رەمزی کارتاڵ: لە رووی حقوقی و یاسایەوە قۆناغێکى نوێ بۆ پەکەکە لە ئەوروپا دەستپێدەکات

رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى گەل لەبارەى بڕیارەکانى دادگاى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ لەسەر پەکەکە وتى "مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، بۆ بزووتنەوەى کورد، پەکەکە، رێکخراوەکان و سیاسەتمەدارانى کورد لە ئەوروپا لە رووی حقوقی و یاساییەوە قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات".

لە ماوەى ٣ ساڵ دا لە بەلجیکا ٥ بڕیاری ئەرێنى و باش لەسەر پەکەکە دەرکراوە. لە لوکسەمبۆرگ-یش لە دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا لە مانگى تشرینى دووەم دا بڕیاردرا، کە ئارگۆمێنت و بەڵگەکانى ساڵانى ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ بۆ هێشتنەوەى ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆر" دا لاوازن و وەک پێویست نین و بەوەش لیستەکەى پوچەڵکردەوە. لەسەر ناڕەزایەتیى بەریتانیا و تانەکەى بە ناوی یەکێتیى ئەوروپاوە، ناوى پەکەکە بەشێوەى ئۆتۆماتیکى خرایەوە "لیستى تیرۆری" ساڵی ٢٠١٨. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئارگۆمێنت و بەڵگەکان وەک خۆیانن و هیچ گۆڕانکاییەکیان بەسەردا نەهاتووە. لایەنى کوردیش لە مانگی ئاداری ٢٠١٨ دا لە دژی لیستەکە سکاڵای تۆمار کردەوە.

رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى گەل کە لە دۆزی بەلجیکا دا دادگایى دەکرا لەبارەی بڕیارەکانى ئەو دوو دادگایە و ئەنجامە حقوقی و یاسایى و سیاسییەکانی بۆ بزووتنەوەى کورد و پەکەکە و رێکخراوەکان و سیاسەتمەداران بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کارتاڵ وتى "دانانى ناوى پەکەکە لە لیستى تیرۆردا بڕیارێکى سیاسیییە. یەکێتیى ئەوروپا و دوای ئەویش ئەمریکا بە بڕیارێکى سیاسیى ناوى پەکەکەیان خستە ناو لیستى تیرۆر. ئەو بڕیارانە، کە ئێستا دادگاکان لەسەر پەکەکە دەریدەکەن لە رووی جەوهەرییەوە ئیرادەیەکى سیاسییە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، پرۆسەى سیاسی و قۆناغەکە ئەو دۆخەى دروستکردووە".

'لێکۆڵینەوەکان و دۆزەکان بڕیاری سیاسی بوون'

کارتاڵ لە رووی حقوقییەوە لەبارەى دۆزەکەوە وتى "خۆی بڕیاری (لێکۆڵینەوەکان و دۆزەکە) بڕیارێکى سیاسیى بوو و بڕیارێکى حقوقی نەبوو. پەکەکە ئەو راستییەیە، کە لە ئێستا لەلایەن دادگاوە قبوڵ و پەسەند کراوە. راستییەکە چییە؟ ئەوەیە کە لە چوارچێوەى کێشەى کورد دا پەکەکە لایەنێکى شەڕی کوردستانە و لایەنەکەى تریش دەوڵەتێکى داگیرکەرە. پەکەکە لەلایەکى ترەوە نوێنەرایەتیى ئیرادەى گەلی کوردستان دەکات. ئەو کێشەیە کێشەیەکى سیاسییە. دەبێت لەسەر بنەماى ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان چارەسەر بکرێت.

پێویستە کێشەکە لەسەر بنەمای یاسا نێونەتەوەییەکانى شەڕ شیکاریى بۆ بکرێت، بەڵام تورکیا ئەوە قبوڵ ناکات. لەبەر ئەوەش تا ئێستا ٤ جار تانەى لە بڕیارەکانى دادگا داوە، بەڵام ئیتر ئەو ناڕەزایەتى و تانانە هیچ ئەنجامێکیان لێ ناکەوێتەوە، چونکە لە هەر تانەیەکدا داوا لە تورکیا دەکرێت ئارگۆمێنت و بەڵگەیى نوێ و زیاتر پێشکەش بکات، چونکە ئەو ئارگۆمێنت و بەڵگانەى تاوەکو ئێستا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە رادەستى دادگاکراون هەموویان لەلایەن دادگاوە رەتکراونەتەوە.

 ئێمە و پارێزەرەکانمان بە بەرگرینامەکانمانەوە ئەو ئارگۆمێنت و بەڵگانەى ئەوانمان پووچ کردووەتەوە. لەبەر ئەوەش دەبێت ئارگۆمێنتى نوێ پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوان ئارگۆمێنت و بەڵگەى نوێیان نییە. راستیى مێژوویى کێشەى کورد و سیاسەتەکانى دەوڵەت بەرامبەر بە گەلی کورد لە گۆڕێدان و ئەوانەش زۆر روون و ئاشکران. بەڵێ پەکەکە لایەنێکى شەڕەکەیە و دەبێت لە چوارچێوەى مافە نێونەتەوەییەکاندا لێکدانەوە و شیکاری بۆ کێشەکە بکرێت. رووی حقوقی کێشەکە بەو شێوەیەیە. رووی سیاسیش خۆی سەپاندووە و چارەسەری دەسەپێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە گوشاری زۆر زیاتر دەخرێتە سەر تورکیا و تورکیا زیاتر تەنگاو دەکرێت".

'نابێت پەکەکە لە لیستەکەدا بێت'

لەبارەى بڕیارەکەى دیوانى دادپەروەریى ئەوروپاوە، کە هێشتنەوەى ناوی پەکەکەى لە لیستی تیرۆردا بە ناهەقی ناساندبوو، کارتاڵ وتى "دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا، کە ناوەندەکەى لە لوکسەمبۆرگە لەسەر ئەو بابەتە بڕیاری خۆی دا. لە ساڵانى ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ بەریتانیا بە ناوی یەکێتیى ئەوروپاوە سکاڵاى لە دژی پەکەکە بۆ هێشتنەوەى ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا تۆمار کردبوو. دیوانى دادپەروەریى ئەوروپاش ئەو وەڵامەى بە بەریتانیا داوەتەوە: ئەو ئارگۆمێنت و بەڵگانە کە پێشکەشکراون لاوازن و بەشی ئەوە ناکەن ناوی پەکەکە لە لیستى رێکخستنە تیرۆریستییەکاندا بمێنێتەوە. نابێت بەو بەڵگە و ئارگۆمێنتانە ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا بێت. ئەگەر بەڵگەی نوێ هەیە ئەوا دەبێت پێشکەش بکرێن. سەرباری ئەوەش بەریتانیا ساڵی ٢٠١٨ جارێکیتر بە ناوی یەکێتیى ئەوروپاوە سکاڵاى تۆمارکردەوە بۆ ئەوەى ناوى پەکەکە لە لیستى رێکخستنە تیرۆریستییەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئارگۆمێت و بەڵگەکان کەم و لاوازن و هیچ بەڵگەیەکى نوێیان نییە. لەبەر ئەوەش لەو تانە و سکاڵایانەیان هیچ شتێکى نوێیان دەست ناکەوێت و ئەوانەش رەتدەکرێنەوە.

بڕیارەکانى دادگاکانى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ لە ئاستى نێونەتەوەییدا لە هەموو وڵاتەکاندا دەکرێنە نمونە بۆ کۆتایهێنان بە رێگرییە حقوقی و یاساییەکان و قەدەغەکارییەکانى سەر پەکەکە و کێشەى کورد. بۆ ئەوەش کارێکى بەرفراوان بەڕێوەدەچێت".

'لە دژی قەدەغەکاریى ئەڵمانیا لەسەر پەکەکە تێکۆشان بەردەوامە'

کارتاڵ باسی ئەوەیکرد، بە تایبەت لە دژی قەدەغەکاریى ئەڵمانیا لەسەر پەکەکە تێکۆشانێکى بەرفراوان بەڕێوەدەچێت و وتیشی "ئەڵمانیا بە پاساوی ئەوەى 'پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆرە' پەکەکە قەدەغە کردووە، بەڵام بە بڕیاری دادگاى بەلجیکا پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆر نییە، هەم لە ئەڵمانیا، هەم لە بەریتانیا و هەم لە وڵاتانى تر قەدەغەکاری بەو پاساوەوە لە گۆڕێدایە. لە رووی حقوقییەوە بۆ نەهێشتنى ئەو قەدەغەکارییانە تێکۆشانێکى بەرفراوان بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەوەش ئامادەکاری دەکرێت".

'قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات'

کارتاڵ رایگەیاند، بە بڕیارەکانى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ ئیدى بۆ بزووتنەوەى کورد، پەکەکە، رێکخراوەکان و سیاسەتمەدارانى کورد لە ئەوروپا لە رووی حقوقی و یاساییەوە قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات.

کارتاڵ ئەوەشی وت "لەبەر ئەوانەش دەبێت گەلەکەمان لەو وڵاتانەدا کە تیایدا دەژین لە دژی گوشار، رێگرییەکان و قەدەغەکارییەکان تێکۆشانێکى حقوقیى کاریگەر بەڕێوەببەن. یانی لە دژی دانانى ناوی پەکەکە لە لیستى تیرۆر، لە دژی قەدەغەکارییەکان تێبکۆشن، یانی نابێت کردەوە دژە دیموکراتیکەکان لە دژی رێکخراوەکان و گەلی کورد قبوڵ بکرێت و لە رووی حقوقییەوە لە دژی و کردارانە تێکۆشانێکى بەهێز بەڕێوەببرێت. دەبێت ئەو تێکۆشانە حقوقییە بە نمونەهێنانەوەى بڕیارەکانى ئەو دادگایانە (دادگای بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ) بەڕێوەبچن".

***

***

ر.م