بێدەنگی دەوڵەتی ئێران لەبەرامبەر بە دەستدرێژی دەوڵەتی تورك و هەڕشە لەپارتە رۆژهەڵاتیەكان

بێدەنگی رایەدارانی رژێمی ئێران لەبەرامبەر بەدەستدرێژیەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشوری كوردستان لەكاتێكدایە كە وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێكەوتنی رۆژی پێنج شەممەی لەگەڵ سەرۆك پەرلەمانی عێراقدا، هەڕەشەی لەپارتە رۆژهەڵاتیەكان كرد.

حكومەت و رژێمی ئێران تا ئێستاكە هیچ كاردانەوەیەكی لەسەر داگیركاریە نوێەكانی دەوڵەتی تورك لەسنورەكانی عێراقی فیدراڵ نیشان نەداوە و راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە تەنیا هەواڵی كۆرتی رووداوەكان بڵاودەكەنەوە.

ئەم بابەتە تەنانەت لەكاتی چوونی سەرۆك پەرلەمانی عێراق بۆ ئێرانیش دیار بوو و تەنانەت لەراگەیاندنەكانیشدا گرنگیان پێ نەدا.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراق كە رۆژی پێنج شەممە ئەنجامیدا بەزمانێكی دۆژمنكارانە هەڕەشەی لەپارتە رۆژهەڵاتیەكان كرد و ئەوانی وەكو"دژە شۆڕش" و "جۆداخواز" بەناو كرد و رایگەیاند؛ دەبێت ئەوانە شوێنێكی ئەمنیان لەعێراقدا نەبێ کە هەڕەشەن بۆ سەر ئێران.

عەبدوڵڵاهیان، ئاسایشی عێراقی بەئاسایشی ئێرانەوە بەستەوە، بەڵام ئاخاوتنێكی لەسەر دەستدرێژیەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر ئەو ئاسایشە هاوبەشە نەكرد.

ف.ق