بە دیمەن

لە سویسرا یاسای دژی پەنابەران شەرمەزارکرا

لە بێرنی پایتەختی سویسرا لەسەر بانگەوازی پێکهاتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی پەنابەران یاسای دژی پەنابەران شەرمەزار کرا.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی پار، پارتە ڕاستڕەوەکانی سویسرا زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، لە دانیشتنی هەفتەی ڕابردووی پەرلەمانی سویسرا، چەندین یاسا دژی پەنابەران پەسەند کران.

چەندین پارتی سیاسی و ڕێکخراوی پەنابەران بۆ شەرمەزارکردنی یاساکە چالاکییان ئەنجامدا، لەگەڵ دەرچوونی یاساکە، پارتی سۆسیالیست کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەی دەست پێ کرد، لە یەک ڕۆژدا ١٢٠ هەزار واژۆ کۆکرانەوە، بەم هۆیەوە ئێستە ڕەشنووسی یاساکە ڕاگیراوە.

بەم بۆنەیەوە لەسەر داوای ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی پەنابەران ڕێپێوانێک لە شاری بێرن ئەنجامدرا و ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، ناڕەزایەتی توند بەرامبەر یاساکانی دژی پەنابەران نیشاندرا.

بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ستاند دانرا

ئەندامانی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (جەدەکە_سە) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە_سە) بەشداری چالاکییەکە بوون. لە گۆڕەپانی بودنسپلاتز، ئەندامانی مەجلیسی ژنانی بەرژین زەندا، پەیوەست بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ستاندیان دانا. دەربارەی گۆشەگیری زانیاریان دا و بڵاوکراوەیان دابەشکرد.