باقرخان: سەرلەنوێ خۆمان رێکدەخەینەوە

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ تونجەر باقرخان بەر لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی پارتەکەیان لێدوانیدا و وتی: "سەرلەنوێ خۆمان رێکدەخەینەوە و رێکخستنەکانی شار و ناوچەکانمان بەهێزتر دەکەیەنەوە".

ئەنجومەنی پارتی یەکسانی و دادپەروەری گەلان (هەدەپ) یەکەم کۆبوونەوەی لە ناوەندی گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سازکرد. هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ تونجەر باقرخان بەرلە کۆبوونەوەکە قسەی کرد و سپاسی هەموو ئەو بەڕێوەبەرانەی کرد کە لە هەنگاوەکانی رابردووی حزبەکەدا بەشداربوون.

باقرخان وتی، لە کۆنگرەی ١٥ی تشرینی یەکەم دروشمی سەرەکییان "لەپێناو ئازادی"دا بوو، "ئەو دروشمە، دروشمێکی ئاسایی نییە. لە هەمان کاتدا دروشمێکی بەو جۆرەیە کە نەخشەرێگەی داهاتوو و هێڵی سیاسی داهاتوومان دیاریدەکات. ئێمە بە هاوپەیمانیی بەهێزتر و تێکۆشانی بەگوڕتر دەبینە وەڵامدەرەوە".

باقرخان سەرنجی راکێشا بۆ سەر پەرەسەندنەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی؛ "بەبەرچاومانەوە شەڕ و کارەساتێک لە ئارادایە. بە داخەوە کە لە جیهاندا کێشە ئایینی و نەتەوەییەکان چارەسەرنەکران و هۆکاری ئەمەش ئەقڵیەتی نەتەوە دەوڵەتە. بەداخەوە نەتەوە دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن بە زۆرەملێ کراسی خۆیان بکەنە بەر هەموو کەس. ئەمڕۆ لە ئیسرائیل، فەلەستین، رۆژئاوا، قەرەباغ و زۆر ناوچەی دیکەی جیهان تراژیدیای مرۆیی روودەدەن. بەڕێوەبەرانی نەتەوەی-دەوڵەتپارێز و تاکپەرست بە گوشار، ستەم و شەر هەوڵ دەدەن فرەرەنگیەکانی دیکە لەناو ببەن. شەڕی ئیسرائیل- فەلەستین کە ئێستا گۆڕدراوە بۆ قڕکردنی کۆمەڵگا یەک لە بەرجستەترین نیشانەکانیەتی. لێرەدا یاسای نێونەتەوەیی و بەها مرۆڤایەتیەکان بەنەبوو دادەنرێن.

بەداخەوە وەک لە رۆژئاوا، هێزە نێونەتەوەییەکان لە دژی تێکۆشانی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کورد بێدەنگ دەبن و لە شەری ئیسرائیل فەلەستینیشدا تەنیا رۆڵی بینەر دەگێڕن. ئێمە رەخنە لەوە دەگرین. لە فەلستین هەموو رۆژێک کوشتن روودەدات و دەسەڵاتی سیاسیش بۆ رێگریی لە کاردانەوەکان تەنیا چەند کارێکی بچوک دەکات، بەڵام هیچ هەنگاوێک نانێت. دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند. ئاخۆ ئەو ماتەمینەی لە تورکیا راگەیەندراوە چەندە برینەکانی فەلەستینیەکان تیمار دەکات. بینیمان هیچ سوودێکی نەبوو. ئێمە لە دەسەڵاتی سیاسی دەپرسین؛ ئایا راگەیاندنی ماتەمینی توانی رێگری لە مردنەکان لە فەلەستین بگرێت؟ برینی چەند منداڵ ساڕێژ بوون؟

لە دژی ئەو دەستەوەستانیەی دەسەڵات، ئێمە دەڵێن کە پێویستە کۆمەڵگا و ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیکی تورکیا باشتر دەنگ هەڵبڕن. لێرەدا تەنیا شەڕی ئیسرائیل- فەلەستین لە ئارادا نییە، هەروەها قڕکردن و کۆمەڵکوژی هەیە، شەڕ لە دژی مرۆڤایەتی هەیە. تاکە ئەرکی شۆڕشگێڕانی تورکیا و کوردستان ئەوەیە کە کۆتایی بەو ئازارە بهێنین. بۆ ئەوەی هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان کۆتایی بە هەوڵە ئاسایی و کەمەکانیان بهێنن و رێگریی لە جینۆساید لە فەلستین بکەن، پێویستە هەموو گەلانی جیهان دەنگ هەڵبرن و گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان. لە دژی هەڵوێستی حکومەتەکانی ئێستا و رێگریی لە شەڕ، ئێمە لە رۆژانی داهاتوودا رۆڵی کارا دەگێڕین.

دەبێت هەموو ناڕەزایەتییەکان لە دژی هێرشەکانی سەر فەلەستین، لە هەمان کاتدا بەرامبەر بە هێرشەکانی سەر رۆژئاواش دەرببڕدرێن. ئەمە، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی مرۆیی و مێژووییە. لە رۆژئاوا منداڵ دەکوژرێن. لە دژی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکان هێرش ئەنجام دەدرێت، مرۆڤ ناتوانێت نوێژ و پەرستشی خۆی بکات، وێستگەکانی وزە و خۆراک بۆردومان دەکرێن. ئەوەی باس لە دیموکراسی دەکات دەبێت رۆژئاواش لە تەنیشت فەلەستینەوە دابنێت.

