جان فیرمۆن پارێزەرى دۆزی پەکەکە لە برۆکسل رایگەیاند، هێشتا دۆزەکە کۆتایى پێنەهاتووە و وتى "لەبەر ئەوەى داواکارى گشتى ٢ جار بۆ پێداچوونەوە لە دادگاى باڵا تانەى لە بڕیارەکان داوە، ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەکەین و چاوەڕێى بڕیاری دادگاى باڵا دەبین. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەبارەى چەندین رێکخستن و رێکخراوى کوردان لە بەلجیکا ئەنجامدراوە. بە بڕواى دۆزگەر هەموو رێکخستن و رێکخراوەکانى کوردان لە بەلجیکا پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. لە ناویشیاندا رێکخستنى کوردانی ئێران و سوریا و ٢ کۆمپانیاى میدیایش هەیە. لێپرسینەوەیەکى گەورە و بەرفراوانە و چەندین ساڵە بەردەوامیى هەیە. لەو چوارچێوەیەدا بە چەندین شێوازى جۆراوجۆر هەوڵدرا پەیوەندیى ئەو رێکخستنانە بە پەکەکەوە نیشان بدرێت.
بەپێى یاساکانى بەلجیکا، کە هاوکات یاسایەکى ئەوروپاشە تیایدا هاتووە، لە چوارچێوەى حقوق و مافی نێونەتەوەیەدا رێکخستنێک بەشێوەیەکى چالاک بەشداری لە شەڕی چەکدارى بکات، جا ئەو شەڕە شەڕی وڵاتێک بێت یان شەڕی ناوخۆ، یان شەڕێکى نێونەتەوەیى بێت، ناکرێت لەبەر چالاکییەکانى لەو شەڕەدا وەک رێکخستنێکى تیرۆریستى پێناسە بکرێت، بەڵام ئەگەر رێکخستنێک هەم لە سوریا شەڕ بکات و هەم لێرەش هێرش ئەنجام بدات، ئەوکات دەکرێت وەک رێکخستنێکى تیرۆریستى پێناسە بکرێت. پەکەکە ئەو دۆخەى نییە. پەکەکە لە ئەوروپا چالاکیى توندوتیژانەى نییە. ئەگەر کوردێک خۆی بۆ خۆی لە ئەوروپا چالاکییەکى کردبێت ئەوە بەو مانایە نییە کە رێکخستنیش لەگەڵ ئەو چالاکییەدایە. لەبەر ئەوە ئێمە داوامانکرد لە چوارچێوەى ئەو ماددە قانووییەدا لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پەکەکە بکرێت".
پەکەکە چۆن وەک لایەنێکى "شەڕی چەکداری" پێناسەکرا؟
فیرمۆن لەسەر ناوەرۆکى ئەو یاسایە وتى "هەموو تۆمەتبارەکان بە 'بەشداریکردن لە ریزەکانى رێکخستنى تیرۆر' یان 'ئەندامبوون و بەڕێوەبردنى رێکخستنێکى تیرۆریستى' تاوانبار کرابوون. لەو کاتەدا دەبوایە بە پلەى یەکەم بەپێى یاسای بەلجیکا و بە پلەى دووەم بەپێى یاسای ئەوروپا ئەوە روونبکرایەتەوە، کە پەکەکە چ جۆرە رێکخستنێکە؟ ئێمە هەر لە سەرەتاوە وتمان، رووداوى توندوتیژانە لێرە روویان نەداوە و ئەوەى لە تورکیا روویانداوە دەبێت بەپێى دۆخی سروشتیى ئەوێ لێکۆڵینەوەى لەبارەوە بکرێت.
