لە ٣ ساڵی رابردوودا لە بەلجیکا ٥ بڕیاری ئەرێنى لەسەر پەکەکە دەرکراوە. تانە لە هەموو بڕیارەکان درانەوە. لە دژی "لیستى تیرۆر" سکاڵا لە دیوانی دادپەرەوەریى لوکسەمبۆرگ تۆمار کرا. لیستەکە لە رووی حقوقی و یاساییەوە پووچکراوەتەوە. دەبێت دەرەنجامى ئەو بڕیارانە چی بێت؟
بڕیاری دادگای برۆکسل و دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا لە لۆکسەمبۆرگ لەسەر پەکەکە، هەم لە رووی حقوقی و یاساییەوە بۆ کورد و هەم لە رووی سیاسییەوە وەک قۆناغێکى نوێ سەیر دەکرێت.
لە ٣ ساڵدا ٥ بڕیاری ئەرێنى لەسەر پەکەکە دەرکراوە
لە ماوەى ٣ ساڵی رابردوودا لە بەلجیکا ٥ بڕیارى ئەرێنى و باش لەسەر پەکەکە دەرکراوە. دادگاى تێهەڵچوونەوەى بەلجیکا رۆژی ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٧ی رەشەمە لەسەر دوو دۆسیەى جیا دوا بڕیاری دا. دادگا بۆ هەر دوو دۆسیەکە بڕیاری دا کە نابێت کەسەکان یان رێکخراوەکان بە گومانی 'ئەندامبوون لە پەکەکەدا' لە دادگاکانى بەلجیکا بەهۆی تاوانی 'بەشداریکردن لە کاری گروپێکى تیرۆریستیتدا دادگایى بکرێن'.
دادگاکە پەکەکەی وەک 'هێزێکى چەکداری نا دەوڵەتى' کە بەشداری شەڕێکى درێژخایەنى 'نا نێونەتەوەیى' بووە ناساند. دادگاکە ئەوەشى دەستنیشانکردووە، کە یاسای دژە تیرۆر لە بەلجیکا نابێت بۆ ئەو رووداوە بەکاربهێنرێت.
دەوڵەتى تورک و داواکارى گشتیى فیدراڵی بەلجیکا هەر وەک ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکانى پێشووتری ئەو دادگایە، لە دژی ئەو بڕیارانە لە ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩ / ٢٩ی رەشەمە تانەیان لە بڕیارکانی دادگاى تێهەڵچوونەوە دا و بەو هۆیەوە بڕیارەکەی دادگاکە براوەتە دادگاى باڵاى پێداچوونەوە.
باشە ئەو پرۆسە حقوقییە چۆن کۆتایى پێ دێت؟ تانەکە لە دادگاى باڵاى پێداچوونەوە بۆ گرینگە؟ پێناسەکردنى کێشەى کورد لە چوارچێوەى 'شەڕی چەکداری' چ مانایەک دەدات؟ لە رووی حقوقی و سیاسییەوە چ ئەنجامێکى لێدەکەوێتەوە؟ جان فیرمۆن پارێزەری بەلجیکیى دۆزەکە، رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى گەل و زویبەر ئایدار ئەندامى دەستەى بەڕێوبەریى کەجەکە وەڵامى ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.
ئەگەر دادگاى باڵاى بڕیارەکە پەسەند بکات دۆزسیەکە دادەخرێت
بڕیارەکانى ئەمدواییەى دۆسیەکانى برۆکسل و لوکسەمبۆرگ لەسەر پەکەکە وەک سەرکەوتنێکى حقوقی لێکدەدرێنەوە. هاوکات سەلمێنەری ئەوەیە، کە لە رووی حقوقییەوە تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری هەڵە لەبارەى پەکەکەوە دەرکراون. لە بڕیاری یەکەمەدا لەلایەن دادگای لوکسەمبورگ-ەوە لەبارەى بوونی ناوی پەکەکە لە 'لیستى تیرۆر'ی یەکێتى ئەوروپا دا بە ناهەق و ناڕەوا زانرا، بەڵام سەرباری ئەوەش بە شێوەیەکى ئۆتۆماتیکی پەکەکە سەرلەنوێ خرایەوە ناو لیستەکە و کوردیش دیسانەوە لە دژی لیستەکە وەستانەوە و دووبارە سکاڵایان تۆمار کردەوە.
دۆزی برۆکسل چۆن دەستیپێکرد؟
دۆزی برۆکسل لە چوارچێوەى لێپرسینەوەکانى ساڵی ٢٠٠٦ دا دەستیپێکرد. لەو دۆزەدا ٣٧ کەس و رێکخراو دادگایى کران، کە دوانیان میدیاى کورد و یەکێکیشیان فیدان دۆغان (رۆژبین)بوو، کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس تیرۆرکرا.