ئەگەر هەمان چەک لە قەرەباخ، رۆژئاوا و فەلەستین دەتەقێتەوە، ئەوا تەنها وەستان بەرامبەر دڕندەیی لە فەلەستین بەس نییە. ئایا ئەو لۆجستیکەی کە بۆ بەرژەوەندی و بارۆنەکانی شەڕ تەرخان دەکرێن لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟ با بە یەک نموونە پێتان بڵێم؛ ئەگەر پرسیار لە گەورەترین سەرچاوەی داهات و بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بکەیت، دەلێن سەرچاوەکەی باجی زیادکراوە. هەر لەو ئاوەی دەیخۆینەوە تا دەگاتە ئەو نانەی کە دەیکڕین، دەوڵەت بە زیادکردنی ڕێژەی باج پارەمان لێ دەبات و ئەم شەڕە ئەنجام دەدات. دەیەویت تێچووی کۆشک، فیشەک و دەوڵەمەندەکان لە جووتیاران، کرێکاران، کاسبکاران و کۆڵبەران بستێنێت. ئێمە بەرامبەر بەم سیاسەتەی کە بۆنی خوێنی لێ دێت نارەزایەتیمان دەردەبڕین و هێندەی تر پەڕە بە نارەزایەتییە کانمان دەدەین. دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە ڕێگە نادەین بە برسی کردنی ئێمە تێربن و لەسەر خوێن و گیانی ئێمە لە دەسەلاتدا بمێننەوە.

ئەو پرۆسانەی کە لە پێشمانن هەم لە بواری سیاسی هەمیش لە بواری پلانسازی دا زۆر بە تێر و پڕی بەڕێوە دەبریت. ئێمە بە ئاگاداری و بە ئامادەییەوە خۆمان خستۆتە ژێر ئەم بارە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر بە گەلی تورکیا بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین. لە سبەینێوە جانتاکانمان لەشانمان دەکەین و بەردەوام دەبین لە سەردانەکانمان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، قەزایەک بۆ قەزایەکی تر، گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی تر. ڕێکخستنی ناوچەیی بەهێز و شاری بەهێز دادەمەزرێنین و سەرلەنوێ خۆمان بە ڕیکخستن دەکەین. هەروەها لە هەرێمێکەوە بەرەو گشتی تورکیا تێکۆشانی خۆمان بەرفراوان دەکەین و پەیمانێکی دیمۆکراتیکی بەهێز کە دیمۆکراسی بەهێز دەکات درۆست دەکەین، ئەمە قەرزێکی لە ئەستۆی ئێمەدایە. ئێمە بۆ گەلەکەمان و رەنجدەرانی ولاتەکەمان هەرچی بکەین هەر کەمە. بە دەیان ساڵە ئازارمان دەدەن، هیچ ئازارێک نەماوا کە نەچێژرابێت. بە هەزاران گەنجی ئێمە گیانیان فیدای ئەم ولاتە کرد و خرانە ژیر گلەوە. ئێمە  بۆ دایک و هاوڕیکانمان هەرچەندە کار بکەین هەر کەمە.

یەکێک لە گرینگترین کارنامەکانی داهاتوومان هەڵبژاردنی ناوخۆییە. ئێمە وەک پارتی بۆ خەباتی هەلبژاردنی خۆجێی بریاری سەرلە نوێ رێکخستنەوەی خۆماندا. لەم بوارەدا خەباتێکمان هەیە. دوای ئەوەی کە لیژنەکانمان دروست کرد، نەخشەرێی خۆمان بۆ  بەرێوبەرانی خۆجێیی و بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین. بێگۆمان دەبیت مرۆڤ رووی هەندێک شت ئاشکرا بکات. هەلبژاردنە خۆجییەکان لە جاران زیاتر واتای خۆی پیشان دەدات. نەک تەنیا ئەو شارەوانیانەی کە لەژێر دەستی قەیومەکاندان، بەلکۆ هەموو ئەو شارەوانیانەی کە بەرێوبەرەکانیان گەندەلن دەخەینە دەست خۆمان. جاڕێکی تر دووبارەی دەکەینەوە نەک تەنیا شارەوانیەکانی خۆمان بەدەست دەهێنین بەلکۆ شارەوانیەکانی کانی رەش، موش و قەرە شوان هتد... بە دەست دەهێنین و دەیکەین بەماڵی گەلی خۆمان.

سەرکەوتنەکانمان لە ناوچەکانی تورکیاش بڵاودەکەینەوە. من دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە گەلەکەمان لە هەرشوێنێک بژین بۆ نوێنەرایەتیکردنیان و بەشداربوونیان لە بەرێوبەرایەتی خۆجیی  بە شێوەیەکی بەهێز و کاریگەر، ئێمە بەگوێرەی ئەوە سیاسەتی خۆمان بەڕێوە دەبەین. سەبارەت بە هەڵبژاردنی 14ی ئایار ڕەخنەمان لە خۆمان گرت و گەیشتوینەتە ئەم ڕۆژانە. ئەو کۆنگرەیەی کە ڕێکمان خست، دەرئەنجامی ڕەخنەدانمان بوو بۆ هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار. من لەو باوەرەدام کە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی ئادار دا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و بەم جۆرە رەخنەدانی خۆمان دەدەین بەرامبەر بە گەلەکەمان".