر لەپێناو ئازادی گەلەکەماندا دەنگمان هەڵدەبڕین. ئازادی بەڕێز ئۆجالان ئازادیی گەلانمانە".

لای خۆشیەوە هاوسەرۆکی لقی وانی توهای- دەر چەتین ئویاریش وتی، "٤٣ مانگە ناتوانین زانیاریمان لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەستبکەوێت. هاوکاتیش ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا بۆ بەرزترین ئاستی هەڵکشاوە. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بە تایبەتی ئەشکەنجە و گوشاری دەرونی لە زیندانەکاندا بەکاردەهێندرێت. لە ٩ی تشرینی یەکەمدا رێپێوان و راگەیەندراوێکمان دەبێت. ئامادەکارییەکان لە وان بۆ گردبوونەوە گەورەکەی ئامەد کە ١٣ی مانگ بەڕێوەدەچێت بەردەوامە. لەو بارەوە سەفەربەریمان راگەیاندبوو و ئێمە دەنگی خۆمان بەرزدەکەینەوە. لەوانەوە بە گەل و دۆستانمانەوە، خۆمان دەگەیەنینە ئەو ملیۆنان مرۆڤەی لەوێ کۆدەبنەوە. داوا لە هەمووان دەکەین کە لە ئامەد کۆببنەوە".