هاوکات لەگەڵ ئەو دۆزەدا، دۆز لە دژی کوردێکى تر بە ناوی فەیسەڵ چۆلاک کرایەوە. چۆلاک بەوە تاوانبار کرا، کە هەندێک کەلوپەلی تەکنیکیى لە بەلجیکاوە بردووە بۆ باشووری کوردستان و داویەتى بە پەکەکە. چۆلاک بۆ ماوەیەک لە زینداندا راگیرا و بۆ چۆلاک لەلایەن دوو دەستەوە دوو بڕیار دەرکرا. ئەنجامی دوا بڕیار رۆژی ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٧ی رەشەمە لەگەڵ دۆزە سەرەکییەکەدا ئاشکرا کرا. دادگا رایگەیاند، نابێت پەکەکە وەک رێکخستنێکى تیرۆر بناسرێت و نابێت چۆلاک لەو چوارچێوەیەدا دادگایى بکرێت.
لە چوارچێوەى لێپرسینەوەى سەرەکیى ساڵی ٢٠٠٦ دا ئیدعانامە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئامادە کرا. ئایدار دەڵێت "لەو کاتەوە ئێمە لە دادگادا رووبەڕووی داواکاری گشتی و پارێزەرەکانى دەوڵەتى تورک دەبینەوە".
پارێزەر جان فیرمۆن دەڵێت "لەو لێپرسینەوەیەدا لەسەر ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکانى کورد لە بەلجیکا لێکۆڵینەوە کرا. داواکارى گشتى لەو بڕوایەدایە کە هەموویان پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە".
شێوەى شەڕەکە دەستنیشانکرا
سیاسەتمەدارانى کورد و پارێزەری دۆزەکە لە دۆزی بەلجیکا لەسەر دەستنیشانکردنى شێوەى شەڕەکە راوەستان و لەو چوارچێوەیەدا بەرگرییان لە خۆیان کرد. فیرمۆن لەوبارەیەوە دەڵێت "دەبوایە هەموو ئەوانە هەم بەپێى یاسا و حقوقی بەلجیکا و هەم بەپێى یاسا و حقوقی ئەوروپا بسەلمێنرایە، کە ئاخۆ پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆریستییە یان نا. لەبەر ئەوەی هیچ رووداوێکى توندوتیژانە لێرە رووینەداوە، ئێمە وتمان دەبێت لەسەر شێوەى توندوتیژییەکە لە تورکیا لێکۆڵینەوە بکرێت".
بەپێى فیرمۆن گرینگیى حقوق و یاساکانى بەلجیکا لەوەدایە کە یاسایەکى ئەوروپی لەسەر "شەڕی چەکداری" لە یاساکانى خۆیدا جێکردووەتەوە. بەپێى ئەو یاسایە، شەڕی چەکداری لە چوارچێوەى شەڕی دژ بە تیرۆر جیاکراوەتەوە.
فیرمۆن لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "بەپێى یاساکانى بەلجیکا، کە هاوکات یاسای ئەوروپایە، ئەگەر رێکخستنێک لە چوارچێوەى یاسا نێونەتەوەییەکاندا بەشێوەى چەکداری بەشداری لە شەڕدا بکات، جا ئەو شەڕە شەڕی ناوخۆی وڵاتێک بێت یان شەڕێکى نێونەتەوەیى بێت، نابێت چالاکییەکانى وەک کردەى تیرۆر پێناسە بکرێن".
ئیدی پشتیوانیکردن لە پەکەکە تاوان نییە
لە چوارچێوەى بڕیارەکەى دادگاى بەلجیکادا، پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە (لە دەرەوەى زۆر و توندوتیژی)، کۆکردنەوەى پارە و ئەنجامدانى چالاکى تاوان نییە. فیرمۆن وتى "دادگاى تێهەڵچوونەوە بڕیاریدا کە ئەوە شەڕێکى چەکدارییە و هەپەگە لایەنێکى ئەو شەڕەیە. ئەنجامەکەشی ئەوەیە، نابێت یاسای دژە تیرۆر لە دژی ئەو کەسانە، کە پشتیوانی لە پەکەکە و هەپەگە دەکەن بەکار بهێنرێت و ئەو یاسایەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت".
