عوسمان محەمەد هەورامی شاعیر و نوسەر و پەروەردەکار کۆچی دوایی کرد

عوسمان محەمەد هەورامی شاعیر و نوسەر و پەروەردکار و میدیاکار، لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان، عوسمان محەمەد هەورامی شاعیر، نوسەر، لێکۆڵەر، زمانناس و پەروەردەکار و میدیاکار و ڕۆژنامەنوس، بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردو لە بوارەجیاجیاکاندا بە گشتی و جیهانی مناڵان و پەروەردە بە تایبەتی، چەندین نامیلکە و کتێبی نوسیوە و چاپ و بڵاوی کردونەتەوە و کتێبخانەی کوردستانی پێ دەوڵەمەند کردوون و چەندین کتێبیشی ئامادەی چابن.

مامۆستا عوسمان موحەمەد ساڵح فەرەج ناسراو بە عوسمان موحەمەد هەورامی، لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ١٩٤٠ی زاینی، شارۆچکەی تەوێڵەی سەر هەرێمی هەورامان لە دایک بووە.  
ساڵی ١٩٤٧  لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندنی سەرەتای و پۆلی یەکەمی لەو شارۆچکە تەواو کردوە. ساڵی ١٩٤٨ ماڵیان دەچێتە شاری سلێمانی و لە قوتابخانەی کانی ئاسکان ئەوسا و گۆیژەی ئێستا خوێندنی سەرەتایی تەواو دەکات و پاشان هەر لەو شارە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی تەواو کردووە.  ساڵی ١٩٥٨ لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی کوڕان وەک مامۆستای کاتی دامەزراوە. پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندن لە 
ساڵی ١٩٥٨ دەچێتە بەغدادی پایتەختی ئێراق و لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەشی زمانی کوردی وەردەگیرێ، بەڵام لەبەرنەبوونی و هەژاری تەنیا دوو مانگ خوێندیەتی و بەناچاری گەڕاوەتەوە کوردستان لە گوندی (چنارنێ)ی بناری ئاسۆسی سەر بە شارەدێی بنگرد دەبێتە مامۆستا و ساڵی دواتر وەک مامۆستای کاتی دەچێتە گوندی شێنێی بناری قەندیل و دوو ساڵ لەوێش دەمێنێتەوە. لەو گوندە دەیان وشەی ڕەوان و ڕەسەنی لە دانیشتوانەکەی وەرگرتووە لە ناویانداوشەی (ئاماژە) کە بۆ یەکەمین جار لە نوسین دا بەکاریهێناوە و وشەکە گشتگیر بووە. 
لە هاوینی ١٩٦٠دا خولێکی تایبەتی و بەهێزی پەروەردە و فێرکردن بۆ دەرچووانی دواناوەندی کراوەتەوە، ئەویش بەشدار بووەو بە پلەی یەکەم تەواوی کردووە. ساڵی ١٩٧٥ جارێکی تر بۆ بەشداری لە  خولێکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەچێتەوە بەغداد و خولەکە؟سەرکوتوانە تەواو دەکات و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ دکتور موحەمەد ئەمین هەورامانی لە ڕادیۆی بەغداد بەرنامەیەکی هەورامی ئامادە و پێشکەش دەکەن.

عوسمان موحەمەد هەورامی بە عشق و خۆشەویستییەوە درێژە بەکاری مامۆستایی لە زۆر خۆێندنگەی وەک (زانستی ئێواران، سەیوان، دەگاشێخان، هەورامان، تەوێڵە، ئەیوبییە، ئاراس، پەیمان، گزنگ، میدیا، هێمن، کانی، دووکان، دەبەندیخان، ناوەندی نەورۆزی کچان- وانەبێژی ئینگلیزی) درێژەی بە پەروەردە و فێرکرن داوە. 
هاوکات چەندین پێشنیاری پێشکەش بە پەروەردە کردووە بۆ بژارکردنی هەندێک کتێبی خوێندنەوەی کوردی – بەتایبەتی ئەلفبێکەی مامۆستای پێشەنگ (ئیبراهیم باڵدار) لە دانان و چاپکردنی کتێبی ئەلفبێی کوردیدا بۆ گەورە مناڵان، هاوکارییەکی بنەڕەتی کردووە. هەروەها لە بوارە جیاجیاکانی نوسین و وتار و هۆنراوە و لێکۆڵینەوە و زمانناسی سەرقاڵ و میدیای بیستراو و نوسراو سەقاڵ بووە، بەڵام زۆرتر لە بواری هۆنراوەی پەروەردەو ئەدەبیاتی مناڵان قاڵ بووەتەوە.
کۆچکردو لە بوارە جیاجیاکاندا بە گشتی و جیهانی مناڵان و پەروەردەبە تایبەتی، چەندین نامیلکە و کتێبی نوسیوە و چاپ و بڵاوی کردونەتەوە و کتێبخانەی کوردستانی پێ دەوڵەمەند کردوون.
ماوەی زیاتر لە دوانزە ساڵیش ڕۆژانە لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستا، بەرنامەی پەروەردەیی (خەندە)ی ئامادە و پێشکەش بە مناڵانی کوردستان کردوە. هەروەها ٦ ساڵیش لە ڕادیوی خاک بەرنامەی بە هەورامی هەبووە. نزیکەی ساڵێکیش لە ڕادیۆی مەدەنیەت بەرنامەی پەروەدەیی پێشکەش کردوە
هەورامی، لە ماوەی ژیانیدا ژمارەیەک خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە لەوانە: وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان- دوو جار. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی، بنکەی ئەدەبی ڕۆشنبیری گەلاوێژ، دووەمین فیستڤاڵی هەورامان، بانگهێشتی حەوتەمین کۆنفرانسی زمانی دایک، سەنتەری فرە زمان- ڤێستەرۆس- سوید). 
ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٦ وەک شارەزا لە خانەی وەرگێڕان کاریکردووە و لە پاڵ ئەوەشدا بەردەوام هاوکاری باخچەکانی ساوایانی شاری سلێمانی کردووە و لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی بڵاوکراوەتەوە. 
زیاتر لە ٢٥ کتێبی چاپ و بڵاو کراونتەوە کە حەڤدەیان بۆ جیهانی  منداڵانە و بە بیست کتێبدا چۆتەوە و پێنج کتێبی داڕشتۆتەوە و لە شەش کتێبیشدا هاوکاری کردووە. لە چەندین نامەی دکتۆرا و ماستەرنامە هاوکار بووە.

ناوی بەشێک لە نامیلکە و کتێبە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان: 

١-شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، ١٩٧٠
٢-خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، چاپی یەکەم ٢٠٠٠، چاپی دووەم ٢٠٠٨، سلێمانی
٣- مناڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، ٢٠٠١. 
٤- مافە گەشەکانم، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٣ 
٥- جیهانە جوانەکەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان، هەولێر ٢٠٠٤
٦- چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر، ٢٠٠٤. 
٧- شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٤ 
٨- هەشتەمین دانا، چیرۆک بۆ منداڵان، لەعەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، سلێمانی ٢٠٠٤ 
٩- مافی مرۆڤ، بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لەگەڵ لیژنەیەکدا، سلێمانی ٢٠٠٤ 
١٠- لایلایەی دایکانی کورد، لەگەڵ هاشمی سەلیمی دا، سلێمانی ٢٠٠٥ 
١١- لالەزار، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر ٢٠٠٧ 
١٢- گوڵبژێرێک هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ باخچەکانی ساوایان، هەولێر ٢٠٠٨ 
١٣- گوڵزاری پەروەردە، هۆنراوەی هەڵبژاردە، سلێمانی ٢٠٠٩ 
١٤- ئاسۆی گەش، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٩ 
١٥- ڕۆشنایی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠٠٩ 
١٦- گەشە، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر ٢٠٠٩ 
١٧- چریکە، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی ٢٠١٠ 
١٨- بۆقی گەشتیار، چیرۆک بۆ منداڵان، داڕشتنەوەی بۆ کردووە، سلێمانی ٢٠٠٧. 
لە ساڵانی ٧٠کانیشدا، دوو کتێبی گرنگی بە چاپ گەیاندووە کە بریتن لە:
دیوانی سەیدی هەورامی کە بەشێک لەشیعرەکانی سەیدی لە خۆگرتووە
 دیوانی وەلی دێوانە

لە ئێستاش دا چەندین کتێبی ئامادەی چابن و دوو لەو کتێبانەش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانن و چاوەڕیێ چاپن.

مامۆستا عوسمان موحەمەد هەورامی، ساڵی ١٩٦٠ی زاینی لەگەڵ خاتوو  گەلاوێژ حاجی ئیسماعیل تەوێڵەیی ژیانی هاوسەریان پێکهێناوە و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیریەش ٦ کچ و ٤ کوڕ بووە.

 

هـ.هـ