ڕاپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا: تورکیا سەرچاوەی نائارامییە

لەڕاپۆرتێکدا، کە لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپادا پیشکەشکرا، تورکیا بە "سەرچاوەی ناسەقامگیری و نائارامی" ناسێنرا.

لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپادا ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە سیاسەتی هاوبەش لەسەر ناوچەکانی دەرەوە، ئاسایش و بەرگریی یەکێتی ئەوروپا پێشکەشکرا.

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە سیاسەتی پاراستنی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا بوون. ڕاپۆرتەکە لە لایەن ناتالی لویساو ئەندامی گروپی لیبرالی (نوێکردنەوە / رینیو) پێشکەشکران و ڕایگەیاند، تورکیا "سەرچاوەی ناسەقامگیری"یە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی دۆیچەڤێلەى ئەڵمانی (دی دەبلیو)، "دراوسێکانی یەکێتیی ئەوروپا لە زۆر ناوچە و شوێن دا بە رۆڵێک هەڵدەستن، کە سەقامگیری لاواز دەکات و بەوەش هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمایەتی دروست دەکەن".

لویساو ساڵی ٢٠١٩ و پێش ئەوەى ببێتە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە حکومەتی سەرۆک کۆمار ئیمانوئیل ماکرۆن دا وەزیری کاروباری ئەوروپا بوو.

لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر سیاسەتی هاوبەش و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپادا بوو و لەلایەن دەیڤد ماکئالیستەر ئەندامی فراکسیۆنی دیموکرات مەسیحییەکانی ئەڵمانیا ئامادەکرابوو، تیایدا هاتووە، رێنماییەکان بۆ ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا و بەپێی بارودۆخی ئێستا "دوورە لە راستییەوە".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە، "ئەگەر تورکیا بە خێرایی و بە شێوەیەکی جدی لەو رێگا خراپە نەگەڕێتەوە، کە گرتویەتیە بەر، ئەوا  پێویستە پێشنیازی ئەوە بۆ کۆمیسیۆنی ئەوروپا بکرێت، کە بەردەامیدان بە دانوستانەکانی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا رابگرێت".

ماکئالیستەر راشیگەیاند، "دەبێت تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئێستادا، بەپێی تواناییە ئیداری و کارگێڕییەکان و بۆ پەیوەندیی داهاتوو و ئەڵتەرناتیڤ و مۆدێل و شێوەکانی دانوستانەکان، بە شێوەیەکی راستەقینە و دیالۆگی پێشکەوتوانە لە بەرچاو بگرن".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، تورکیا لە هێڵی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دوورکەوتوەتەوە و بە تایبەتی باس لە ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست کراوە.

ژ.ت