مرۆڤەکان لێرە بە 'ئەنجامدانى پڕوپاگەندە، کۆکردنەوەى پارە، وەرگرتنى ئەندام بۆ رێکخستن، یان ئەنجامدانى چالاکى' تاوانبار دەکرێن. ئەگەر ئەندام بۆ رێکخستنێکى تیرۆریستى وەربگیرێت ئەوە ئەو کارە قەدەغەیە، بەڵام ئەگەر بۆ رێکخستنێکى چەکدار ئەندام وەربگیرێت و پڕوپاگەندەى بۆ بکرێت و پارەشی بۆ کۆبکرێتەوە، هیچ یەک لەو کارانە ناچنە خانەى کارە قەدەغەکراوەکانەوە.
ئێمە وتمان دەبێت لێکۆڵینەوە لە شێوەى شەڕی نێوان تورکیا و کوردان بکرێت. ئەگەر شەڕێکى چەکداری یان شەڕێکى ناوخۆیى بێت، ئەوا ئەو کاتە دەبێت بەپێى یاساکانى شەڕ لێکدانەوە و پێناسەى بۆ بکرێت نەک بەپێى یاسای دژە تیرۆر".
فیرمۆن ئاماژەى بەوەکرد، داواکارى گشتى سەرەتا ئەو داوایەى ئەوان و بۆچوونەکەیانى بە 'نوکتە' و 'کات کوشتن' لێکداوەتەوە. ئاماژەى بەوەشکرد "لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئەوەى روونى بکەینەوە، کە دواى لێپرسینەوە دەکرێت دۆزێکیتر بکرێتەوە یان نا، سەردانى ژووری دەستەى بەڕێوەبەرییمان (بەشێکى سەر بە دادگاى سەرەکییە، کە لەسەر کردنەوە یان نەکردنەوەى دۆزەکان بڕیار دەدات) کرد. ئێمە لەوێ باسی دۆخەکەمان بۆ دادوەر کرد و دادوەر ئێمەى بە مافدار زانی و رایگەیاند، زۆرێک بەڵگە و ئاماژە سەلمێنەری ئەوەن، ئەوەى هەیە شەڕێکى چەکداری و شەڕێکى ناوخۆییە و نابێت لە چوارچێوەى یاسای دژە تیرۆر دا پێناسە بکرێت. داواکارى گشتى لە دژی ئەوە وەستایەوە و لە دادگای تێهەڵچوونەوە ئارگۆمێنت و بەڵگەکانى خۆی پێشکەشکرد. ژووی دادگاى تێهەڵچوونەوە دۆزەکەى لە کاتی قۆناغی لێکۆڵینەوەدا لێکدەدایەوە و بۆ جاری دووەم ئێمەی بە مافدار زانی و بڕیاری دا ئەوەى لە تورکیا روودەدات شەڕێکى چەکداری و شەڕێکى ناوخۆییە".
کام پێوەرانە هاتنە پێشەوە؟
فیرمۆن رایگەیاند، بۆ دیاریکردنى ئەوەى، کە روودەدات شەڕی چەکداری و شەڕی ناوخۆییە ٢ پێوەر هەیە و راشیگەیاند "پێوەری یەکەم؛ قورسایى شەڕەکەیە (ژمارەى شەڕەکان، ئەو چەکانەى تیایدا بەکاردەهێنرێن و... هتد). لە پێوەرى دووەمدا لێکدانەوە بۆ سیستم و ئاستى رێکخستنبوونی لایەنی بەرامبەر دەکرێت، تاوەکو بزانرێت لە رووی رێکخستنبوونەوە لەو ئاستەدایە و وەک پێویست رێکخستنى هەیە، کە وەک لایەنێکى شەڕ پێناسە بکرێت.
لە بەرگرییەکەى خۆماندا ئێمە ئەوەمان سەلماند، سەرباری ئەوەى ئەو شەڕە شەڕێکى ناڕێکوپێکە و بەشێوەى گەریلایش بەڕێوەدەچێت، بەڵام شەڕێکى درێژخایەنە و ئەوەش کاریگەرییەکى زۆر گەورەی هەیە. شەڕێکى کلاسیک نییە، بەڵام شەڕە. هەروەها ئێمە هەموو بەڵگە و ئارگۆمێنتەکان و زانیارییەکانمان پێشکەش کرد و ئەوەمان سەلماند هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) سوپایەکە، کە بە باشی رێکخراوە بە بەرێکسختنکراوە و هۆشیاری و دیسیپلینى خۆی هەیە".
