بەرخۆدانی گەل لە تشرین لە ١٦هەمین ڕۆژیدایە

ئیشکگریی بەرخۆدان کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر بەنداوی تشرین دەستی پێکردووە، لە ڕۆژی ١٦هەمینی دایە.

ئەمڕۆ شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەشداری چالاکییەکە بوون.

سەرەڕای سەرما و باران، چالاکوانان لە بەنداوی تشرین بەردەوامن لە چالاکییە ئاشتیخوازانەکانیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە هێرشی کردووەتە سەر بەنداوی تشرین. بەمەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکان، لە ٨ی کانوونی دووەمەوە کاروانە مەدەنییەکان لە هەموو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بەرەو بەنداوەکە دەڕۆن و لەوێ چالاکی ئیشکگریی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەر جار هێرش دەکاتە سەر کاروانەکان و چالاکوانان لە بەنداوەکە و بەو بۆنەوە شەهید و بریندار کەوتووتەوە.

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر چالاکانی بەنداوەکە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون. بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆ سەر چالاکوانان، هەتا ئێستا ٢٠ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ١٢٠ کەسیش بریندار بوون.