بانگەواز لە ئیزمیر: لە دژی گۆشەگیری و شەڕ بڕژێنە گۆڕەپانەکان!

رێکخستنی دەم پارتی لە ئیزمیر لە دژی شەڕ، داگیرکەری و سیاسەتی گۆشەگیری بانگەوازی کرد کە لە ١ی ئەیلولدا هەمووان بڕژێنە گۆڕەپانەکان.

رێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە بۆنەی ١ی ئەیلول رۆژی ئاشتیی جیهانی بە دروشمی "لە دژی شەڕ و داگیرکەری بۆ ئاشتی و لە دژی گۆشەگیری بۆ ئازادی دەنگ هەڵدەبڕین" لە بەردەم بینای پارتەکە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد.

پەرلەمانتارانی بازنەی ئیزمیری دەم پارتی بیرجوگول چوبوک و ئیبراهیم ئاکن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە بوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیزمیر زەهرا ڤەزان کارابولوت لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بە دروشمی "نا بۆ شەڕ" لە گۆڕەپانەکان دەبین. راشیگەیاند: "بەهێزبوونی دەسەڵاتە راستگرەکان و ململانێکانیان لەسەر هەژموون، شيڕی نوێ هەڵدەگیرسێنێت. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە رێگەی بەهێزکردنی بناغەکانی فاشیزمەوە درێنە بە رژێمەکەیان دەدەن. ئەم دەسيڵاتە هەموو گەلان، ئایین و باوەڕیەکان، رەنجدەران و ژنانی دەرەوەی بەرژەوەندی سەرمایەداری، دەچەوسێننەوە و هەوڵ دەدەن درێژە بە فەرمانڕەوایی خۆیان بدەن.

کارابولاک جەختیشی کردەوە کە لە دژی فاشیزم کاتی بەهێزکردنی تێکۆشانە و وتی، "راستگری، نەژادپەرستی و تەوژمی فاشیزم کە لە هەڵکشاندایە، دەریدەخات کە دەبێت بەربەست لەبەردەمیان دابنرێت و ئێستا کاتی تێکۆشانی یەکگرتووە. ئێمە لە دژی گۆشەگیری لە تورکیا و کوردستان، لە دژی شەڕ و سیاسەتی داگیرکەریی فاشیستی لە ١ی ئەیلولدا لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا کۆدەبینەوە. ئێمە هەموو ئاشتیخوازان بانگهێشت دەکەین کە بەشداری لە خۆپیشاندانێکی گەورە بکەن لە شارەکە".

لای خۆشیەوە پەرلەمانتاری دەم پارتی بورجوگوڵ چوبوک وتی، هێندەی گەل ئاشتی دەوێت، هێندە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە خوازاری شەڕن. دەبێت گەل لە دژی شەڕ، لە سەر ئاشتیخوازی خۆی رێکبخات. ئێمە لە دژی دەسەڵات و شەڕ، ئاشتی گەلان دەپارێزین".

هاوکات ئیبراهیم ئاکن پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیزمیش وتی، ئامادەکارییەکانی شەڕی جیهانی سێهەم بەردەوامن و رایگەیاند، "لە هەموو شوێنێک گفتوگۆ لەبارەی شەڕەوە دەکرێت. گەلانی جیهان دەخەنە ناو ئاڵۆزیەکی نوێوە. بەو شەڕانەی دەکرێن، گەلان رووبەڕووی هەژاری و برسێتی و داهاتووی نادیار دەکرێن. با لە دژی شەڕ بوەستینەوە. ١ی ئەیلول لەم رووەوە زۆر واتادارە".