شاندی ڕۆژنامەنووسان پاش سەردانەکانی سلێمانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست
شاندی ڕۆژنامەنووسان بۆ لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، هاتنە سلێمانی، داخوازییەکانی خۆیان ئاشکرا کرد.
شاندی ڕۆژنامەنووسان بۆ لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، هاتنە سلێمانی، داخوازییەکانی خۆیان ئاشکرا کرد.
شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپی لەسەر بانگەوازی ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەسپێشخەریی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتنە سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ناوچەی سەیدسادق بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدکران. شاندەکە پێکهاتووە لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەممەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ، ٣ ڕۆژە لە سلێمانی چەندین کۆبوونەوە و سەردانیان ئەنجامداوە. ئەمڕۆ لە سەنتەری میترۆ دەربارەی سەردان و کۆبوونەوەکانیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
بەڕێوەبەری میترۆ دیاری محەمەد هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد و داوای یەکگرتن و تێکۆشانی کرد دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان.
لەسەر ناوی شاندەکە هەندرین فەرەج موحەمەد سوپاسی بەرپرسانی میترۆی کرد.
هەندرین تیشكی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک و گوتی: "ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ئەمساڵدا، حکومەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت، لە نزیک گوندی تەپەڕەشی سەر بە قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کوردی سەر بە کۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهید بوون و ئەندامێکی دیکەی کۆمپانیاکەش ڕۆژنامەوان ڕێبین کەریم بریندار بوو".
هەروەها تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورک و عێراق دژی کورد و زیادبوونی هێرشەکان دوای ڕێککەوتنەکە. ئەوەی بیرهێنایەوە، پاش ئەم ڕێککەوتنە لە ٨ ی تەمموز ڕۆژنامەنووس میرزا موراد ئیبراهیم لە چرا ئێف ئێم شەهیدکرا.
لەبارەی کۆبوونەوەکانیانەوە گوتی: "ە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئەم دۆخە دژوارەی ڕۆژنامەنووسان و میدیا ئازادەکانی باشووری کوردستانی تێدایە و بەتایبەتی ئەو هەوڵەی کە هەیە بۆ لەباربردنی ئەو دۆخە نیمچە ئازادەی کە ناوچەی سلێمانی هەیە، ئێمە شاندێکی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد و بیانی سەردانی شاری سلێمانیمان کرد و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراو و سەنتەر و سەندیکا داکۆکیکارەکان لە مافی ڕۆژنامەنووسان و پارێزگاری سلێمانی دیدار و چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا. لە دیدارەکاندا، سەبارەت بە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) و هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان، بیروڕامان گۆڕییەوە بۆ بەدواداچوونی کەیسی هەردوو شەهید و چارەسەری گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنوسان".
داخوازییەکانی شاندەکە
هەندرین لەسەر ناوی شاندەکە ئەم داخوازییانەی خستەڕوو:
"– سەلامەتی ژیانی ڕۆژنامەنووسان و هەلومەرجی گونجاو بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان مسۆگەر بکەن.
– پێویستە مافی کۆمەڵگا بۆ وەرگرتنی زانیاری پارێزراو بێت.
– بکوژانی ڕۆژنامەنووسان سزا بدرێن، تا شاهیدی تیرۆری هاوشێوەی گوڵستان و هێرۆ نەبینەوە.
– ڕۆژنامەنووسان لە هەرکوێیەک بن و خاوەن هەر بیر و بۆچوونێک بن، خۆیان وەک خێزانێک ببین و پێکەوە کار بۆ داکۆکی لە مافەکانیان و گەیاندنی ڕاستی بە کۆمەڵگە بکەن".