"هەپەگە لایەنێکى شەڕەکەیە"
جان فیرمۆن ئەوەى خستەڕوو، دادوەرى دادگاى تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا ئەوەى هەیە و روودەدات شەڕێکى چەکدارییە و هەپەگەش لایەنێکى ئەو شەڕەیە.
فیرمۆن ئەوەشی وت "ئەو ئەنجامەى کە بەدەستهات بریتییە لەمە؛ نابێت ئەوانەى لە بەلجیکا بەرگری لە پەکەکە یان هەپەگە دەکەن بەپێى یاسای دژە تیرۆر پێناسە بکرێن، یان مامەڵە و رەفتاریان لەگەڵ بکرێت".
فیرمۆن وتیشی "دادگا بڕیاریدا کە هەپەگە لایەنێکى شەڕە و پشتیوانیکردن لە هەپەگە بەشداریکردن نییە لە کاری رێکخستنێکى تیرۆردا، چونکە هەپەگە رێکخستنێکى تیرۆر نییە.
داواکارى گشتی ناڕەزایەتیى بەرامبەر ئەو بڕیارە نیشاندایەوە و بۆ جاری دووەم لە دادگاى باڵا تانەى لە بڕیارەکە دایەوە. ئێمە هێشتا پاساوەکانى ئەوانمان نەبینیوە. لە ماوەى چەند هەفتەیەکدا پاساوەکانیان بە دەستمان دەگات. دەیەوێت بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە و سەرلەنوێ دۆسیەکە بچێتە بەردەستى دادگاى تێهەڵچوونەوە".
ئەگەر دادگاى باڵا بڕیارەکە پەسەند بکات...
فیرمۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە رووی پەرەنسیبەوە ئەم دۆزە کۆتایى نابێت، چونکە داواکارى گشتى دەتوانێت هەمان ناڕەزایەتى و تانەى خۆی دووبارە بکاتەوە و راشیگەیاند "بەڵام ئەگەر دادگاى باڵا بڕیارەکەى دادگا پەسەند بکات، ئەوا پرۆسەکە کۆتایى پێدێت. لەو کاتەدا بڕیارەکەى دادگاى باڵا دەبێتە دوا بڕیار و بڕیاری کۆتایى".
فیرمۆن ئەوەشی وت، ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانى ئێستا و لەمەودوا لە بەلجیکا دروست دەکات و ئیتر داواکارى گشتى ناتوانێت بە ئاسانى پێداگری لەسەر لێپرسینەوە و بە شێوەى ئاسایى رێگری لە کارە ئاساییەکان بکات.
جان فیرمۆن پارێزەری دۆزی پەکەکە لە بەلجیکا لەبارەى کاریگەریى ئەو بڕیارە لەسەر وڵاتانى تری ئەوروپی وتی "کێشەکە بۆ وڵاتانى تر جیاوازە. ئەوە بابەتێکی ئاڵۆزە. لێرە دادگاکان بەپێى یاساکانى بەلجیکا بڕیار دەردەکەن. یاساناسانى بەلجیکى خاڵێکیان لە یاسای نێونەتەوەیى لە یاساکانى بەلجیکادا جێکردووەتەوە، بەڵام وڵاتانى تر ئەو کارەیان نەکردووە".
