بارتین: پێویستە یاساکان لە ئیمراڵی جێبەجێ بکرێن

پەرلەمانتاری جولەمێرگی هەدەپ، ئۆزنور بارتین داوای کرد، داواکاری زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن جێبەجێ بکرێت و گوتی: "پێویستە یاساکان جێبەجێ بکرێن، دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدرێت".

پەرلەمانتاری جولەمێرگی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (هەدەپ)، ئۆزنور بارتین، پەیوەست بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد. گوتی: "قەدەغەکردنی دیدار لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، بژاردەی ئەم دەسەڵاتەیە، کە خاوەندارێتی لە تاکپەرستی و فاشیزم و فشار و شەڕ و تاڵانکردن دەکات. بەداخەوە لەبەر ئەوەی زیهنیەتێکی لەو شێوەیە تورکیا بەڕێوەدەبات، ٣٣ مانگە هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان پچڕاوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو و هاوڕێ زیندانییەکانی تری نازانرێت. لە قۆناغێکی وەهادا، ئاستەنگکردنی وەرگرتنی زانیاری لە ئیمراڵی بە مانای هیچی تر نییە جگە لە ڕێخۆشکردن بۆ قەیرانە جڤاکییە مەزنەکان، واتە قووڵبوونەوەی ئازار و شەڕ، زیادبوونی زیان و کوشتنی مرۆڤەکان".  

جیا نییە لە پرسی کورد

بارتین ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گۆشەگیرییەی ئیمراڵی جیا نییە لە پرسی کورد، گۆشەگیری هاوشانە لەگەڵ ئەو زیهنیەتە میلیتاریستەی لەبری چارەسەری دیموکراتیک، سیاسەتی ئەمنی بەرامبەر پرسی کورد پەیڕەو دەکات.  دەیانەوێت کورد دەستبەرداری مافەکانی خۆی بێت و تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەرەکەی لاواز بکەن، گوتی: "بەڵام خۆیان فریودەدەن، دەسەڵاتدارانی پێشووش وەهایان کرد، سەرنەکەوتن. ئەوەی پێویستە دەسەڵات بیکات، ئافراندنی چارەسەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ کێشەی کورد و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی وڵات. ڕێگای ئەم کارە لابردنی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالانە، لەگەڵ گرتنەبەر ڕێبازی دیموکراتیک".  

گۆشەگیری لە هەموو لایەک بڵاوبۆتەوە

بارتین ڕایگەیاند، گۆشەگیری ئیمراڵی کاریگەری لە هەموو بوارێک کردووە، لە پێشێلکردنی مافی زیندانیان و تاوان دژی ژن و مناڵ و هێرشی سەر ڕێکخراوی جەماوەری و بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ شەڕ و قڕکردنی ئیکۆلۆژی، هەمووی گرێدراوە بە گۆشەگیریەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە هەمووان زیاتر دوژمنایەتی کورد دەکات و هێرش دەکاتە سەر دەسکەوتەکانی، گوتی: "کاتێک باسەکە دێتە سەر کورد و تەڤگەری سیاسی کورد، زۆرێک لەو هێزانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن نیشان دەدەن، ڕێگە بۆ توندوتیژی دەکەنەوە. بەمەش جڤاک زیانمەندە. بۆیە پێویستە هەموو بەشەکانی جڤاک دژی گۆشەگیری بوەستنەوە. ئەگەرنا وڵات سەراوژێر دەبێت و هەمووان زیانمەند دەبن".

ستاتۆ و ئاسایشی دەستوور

بارتین ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانە. ڕوونی کردەوە، چەندین زیندانی دژی گۆشەگیری و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد مانیان لە خواردن گرتووە، گوتی: "داخوازی کوردان چییە؟ ستاتۆ و ئاسایشی دەستوورە. با بە دەنگی بەرز بیڵێین؛ تا ئەو داواکاریانە بەدی نەیەن، ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بەدی نەیەت، کورد و پشتیوانانی تێکۆشانی ئازادی کورد لە هەموو شوێنێک و لە هەموو هەلومەرجێکدا درێژە بە تێکۆشان دەدەن و هەرگیز دەستبەرداری مافەکانیان نابن".