دادگاى باڵا دوا بڕیار دەدات
دادگاى باڵا لەبارەى دۆزی برۆکسل – ەوە بڕیار دەدات. ئەگەر دادگاى باڵا بڕیارەکەى دادگاى تێهەڵچوونەوەى پەسەند کرد، ئەو پرۆسە سەردەکەوێت و کۆتایى پێدێت. زوبەیر ئایدار دەڵێت "ئێمە لەو بڕوایەداین دادگاى باڵا ئەو بڕیارەی دادگاى تێهەڵچوونەوە پەسەند دەکات".
فیرمۆن ئەوەشی وت "ئەگەر دادگاى باڵا بڕیارەکەى دادگاى تێهەڵچوونەوە پەسەند بکات ئەوە دەبێتە دوا بڕیار و دوا خاڵ. بڕیاری دادگاى باڵا دوا بڕیارە".
دوو دۆز لە لوکسەمبۆرگ لە دژی "لیستى تیرۆر"
پێش بڕیارەکەى ئەمدواییەى دادگاى بەلجیکا، دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا لە لوکسەمبۆرگ ئەوەى بە "ناهەق" زانى، کە یەکێتیى ئەوروپا ناوى پەکەکەى خستووەتە ناو لیستى رێکخستنە تیرۆریستییەکانەوە.
دیوانى دادپەروەریى ئەوروپا رایگەیاند، ئیدعاکانى بەریتانیا لە دژی پەکەکە لە نێوان ساڵانى ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لەسەر پەکەکە راست نین و بڕیاریدا، کە ئەو پاساوانە بۆ ئەوە نابێت پەکەکەی پێ بخرێتە ناو لیستى تیرۆرەوە.
یەکێتیى ئەوروپا بڕیارەکەى بردە دادگاى پێداچوونەوە. بەریتانیاش بۆ ئەوەى بۆ ساڵی ٢٠١٨ ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا بهێڵێتەوە تانەى لە بڕیارەکە دا و بەو هۆیەوە بەشێوەى ئۆتۆماتیکى لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٢٠ی بەرفرانبار دا سەرلەنوێ ناوی پەکەکەى بە لیستەکە زیاد کردەوە.
لایەنى کورد لە ٧ی ئاداری ٢٠١٨ دا لە دژی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا سکاڵایەکى تری تۆمار کردەوە. ئێستا ئەو دوو دۆزە لە لوکسەمبۆرگ بەردەوامییان هەیە. بەپێى بۆچوونى فیرمۆن دادگا لیستە نوێکەش پووچەڵ دەکاتەوە.
زوبەیر ئایدار دەڵێت "ئارگۆمێنت و بەڵگەکان، ئیدعاکان هی پێشترن و هیچ بەڵگە و ئارگۆمێنتێکى نوێیان نییە. بۆیە لە تانەکانیان هیچیان دەستناکەوێت و تانەکانیان لە دادگاى پێداچوونەوەش رەتدەکرێتەوە".
لەگەڵ ئەو بڕیارانەى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ، لەلایەن زۆرێک لە لایەنەکانەوە تێکۆشانێکى بەرفراوانى حقوقی و یاسایى بەڕێوەدەچێت. کوردان لە دژی قەدەغەکاری، دابڕاندن و گۆشەگیرکردن و تەریککردن و لە دژی لیستى تیرۆر تێکۆشانێکى حقوقیی بەرفراوانیان ئەنجامدا. بڕیارى دادگاى بەلجیکا بۆ خۆیان دەکەنە نمونە و یەک بە یەک لە وڵاتەکانى تردا تێکۆشانی حقوقی و یاسایى خۆیان لە دژی قەدەغەکاری، دابڕاندن و تەریککردن و لیستى تیرۆر درێژە پێدەدەن.
کارتاڵ: قۆناغێکى نوێ دەستیپێکردووە
رەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکى کۆنگرەى گەل وتى "مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، بڕیارەکانى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ بۆ بزووتنەوەى کورد، پەکەکە، رێکخراوەکانى کورد لە ئەوروپا، سیاسەتمەدارانی کورد لە رووی حقوقییەوە پرۆسەیەکى نوێ دەستیپێکردووە".
کارتاڵ وتیشی "بڕیارەکانى بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ بۆ نەهێشتنى لەمپەر و رێگرییە حقوقییەکان و قەدەغەکارییەکانى سەر پەکەکە و کوردان لە گۆڕەپانى نێونەتەوەیى دا دەبێتە نمونە. لەو بوارەدا کارێکى بەرفراوان بەڕێوەدەچێت".
کارتاڵ باسی ئەوەشیکرد، کێشەکە کێشەى سیاسییە. دەبێت لەسەر بنەماى حقوقی نێونەتەوەیى ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
***
***
ر.م