ڕاپۆرتی ئاگرەکە: تەلی کارەبا هۆکار بووە

سەرۆکایەتی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی ئامەد لە ڕاپۆرتی سەلماندنی زیانەکان دەربارەی ئەو ئاگرەی بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا، ڕایگەیاند ئاگرەکە بەهۆی تەلی کارەباوە بووە.

ڕاپۆرتی ئاگرەکە

سەرۆکایەتی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی ئامەد پەیوەست بە ئاگرەکەی نێوان ناوچەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین، کۆمیسیۆنێکی ٦ کەسی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە و قەبارەی زیانەکان. پاش ٣ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە هەرێمەکە، کۆمیسیۆنەکە ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد.

پریشکی کارەبا کەوتۆتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان

کۆمیسیۆنەکە ڕایگەیاند لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ورد لە گەڕەکی تۆبنی ناوچەی چنار، گەیشتوون بەو ئەنجامەی ئاگرەکە بەهۆی ئەوە بووە، پریشکی ئاگر کەوتۆتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. جەختکراوەتەوە، ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە دەخرێتە بەردەم داواکاری گشتی کۆمار.

لە ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە، لە ئاگرەکەی گەڕەکەکانی تۆبنی و هەربەر و باخجاخ ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٢١ کەس برینداربوون کە یەکێکیان لە تیمی ئاگرکوژێنەوەیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا دیاریکراوە لە تۆبین ٣٠٢ بزن و ٦٢٢ مەڕ مردار بوونەتەوە، هەزار و ٦٢٧ دۆنم زەوی چێنراو، ١٠ دۆنم نەمام، ٢ تراکتۆر، ١٩ دامەزراوەی ئاودێری، ٤ محاویلەی کارەبا، ٢ ئاسیاو، ٣٥ پانێڵی کارەبا، مەکینەیەکی شەقام، ئامێرێکی ئاوپاککەرەوە ، ٢ تانکی، ١٠ دار هەنار، ١٤٠ تۆن چیمەن زیانیان پێگەیشتووە. هەروەها باس لەوە کرا کە لە گەڕەکی باگاچیک ٢ دامەزراوەی ئاودێری و ١٥ دۆنم نەمام و ٤٢ دۆنم سیستەمی ئاودێری سووتاون.