'دەبێت وڵاتانى تر بەپێى ماف و حقوقی نێونەتەوەیى بجوڵێنەوە'
فیرمۆن لەبارەى نزیکایەتیى وڵاتانى ترەوە وتیشی "وڵاتانى تر دەتوانن چی بکەن؟ باشە ئەوان تەنها بەپێى یاسای نێونەتەوەى دەجوڵێنەوە و رێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان دەگرن؟ هەندێک وڵات رایانگەیاندووە، یاسا نێونەتەوەییەکان پەیوەندیى بەوانەوە نییە. بە بڕواى من ئەو نزیکایەتییە جێگاى مشتومڕە. بەڵام پارێزەران لە هەموو شوێنێکى ئەوروپا دەتوانن سوود لە بڕیارەکەى دادگای بەلجیکا وەربگرن. دەتوانن بڕیارەکە بخەنە بەردەم دادگاکانیان و بڵێن 'ئەوەتا ئێوە پاساوی دادگاکانى بەلجیکا دەبینن. ئەو بڕیارە هەم بەپێى یاساکانى بەلجیکایە و هەم بەپێى یاساکانى ئەوروپایە".
فیرمۆن باسی ئەوەشیکرد "ئەگەر لە حقوقی ئەڵمانیادا خاڵێکى وەک ئەوەى لە یاساکانى بەلجیکادا هەیە، نەشبێت دیسانەوە دەتوانن بڵێن 'ئێوە ناچارن بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بجوڵێنەوە'. سەرباری ئەوانەش دیار نییە ئەنجامەکان چی دەبن".
پرەنسیبە حقوقییەکان لە دواى ساڵی ٢٠٠١ پێشێلکران
فیرمۆن ئاماژەى بەوەکرد، دۆزەکەى برۆکسل گرنگە، چونکە بوونی کێشە لە پەرەنسیب دا نیشان دەدا و وتیشی "پێش جەنگی جیهانیى دووەم پەرەنسیبەکە بەمجۆرە بوو؛ هەموو چالاکییەک لە دژی دەوڵەتەکان چالاکیى تاوانکارییە. جەنگی جیهانیى دووەم و تێکۆشان لە دژی فاشیزم و جاڕنامەى گەردوونیى مافەکانى مرۆڤ رێگای بۆ دروستکردنى هاوپەیمانییەکى گرنگ کردەوە. ئەوە دەستنیشانکرا، کە بەرخودان لە دژی دەوڵەتى زۆردار و داگیرکەر، هەڵگری کارەکتەری رەوایە. ئەو عەقڵییەت و تێگەیشتنە کە هەموو شتێکى دەوڵەتى بە "باش" لێکدەدایەوە و هەموو شتێکى هێزەکانى دژ بە دەوڵەت-ی بە ناوی 'کاری تاوانکاری' پێناسە دەکرد، گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە و ئێستا بەوشێوەیە نییە. ئەو دۆخ و هەلومەرجە بە تێکۆشان لە دژی داگیرکەری بەهێزتر بووە. لە مانایەکى تردا، دواى ئەوەى وڵاتان لە ژێر دەستى داگیرکەری رزگاریان بوو، هاتنەگۆڕەپانى نێونەتەوەییە و بەوەش دۆخەکە گۆڕدرا.
ئیدی پەیماننامەکانى جنێڤ بە شێوەیەکى جیاواز لەو تێگەێشتنەى پێشووتر شیکارییان بۆ کرا. پرۆتۆکڵی تر، کە پەیوەندییان بە شەڕی ناوخۆوە هەیە ئامادە کران. پێناسەى شەڕی ناوخۆ، یان بەکارهێنانى دەستەواژەى شەڕی ناوخۆ بەرفراوانتر بوو. راستیى شەڕی ناوخۆیى، شەڕی ئازادی، تێکۆشان لە دژی داگیرکەری و زوڵم و چەوساندنەوە قبوڵ کران. بەڵام بەدەستپێکردنى شەڕ لەدژی تیرۆریزم لە ساڵی ٢٠٠١ دا هەموو شتەکان سەرلەنوێ گۆڕدرانەوە. بێگومان کردەى تیرۆریستى هەیە، بەڵام ئەمریکا ئیتر جیاوازى ناکات لە نێوان کردەى تیرۆریستى و تێکۆشانی رەوا لە دژی رژێمە زۆردار و دیکتاتۆرەکان و دواى ئەمریکاش زۆرێک لە وڵاتانى تر ئەو جیاوازییەیان لابرد.
