ڕاگەیاندراوی کەجەکە دەربارەی کۆمەڵکوژیی گار ـی ئەنقەرە: لێپرسینەوە لە بکوژان دەکەین

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە نۆهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گار ـی ئەنقەرە، کۆمەڵکوژییەکەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند لێپرسینەوەیەکی مێژوویی لە هەموو کۆمەڵکوژیی و بکوژەکان دەکەن.

کۆمەڵکوژیی گار ـی ئەنقەرە

ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە گۆڕەپانی گار ـی ئەنقەرە هێرشکرایە سەر گردبوونەوەی ڕەنج و ئاشتی و دیموکراسی و کۆمەڵکوژییەکی مەزن ئەنجامدرا، دیسانەوە ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندە و نامرۆڤانەیە شەرمەزاردەکەین کە دژی دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەری پرسی کورد وەک قڕکردنێکی مەزن لە مێژوویی تورکیادا دەنووسرێتەوە. بە ڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە لەم کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستداوە، لە کەسێتی ئەواندا بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش دەکەینەوە، بەڵێنمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە. سڵاو و ڕێز دەنێرین بۆ بریندارەکان و کەسوکاری هێژای قوربانییەکان. ئەو ڕۆژە دەیان هەزار کەس ڕژانە گۆڕەپانەکە، داوای ئاشتی و ئازادی و خوشک و برایەتیی گەلانیان کرد. بەجێهێنانی ئەم ئامانجەیان و بەدیهێنانی پێکەوەژیانی ئازادی گەلان، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ئێمەیە. بە تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووی گەلان، بێگومان ئەم ئامانجە دێتەدی. کۆمەڵکوژی گار ـی ئەنقەرە، کۆمەڵکوژییەکی هەرە مەزنی زنجیرە هێرشەکانی ڕژێمی ئاکەپە_مەهەپەیە بە ناو و دەستی داعش ئەنجامدرا. هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی تر، لە کۆمەڵکوژیی گارـی ئەنقەرە هێرشکرایە سەر دیموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و یەکێتی گەلان و داخوازیی پێکەوەژیان و یەکسانیی گەلان. فیکر و ڕێبازەکانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ هێزی بەخشی بە هێزە سۆسیالیست و دیموکراتی و ئازادیپارێز، هاوپەیمانیی دیموکراتیکی نێوان گەلی کورد و گەلانی تورکیای بەهێزتر کرد لەپێناو دیموکراتیکبوونی تورکیا، بناغەی چارەسەریی دیموکراتیکی بۆ چارەسەری هەموو پرسەکان و بەتایبەت پرسی کورد. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە کە خاوەن زیهنیەتێکی تاڵانکەر و قڕکەر و پاشڤەڕۆ و نەژادپەرست و فاشیستە، بۆ ڕێگری لە دیموکراتیکبوونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، کۆنسێپتی قڕکردن و هێرشی پێشوەختەی ئامادەکردبوو لەژێر ناوی "پلانی چۆکدادان"، وە ئەم پلانەی جێبەجێ کرد دژی ئازادی و دیموکراسی و چارەسەر. کۆمەڵکوژی گار ـی ئەنقەرە لەسەر بناغەی ئەم کۆنسێپتی قڕکردن و هێرشە، ئەنجامدرا. هاوپەیمانیی دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە و داعش لەم چوارچێوەیەدا بوو.

لە چەندین ناوچەی تورکیا و کوردستان و ڕۆژهەلاتی ناوین، لە کۆمەڵکوژی و هێرشەکاندا، داعش و ڕێکخراوە هاوفیکرەکانی داعش لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە وەک هێزی لێدان بەکارهێنا. دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە لەم ڕێگەیەوە ویستی خەونی عوسمانی نوێ و قڕکەر و تاڵانکەر و پاشڤەڕۆی خۆی بەدی بهێنێت. بەڵام چونکە داعش بە تێکۆشانی دیموکراتیک و یەکگرتووی گەلان تێکشکا، ئەم پلانەی دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە بەدی نەهات و سەرنەکەوت. شکستی دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە و ئەو قەیرانە قووڵەی تێی کەوت، بەرئەنجامی ئەم ڕەوشەیە. هەوڵدانی تەیب ئەردۆگانی فاشیست و دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە لەبەرامبەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئافراندنی کەشوهەوایەک و پیشاندانی خۆیان وەک ناڕازی، پەیوەندی بەمەوە هەیە. دوای ئەوەی بە پلانی داعش نەیتوانی بگاتە ئامانجی عوسمانی نوێ و نەیتوانی بێتە هێزی سەرەکی سەروەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئیتر هەوڵیدا کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئێران و دەوڵەتانی دیکە قووڵتر بکاتەوە و شەڕ هەڵبگیرسێنێت و ئەم شەڕە بڵاو بکاتەوە. بە قوڵکردنەوەی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بڵاوکردنەوەی ئەم شەڕە، دەیەوێت بگاتە ئامانجی هەژموونگەرایی و پاوانخوازی خۆی. بە پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، نە دژی کۆمەڵکوژیی گەلانە، نە دژی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلە. هەموو کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەت کۆمەڵکوژیی گار لە ١٠ ی تشرینی یەکەم، شەڕ و سیاسەتی قڕکردن و گۆشەگیری کە دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە ئەنجامی داوە، هەموو ئەم ڕاستییانە دەردەخەن.

لە نۆهەمین ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژییە نامەردانەدا، دیسانەوە ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزاردەکەین، دووپاتی دەکەینەوە لێپرسینەوەی مێژوویی لە هەموو کۆمەڵکوژیی و بکوژان دەکەین. لەسەر ئەم بناغەیە، بانگەواز لە گەلان و هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیست و ئازادیخوازان دەکەین، لەسەر بناغەی ستراتیژی تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوو بەهێزتر بکەن و تێکۆشان مەزنتر بکەن".