'ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت'

ڕێکخراوە پیشییەکانی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن لەبەردەم وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد و ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، داوایان کرد فشارە یاساییەکان لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین کۆتایی بێت و پەیامی "ڕۆژنامەوانی تاوان نییە"یان دا.

بەبۆنەی ٣ی ئایار ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن ، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە فورات (دەفەگە)، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی میزۆپۆتامیا (مەکەگە)، دیسک باسین-ئیش، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی چاگداش (چەگەدە)، هابەر-سەن و کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانان لەبەردەم وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا. لە چالاکییەکەدا پانکارت بە نوسینی "ڕۆژنامەوانی تاوان نییە" دانرا، وێنەی ڕۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکان بەرزکرانەوە و دروشمی "ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" گوترایەوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری باسین-ئیشی دیسک ئەزەل سەزەر ئاماژەی بەوەدا، ڕێکەوت نییە تورکیا لە بابەتی ئازادی ڕاگەیاندندا لە ڕیزی ١٥٩هەمین دایە و گوتی: "ئەو ڕۆژنامەوانانەی بەشداری گردبوونەوەکان دەبن، بە نوسین و هەوڵەکانیان ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن و ڕەخنەی دەسڵاتداری دەکەن ،بە پاساوی جیاوازی نایاسایی دەستبەسەر، زیندانی دەکرێن و سزا دەدرێن."

لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەشداوە ئەمڕۆ جارێکی دیکە ڕۆژنامەوانان بە ڕێسای نوێی وەک 'سیخوڕی کاریگەر' دەکرێنە ئامانج و دەڵێن ڕۆژنامەوانی تاوان نییە.

بە ناوی دەفەگەوە سەلمان گوزەلیوز ئاماژەی بەوەدا ڕاگەیاندنی ئازاد لەبەردەم هیچ فشارێکدا سەرنەوی ناکات و لەبەر ئەمەش ڕۆژنامەوانان بە ئامانج دەگیرێن.

دواتر پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، جەیلان ئاکچا، قسەیکرد و لە قسەکانییدا سڵاوی لە خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد کرد و سەرنجی خستەسەر سنووردارکردنی ئازادی ڕاگەیاندن لە تورکیادا.