'لە ئەنجامدا ئاشتی لەگەڵ لایەنەکەى تری شەڕدا بەدی دێت'
ئەمریکییەکان تیۆرییەکەی خۆیان خستە سەر مێز و جێبەجێیانکرد. رێکخستنێکى وەک پەکەکە و فەلەستین لەو کاتەدا خرانە لیستەکەوە. ئەمریکییەکان دەستیان پێکرد و ئەوروپییەکان و وڵاتانى تر درێژەیان پێدا و دواى کەوتن. بە بڕیارەکەى بەلجیکا ئێمە بۆ یەکەمجار وتمان 'هەستیار و ئاگادار بن'. لەلایەک رێکخستنێک هەیە، کە فڕۆکەخانەکان و میترۆکان دەتەقێنێتەوە و لەلایەکى ترەوە رێکخستنێک هەیە، کە لە دژی زۆرداری شەڕ دەکات. ئێمە خواستمان ماف و یاسایەکى تر لەوبارەوە دابنرێت یان کار بە پەرەنسیبە نێونەتەوەییەکان و پەرەنسیپەکانى جنێڤ بکرێت.
لە مانایەکى تردا، ئێمە خواستمان لەبارەى گروپى یەکەمەوە (ئەوانەى میترۆکان و فڕۆکەخانەکان دەتەقێننەوە) یاسای سزادان کاری پێبکرێت و بۆ دەستەى دووەمیش، پێویستە لە دواى ئەوەى پێناسە کران لە چوارچێوەى حقوقی شەڕ و یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەکاندا لێکدانەوەى بۆ بکرێت و بناسرێن.
کێشەکە لەبەر ئەوە زۆر ئاڵۆزە.بە بڕواى من دەبێت هێڵی نێوان ئەو دوانە بەشێوەیەکى بەرچاو لە یەکتر جیا بکرێتەوە. ئەوە روونە یان ئێوە لەلایەکن یان لەگەڵ لاکەى ترن. رێکخستنێکى وەک داعش لە سوریا و لە دەرەوەى سوریاش هێرش ئەنجام دەدات. ئەو هێرشانەى لە سوریا ئەنجامى دەدات لە چوارچێوەى تاوانەکانى پاکتاوکاری و سڕینەوەدان و ئەوانەشی لە دەرەوەى سوریا ئەنجامى دەدات لە دژی مرۆڤایەتییە و دەبێت ئەوانە ئیدانە بکرێن. هێرشەکانى سەر برۆکسل-یش دەبێت لە چوارچێوەى کارەکانى رێکخستنى تیرۆریستی دا پێناسە بکرێن. ئەوەش بەو مانایەیە، کە رێکخستنێک دەتوانێت لە هەر دوولاکەدا، یان لە هەر دوو وڵاتەکەدا بێت، بەڵام چالاکییەکەى یان یەکێکە لەو چالاکییانە یان چالاکییەکی ترە و جیاوازیى هەیە. بە بڕواى من دەبێت ئەو دوانە لە یەکتر جیابکرێنەوە.
ئەگەر رێکخستنێک وەک 'بزووتنەوەیەکى نا دەوڵەتى' لە شەڕدا پێناسە کرا، ئەوا دەبێت هانبدرێت، کە رێز لە یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەکان بگرێت. بە بڕواى من ئەوە لایەنێکى تری هەیە، ئەگەر یەکێتیى ئەوروپا بە بزووتنەوەیەک کە لە شوێنێکى تردا شەڕ دەکات بڵێت "تیرۆریست" ئەوا ئەو کاتە ناتوانێت باس لە ئاشتى بکات، یان هاندان بۆ ئاشتى بکات، چونکە لە ئەنجامدا ئاشتی لەگەڵ لایەنەکەى تری شەڕدا بەدی دێت".
***
***
ر.م