شاندی ئیمرالی: ئەم پرۆسەیە ڕەخسێنەری ژیانێکی ئازاد و هاوبەشە بۆ هەمووان

شاندی ئیمرالی سەبارەت بە دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئەم پرۆسەیە بۆ هەر کەسێک ژیانێکی ئازاد و هاوبەش دەڕەخسێنێت."

دوێنێ پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی دیداریان ئەنجامدا.

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، سەبارەت بە دیدارەکەیان کە ماوەی ٤ کاتژمێری خایاندووە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە. دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"ئێمە وەک شاندی ئیمرالی دەم پارتی، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا.

لە میانەی دیدارەکەدا بەرێز ئۆجالان سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکانی 'بۆلو' گیانیان لەدەستدا وهیوای شیفای بۆ بریندارەکان خواست.

شاندەکەمان ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دابوو پێشکەشی بەڕێز ئوجالانی کرد.

هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئەم قۆناغە بەردەوامە. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان سەبارەت بەم بابەتەوە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێتەوە.

وەک شاندەکە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و پەیوەندیەکانمان و هەر کاتێک پێشکەوتن ڕووبدات، ڕای گشتیی لێی ئاگادار دەکەینەوە.

ئەم قۆناغە بۆ هەر کەسێک و بۆ هەموومان ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت. بە هیوای بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، چاوەڕوانی بەشداری بەنرخی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەین.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی."