بنەماڵەی شەنیاشار: ئەو دادپەروەرییەی دوادەکەوێت، دادپەروەری نییە

بنەماڵەی شەنیاشار ٨٠٥ ڕۆژە بەردوامن لە بەرخۆدان، پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن "ئەو دادپەروەرییەی دوادەکەوێت، دادپەروەری نییە".

ئێشکگرتنی دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار لە ٩ ی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە لەبەردەم دادگای ڕحا بەردەوامە، ئەمڕۆ گەیشتە ڕۆژی ٨٠٥.

ئامینە شەنیاشار و کوڕەکەی فەرید شەنیاشار لە ماڵەکەیانەوە لە شاری پیرسوس گەیشتنە بەردەم دادگای ڕحا و ئێشکگرتنی دادپەروەری دەستیپێکرد.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە شاری ڕحا، فەرید شەنیاشار ڕوونی کردەوە، لە ئەنقەرە درێژە بە تێکۆشانی دادپەروەری دەدات، بۆ پشتیوانیکردنی دایکی هاتۆتە بەردەم دادگای ڕحا، ئاماژەی بەوە کرد تێکۆشانەکەیان ٨٠٥ ڕۆژە بەردەوامە، گوتی: "ئێمە ٥ ساڵە لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری تێدەکۆشین، لەبەردەم باڵەخانەی داد تێدەکۆشین کە دادپەروەری تیا نەماوە. لە ئێستەوە لە ئەنقەرە بۆ دادپەروەری تێدەکۆشم، دایکم تا بەدیهاتنی دادپەروەری لەبەردەم دادگای ڕحا لە ئێشکگرتن بەردەوام دەبێت. دوێنێ وەزیری داد گۆڕا، یەڵماز تونج بووە وەزیری نوێ، داوا دەکەم پیرۆزباییەکان قبووڵ نەکات، لە سەرتاپای وڵات ستەم هەیە، لە تورکیادا یاسا لە خزمەتی باڵادەستانە. ئەم ستەمە بەردەوام لەبەردەم دادگای ڕحا دەردەکەوێت. لەگەڵ چەندین بەرپرس کۆبووینەوە، ئەوکات گوتیان "با کاتی خۆی بێت، ڕاستییەکان دەردەکەوێت".

شەنیاشار داوای کرد پرسی ئەو کۆمەڵکوژیەی هێشتا بەردەوامە بگاتە ئەنجامێک، گوتی: "با هەرکەس بە ئەرکی خۆی هەستێت، هەموو ڕاستییەکان لە گۆڕەپانەکەیە، دەڵێن دیمەنی کامێراکانی نەخۆشخانەکە دزراوە، بەڵام ئێمە دەڵێین ناڕاستە، دەزانین لە ئەرشیفی دەوڵەت ماوە. هەرکەس ببێتە بەربەست لەبەردەم ڕاستییەکان بەشێکە لەم تاوانە. ئەگەر وەزیری نوێی داد کاری پێویست نەکات، ئەوا من و دایکم ئەم لافیتەیەی ئێرە لە پەرلەمانی ئەنقەرە هەڵدەواسین، هەروەها لەبەردەم دەرگای وەزارەتی داد هەڵیدەواسین. ئەو دادپەروەرییەی دوادەکەوێت، دادپەروەری نییە".