بەرخۆدانی یەپەژە: لە سەرێکانیەوە هەتا تشرین
یەپەژە کە ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی ژناندا دەگێڕێت، بە پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان پێشەنگی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکات.
یەپەژە کە ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادی ژناندا دەگێڕێت، بە پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان پێشەنگی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکات.
چالاکییە ناڕەزایەتییەکان کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی٢٠١٠ لە تونس دوای ئەوەی محەممەد بوعەزیزی کاسبکار ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دەستیپێکرد، بووە هۆی بنەمای سەرهەڵدانێکی بەفراوانی گشتی لە جیهانی عەرەبیدا. ئەم سەرهەڵدانە بە دەنگی جەماوەر پێکهات و داوای دیموکراسی، ئازادی و دەرفەتی ئابوورییان کرد. دواتر چالاکییە ناڕەزایەتیەکان لە جەزائیر، لوبنان، ئوردن، سودان، یەمەن، میسر و دواجاریش لە سوریا سەریهەڵدا. دروشمی 'نان، ئازادی و کەرامەت' لە تونس بڵاو بووەوە و ١٥ی ئاداری ٢٠١١ وەک ڕۆژی چالاکییە ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە سوریا تۆمار کرا. لە شاری درعا کۆمەڵێک گەنج لە دژی سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی حکومەت ناڕەزایەتیان ئەنجامدا. ئەم چالاکییە ناڕەزایەتییە بە خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی کرد، لە لایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریاوە پشتیوانیی وەرگرت و گەشەی کرد. کورد لە سوریا سەرەتا خۆیان لە ناڕەزایەتیەکان بەدوور گرت بە حوکمی ئەوەی لە ڕابردوودا دەسەڵات بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشی دەکردە سەر کوردان، بۆیە گەلی کورد بە وردییەوە نزیکی دۆخەکە بووەوە؛ هەروەها پەیوەندییان بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە نەکرد. کۆنگرەی ستار و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لەم کاتەدا ڕۆڵێکی جێگرەوەیان گرتەبەر و بیرۆکەی بەهاری گەلیان قبوڵ کرد. ئەم ڕێبازە نەک هەر بۆ پاراستنی مافەکانی کورد بوو بەڵکو ڕوانگەیەکی جیاواز بوو بۆ ژیانێکی ئارام و پێکەوە ژیان بۆ گەلانی سوریا بوو.
یەکەم یەکینەکانی تایبەتی ژنان لە ساڵی ٢٠١٣
شەپۆلی ئومێد کە دروشمەکانی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرزکرایەوە، لە ساڵی ٢٠١١ زەمینەی بۆ پێکهێنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەرهەم هێنا. ئەو هۆشیارییەی کە خۆپاراستن لە نان و ئاو گرنگترە، باڵین کێشا بەسەر هەموو شتێک دا بە دامەزراندنی یەپەگە. بە پاڵپشتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت نوێنەرایەتی ژنان لە یەپەگەدا ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی سەند. بەم شێوەیە یەکینەکانی ژنان یەک لە دوای یەک دامەزران. یەکەم: لە ١٣ی شوباتی ٢٠١٣، یەکینەی شەهید ڕووکەن لە هەرێمی جندرێسی عەفرین دامەزرا. یەکینەکە لەلایەن (دانیشتووانی) عەفرینەوە بەڕێکخستن کرابوو و هەنگاوێکی گرنگ بوو لە کردنەوەی دەرفەتی بەشداربوونی ژنان لە گۆڕەپانی سەربازی ڕۆژئاوادا. دوای دامەزراندنی یەکینەی شەهید ڕووکەن، بە هەمان شێوە چەندین یەکینەی تایبەت دروست بوون. بۆ نمونە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی ٢٠١٣ یەکینەی شەهید زوزان لە دێرک دامەزرا و یەکینەی شەهید بەرچەم لە دربێسی دامەزرا. پاشان لە ٨ی ئاداری ٢٠١٣ یەکینەی شەهید عەدالەت لە قامیشلۆ و لە ٢٤ی ئاداری ٢٠١٣ لە کۆبانی یەکینەی شەهید دیجلە دامەزرا. دامەزراندنی ئەو کەتیبانە زەمینەی دامەزراندنی هێزی سەربازی ژنانی لە ڕۆژئاوا بەهێزتر کرد و ڕۆڵی ژنانی لە تێکۆشانی کۆمەڵایەتیدا بەهەمان شێوە بەهێزتر کرد.
دامەزراندنی هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ
لە یەکەمین کۆنفرانسی ژنان کە لە ٢ی نیسانی ٢٠١٣ لە شاری دێریک بەڕێوەچوو، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣ ڕاگەیەندرا . لەگەڵ ئەم کۆنفرانسەدا هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوەکە دەستیپێکرد و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی سیاسەتێکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازانەی ژنان دەستی پێکرد. یەکەم بڕیاری گرنگ کە لە کۆنفرانسەکەدا درا، ئەوە بوو کە ژنانی هەموو نەتەوەکان بە پشتبەستن بە ناسنامەی تایبەتی خۆیان لە یەپەژە دا بتوانن بەشدار بن. یەپەژە بە گرنگی دان بە خۆپاراستنەوە خۆی وەک هێزێکی ناوەندی پێناسە کرد کە لە هەموو کۆمەڵگاکان پێکهاتووە. بەم پێناسەیە جەخت لەوە کرایەوە کە یەپەژە تەنیا ڕێکخستنێکی خۆپاراستنی ژنان نییە، بەڵکوو سوپایەکی ژنانە کە ڕەوڵی لە ئەمنیەت و ئارامی گەل و وڵاتدا هەیە.
