لە ڕێپێوانەکەی نسێبین سڵاو لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا

هەزاران کەس دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نسێبین ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا سڵاو لە پەیامەکانی چارەسەری ڕێبەر کرا و گوترا: "هەم بۆ تێکۆشان و هەم بۆ ئاشتی ئامادەین".

ڕێپێوانی هەزاران کەسی

لە ناوچەی نسێبینی مێردین بە پێشەنگایەتی دەبەپە و دەم پارتی و تەژەئا چالاکیی ئێشكگری ئەنجامدرا. گەل لە پارکی ئاشتی کۆبوونەوە و درووشمی "بژی بەرخۆدانی تشرین" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "ژن ژیان ئازادی"یان بەرزکردەوە. لەبەرئەوەی لە پارکەکەدا شوێن نەمایەوە، هەزاران کەس لەدەرەوە مانەوە و بە بەرزکردنەوەی درووشم لەبەردەم بینای دەم پارتی کۆبوونەوە. پۆلیس پارکەکەیان گەمارۆدا، کاسبکاران بە چەپڵە پشتیوانیان لە چالاکییەکە کرد، گەلی سروودی "هەرنە پێش"یان گوتەوە.

گەل بەربەستەکانی پۆلیسیان شکاند و پۆلیسەکان ناچاربوون پاشەکشە بکەن.

"گەلی کورد دژی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەرخۆدان دەکات"

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر ڕایگەیاند تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکان لە ڕۆژئاوا و گوتی: "گەلی کورد درێژە بە بەرخۆدان دەکات و بەرامبەر تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت. دەبێت بزانرێت دڵی هەزاران و ملیۆنان ژن و گەنجی باکووری کوردستان بۆ گەلی ڕۆژئاوا لێ دەدات. تا گەلی ڕۆژئاوا ستاتۆ بەدەست دەهێنێت، درێژە بە تێکۆشان و بەرخۆدان دەدەین".  

"عەبدوڵا ئۆجالان دەرفەتێکی مێژوویی پێشکەش دەکات"

بایندەر گوتی: "پەیامی دوێنێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەمووان گرنگ بوو. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. لە نسێبینەوە بانگەواز دەکەین. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە. بەڕێز ئۆجالان ئیرادەی چارەسەری خستەڕوو. داوای پێکەوەژیان و چارەسەر دەکات، ئەمەش بۆ هەمووان دەرفەتێکی گرنگە".

"بۆ تێکۆشان و بۆ ئاشتیش ئامادەین"

هەروەها بایندەر گوتی: "ئەم گەلە بۆ ئاشتی ئامادەیە. بەڵام بزانن، تا ئازادی خۆمان بەدەست دەهێنین، بۆ تێکۆشان و بەرخۆدانیش ئامادەین. گەل خاوەنداری لە خۆی و مێژووەکەی دەکات. تا ئازادی و یەکێتی بەدەست دەهێنێت، تێدەکۆشێت".

پاشان هەزاران کەس گۆرانی "لە مێردین لە باگۆک"یان گوتەوە و کۆتایی بە ڕێپێوانەکە هات.