"بنەماڵەی ئەردۆغان سەدان ملیۆن دۆلاریان لە نەوتی هەرێم دەستکەوتووە"
نۆردیک مۆنیتۆر بڵاوىکردەوە، بڕیارەکەی دادگای پاریس پەردەی لەسەر ئابڕوچوونێکی گەورە لەسەر تاڵانی نەوتی هەرێم و دەوڵەمەندبوونی بنەماڵەی ئەردۆغان هەڵدایەوە.
نۆردیک مۆنیتۆر بڵاوىکردەوە، بڕیارەکەی دادگای پاریس پەردەی لەسەر ئابڕوچوونێکی گەورە لەسەر تاڵانی نەوتی هەرێم و دەوڵەمەندبوونی بنەماڵەی ئەردۆغان هەڵدایەوە.
ڕێکخراوى نۆردیک مۆنیتۆر، کە بارەگاکەى لە ئەوروپایە، لەبارەى ئەوەى، کە بنەماڵەى ئەردۆغان سەدان ملیۆن دۆلاریان لە نەوتى هەرێمى کوردستان دەستکەوتووە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دادگای پاریس بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی عێراق لەلایەن تورکیاوە بە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ زیاتر لە نیو ملیار دۆلار سوودی قەرزەکە بە حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئەوەش پەردەی لەسەر سکانداڵ و ئابڕوچوونێکی گەورە لەسەر تاڵانی نەوتی هەرێم و دەوڵەمەندبوونی بنەماڵەی ئەردۆغان هەڵدایەوە.
باس لەوەش کراوە، فرۆشتنی نەوت نەک تەنها بە بنەماڵەی ئەردۆغان بووە، بەڵکو بریتی بوو لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوە دەبرا، کە ئەردۆغان خاوەندارێتی دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کاروباری گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیای پاوەر ترانس پترۆڵ ڤێ ئینێرجی تیکەوە ڕێکدەخرێت، کە لەلایەن بەرات ئەلبایراک زاوای ئەردۆغان، بەڕێوە دەبرێت و بەهۆى فرۆشتنى نەوتى هەرێم بنەماڵەى ئەردۆغان سەدان ملیۆن دۆلاریان لە فرۆشتنى نەوتى هەرێم دەست کەوتووە.
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیای پاوەر ترانس کۆمپانیایەکی تازە دامەزراوە، تەندەری گواستنەوە و دابەشکردنی نەوتی هەرێمى کوردستانی وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان بنەماڵەی ئەردۆغان و بنەماڵەی مەسعود بارزانی و داتاکانی تۆماری بازرگانی ئاشکرای دەکەن، کە کۆمپانیاى پاوەر ترانس لە ٣١ـی ئازاری ٢٠١١ لە ئەستەنبوڵ لەلایەن کۆمپانیایەکی شێڵ بە ناوی Grand Fortune Ventures Pte Ltd و هاوڵاتییەکی تورک بە ناوی ئەحمەد موحەسیلۆئۆغڵو دامەزراوە.
لە درێژەى ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەسەی، کە ئەم مامەڵەیانەی ڕێکخستووە، بەرات ئەلبایراک زاوای ئەردۆغان بوو، کە پێش ئەوەی ببێتە وەزیری وزە لە کابینەکەى ئەردۆغان، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی چالک هۆڵدینگ، کە لایەنگری حکومەت بوو کاری کردووە و موحەسیلئۆغڵو، کە پێشتر کارمەندی هەمان کۆمپانیا بووە، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەلبایراک کاریان کردبوو.
لە کۆتایدا هاتووە، کۆمپانیاى پاوەر ترانس نەوتی چەتەکانى داعشى لە عێراق و سوریا فرۆشتووە، کە ماوەیەک کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو دوو وڵاتەیان کردبوو، بەجۆرێک بەشێک لەو نەوتەی، کە لەلایەن کۆمپانیای پاوەر ترانسەوە گواستراوەتەوە بە شێوەیەکی نایاسایی بە بازاڕی ناوخۆی تورکیا فرۆشراوە، واتە کۆمپانیاکە لە قاچاخچێتی و ساغکردنەوەى نەوتی کێڵگە نەوتییەکانى ژێر دەستى چەتەکانى داعش بەشداربووە.
لە ١٠ـی نیسانی ٢٠٢٣، عێراق داواکارییەکی پێشکەش بە دادگای پاریس کرد بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارێک، کە تێیدا داواى کردبوو تورکیا قەرەبووی عێراق بکاتەوە بە بڕی یەک ملیار و ٤٧٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆى تورکیا بەشداربووە لە ئاسانکاریی کردن بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتى هەرێمی کوردستان.
لە مانگی ئازاری ساڵى ڕابردوو دادگاى پاریس بڕیاریدا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە نادەستوورییە و لە دوای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکی ڕاگیرا و تائێستاش دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە دیارینەکراوە.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی جیهان بکات و بەو هۆیەوە دادگا بڕیاریدا، کە پێویستە تورکیا بڕی یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات، کە سەربەخۆ ڕێگەی داوە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە بکات.
هـ . ب