یەپەژە ڕێکخستنێکی هەمەچەشنیە و وەک سوپای ژنانی سوریا بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەکاندا تێکۆشان دەکات. هەڵوێستی خۆی بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی یەکسانی ژن و پیاو و بەرەنگاربوونەوەی هەڵوێستی ڕەگەزی دیاری کرد. هەروەها یەپەژە دژی سیستەمی سەربازییە کە لەسەر بنەمای دەوڵەت و بە عەقڵیەتی پیاوسالاری بنیات نراوە؛ بەڵکوو سیستەمێکە لەسەر بنەمای هێزی خۆپاراستن لە بەرامبەر سیستەمێکی پاراستنی پێکهاتووە. یەپەژە ئامانجی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەشە لەسەر بنەمای پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژن و لە ڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆدا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.
ڕێکخستنی سەربازی دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری
ڕاگەیاندنی ڕێکخستنی سەربازی ژنان تەنیا ڕێبازێکی سادە نەبوو کە ئامانج لێی گەیشتن بە هەلومەرجی یەکسان لەگەڵ یەپەگە بێت. ئەم هەنگاوە پێویست بوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە ئیرادەی خۆیانەوە بەشداری ئەرکەکان بن و یەکسانی ڕەگەزی مسۆگەر بکەن و وڵامی پرسیاری "چۆن دەبێت بژین؟" بداتەوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆزینەوەی تواناکانی ژنان هەبوو. یەکگرتنی ژنان بۆ ڕزگارکردنی ڕەگەزی و هاوبەشکردنی ئەزموونەکانیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەنگدانەوەی بەخۆیەوە بینی. ئەم یەکگرتووییە وایکرد ژنان بتوانن پێکەوە دەست بە تێکۆشان بکەن و تواناکانیان بەهێزتر بکەن. وەستانەوە دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی یەپەژە. ژنان مێژوویەکی بەهێزیان لە بەرەنگاربوونەوەی سنووردارکردنەکان هەیە، لە هەردوو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بۆ چەندین سەدە. ئەم مێژووە بە تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی پێکهات و وردە وردە گۆڕا بۆ پارتی بوون و ڕێکخستنی سەربازی. بە تایبەتی پێکهێنانی یەکەمین یەکینە تایبەتەکانی ژنان لە ناو هێزەکانی گەریلاکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣،دەستی پێکرد، ئەو هەنگاوە کەشێکی خوڵقاند کە هەر زوو بووە هێزێکی ڕێکخستنی لە بواری ئایدۆلۆژی، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.
شەڕی ئایدیۆلۆژی دژ بە عەقڵیەتی داعش
بۆ یەکەمجار ژنان لە ژێر چەتری یەپەژە لە سەرێکانی دژی داعش شەڕیان کرد. لەم چالاکییەدا شەڕڤانانی یەپەژە سەرکەوتنێکی گەورەیان لە دژی داعش بەدەستهێنا و داستانێکی مەزنیان نووسیەوە. هەر لەو ساڵەدا بە بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی تل حەمیس، بەشێوەیەکی بەهێز لە دژی عەقڵیەتی داعش شەڕیان کرد. لە ساڵی ٢٠١٤بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیەتی گەلانی هەرێمەکە هەنگاوی یەکلاکەرەوەیان نا و لە پێشڕەوی چەتەکانی داعش بەرەو تەل تەمر ڕێگرییان کرد. هەر لەو ساڵەدا و لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر شنگاڵ لە ٣ی ئابدا، شەڕڤانانی یەپەژە بە پەلە بە هانای گەلی شنگاڵەوە چوون و ڕەوڵێکی کارایان نواند. یەپەژە بە ڕزگارکردنی سەدان ژنی ئێزیدی لە چنگی داعش داستانێکی مێژوویی تۆمار کرد.
بۆ یەکینەکانی ژنانی ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی ئیلهامبەخش بوو
یەپەژە، لە ١-٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ دووەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا، گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی کردە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی. لەم کۆنفرانسەدا ئامانجی ستراتیژی ناوخۆیی و دەرەکی یەپەگە؛ گەیشتن بە لوتکە چۆنایەتی و چەندایەتی بوو لە ڕەهەندە ئایدیۆلۆژی و سەربازییەکان. بە دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) یەپەژە لەگەڵیدا هاوشان بوو و دەستی بە چالاکی کرد. یەپەژە لە ناوچە عەرەبییەکانی وەک ڕەقە و تەبقا و دێرەزۆر چالاکانە بەشداری چالاکییەکان بوو. هەر لەو پێوەندییەدا لە ئەنجوومەنە سەربازییەکانی ڕەقە و تەبقا و دێرەزۆر بەشدارییەکی کارای هەبوو. هەروەها لە دامەزراندنی یەکەکانی ژنانی ئاشووری، سوریانی و ئەرمەنی ڕەوڵێکی بەرچاوی بوو.
تێکۆشان بۆ ئازادی و کەرامەت
کاتێک چاو لە ساڵنامەی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ی دەکەیت، دەبینرێت یەپەژە لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخۆداندا دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دا لە تێکۆشاندایە. لە هێرشە داگیرکارییەکان بۆ سەر گرێسپی و سەرێکانی دژی هێرشەکان وەستایەوە و بەرخۆدانێکی گەورەی نیشان دا و بوو بە قەڵغانێک لە پاراستنی گەل و خاکەکەیدا. بەرخۆدانی یەپەژە بوو بە هێمای هاودەنگی و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی. ئەم تێکۆشانانە وایکرد ئەرکی یەپەژەی لە پارێزوانی گەل و ژناندا هێندە زیاتر کرد و هەتا ئێستا بە هەڵوێستێکی پتەو بۆ ئازادی و دادپەروەری درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات.