دەم پارتی: پاراستن لەژێر هێرش و گەمارۆدایە

دەم پارتی بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر هێرشکردنە سەر نووسینگە یاساییەکان و پارێزەران، گوتی: "لە تورکیا پاراستن لەژێر هێرش و گەمارۆیەکی مەزن دایە. مەبەست لە دەستبەسەراکردنی پارێزەر فورات ئەپۆزدەمیر چاوترساندنی پاراستنە".

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە، دەڵێت: "لە سەرانسەری جیهاندا لە ٢٤ ی کانوونی دووەمدا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەو پارێزەرانەی لەژێر هەڕەشەدان، سەربەخۆبوونی پارێزەران و مافی پاراستن و تێکۆشانی پاراستن و سەروەریی یاسا بیردەهێنرێتەوە. بەڵام بەداخەوە لە تورکیا پاراستن لەژێر هەڕەشە و گەمارۆیەکی مەزن دایە. دەمێکە دامەزراوەکانی پاراستن بوونەتە ئامانجی دەستێوەردانی سیاسی کە زیانی زۆریان بە سەربەخۆیی دادگا گەیاندووە. هێرش بۆ سەر نووسینگە یاساییەکان لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. نووسینگەی یاسایی ئیستەنبوڵ چەندین جار بە هۆی دڵسۆزی بۆ دیموکراسی و تێکۆشان دژ بە نادادپەروەری کراوەتە ئامانج و دەسەڵاتدارانیش بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵی تاوانبارکردنی چالاکییەکانی نووسینگەی یاسایی و دەستەی بەڕێوەبردنی دەدەن".

هەروەها جەخت دەکاتەوە دەستبەسەراگرتنی کەرەستەکانی پاراستنی ئەپۆزدەمیر بێجگە لەوەی پێشێلکردنی مافێکی کەسییە هاوکات واتای چاوترساندنی لایەنی پاراستن و پارێزەرانە. دووپاتی دەکاتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە سیاسییە دژی ئەپۆزدەمیر هێرشێکە دژی ئیعتیباری پیشەیی و بە ئامانجگرتنی سەروەریی یاسایە، دەڵێت: "بەم هێرشانە سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنیات نانرێت".

کۆمیسیۆنەکە ئاماژە بەوە دەکات دەسەڵات دەیەوێت هەڵوێستی نووسینگەیی یاسایی ئیستەنبوڵ لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی و پاراستنی مافی هاوڵاتیان بکاتە ئامانج و دەیەوێت پاراستن بێدەنگ و بێ کاریگەر بکات، بانگەواز دەکات هەمووان دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و دەستبەجێ فورات ئەپۆزدەمیر ئازاد بکرێت.