بەبۆنەی جەژنی ئێزییەوە چوار ڕۆژ پشووی بۆ فەرمانبەرانی ئێزدی ڕاگەیەندرا

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سودانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی جەژنی ئێزی جەژنی بەڕۆژووبوونی ئێزدییەکانەوە، بڕیاری 4 ڕۆژ پشووی فەرمی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی ئێزدی دەرکراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکوەزیران جەژنی بەڕۆژووبوونی ئێزدییان لە هەموو ئێزدییان پیرۆز دەکات و بڕیاریشی داوە بە ٤ ڕۆژ پشووی فەرمی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی ئێزدی.

ئەمساڵ جەژنی ڕۆژووی ئێزدییان دەکەوێتە ١٢-١٥ی کانوونی یەکەم.

بە باوەڕی ئێزدییان هەفتەی یەکەم و دووەمی مانگی کانوونی یەکەم کورتترین ڕۆژن لە ساڵدا، بۆیە لەو هەفتانەدا ٣ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبن. بە پێی بروای ئێزدییان ڕۆژووگرتن لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە دەگیرێت. لەم ڕۆژانەدا خوێنی هیچ  بوونەوەرێک ناڕژرێت، پارێز لە کار و قسەی خراپ دەکەن و کار ناکەن تەنها نوێژ دەکرێت. بۆیە ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ڕۆژوو واتا ڕۆژی دووشەممە هەموو بنەماڵەیەک مەڕێک سەردەبڕن و ئەم ڕۆژەش بە "ڕۆژا سەربرێ" ناودەبرێت. هەروەها ڕۆژی هەینی دەبێتە جەژنی ڕۆژووی ئێزدییان.