نێرگز محەمەدی باس لە خۆڕاگری، بەهێزی و ورەبەرزی پەخشان عەزیزی دەکات.
بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی، بەتایبەت لەلایەن بنەماڵەی پەخشان عەزیزی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە سەرانسەری جیهانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەشدارییان لە کۆبوونەوی پشتیوانی کرد، لەنێویشیاندا نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی تێدابوو کە بۆ ماوەیەکی کاتی لە زیندان دەرچووە پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە.
لەچوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە دۆسیەی پەخشان عەزیزی نێرگز محەممەدی لە پەیامێکی دەنگییدا جەختی لە گرنگیی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە دژایەتیکردنی پەرەسەندنی سێدارەدانەکان لە ئێران لە نێویاندا سزای لە سێدارەدانی ناڕەوای پەخشان عەزیزی کردەوە وتیشکی خستەسەر خۆڕاگری و بوێری زیندانیانی سیاسی، بەتایبەتی ژنان، کە بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکردن لە زیندانی ئێڤین و دەرەوەی زیندان.
لەوچوارچێوەیەشدا پەیامە دەنگییەکەی نێرگز دەنگی دایەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ کرد هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی ستەمکردن گەورەتر بکەن.
پەیامەکەی نێرگز محەممەدی
لە پەیامە دەنگییەکەدا نێرگز محەممەدی سڵاوی لە هەمووان کرد و ڕایگەیاند، ئەمشەو کۆبووینەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پەخشان و پرسی سێدارەکان. سەرەتا بە باسکردنی پەخشان دەست پێدەکەم و دواتر دەچمە سەر بابەتی فراوانتری لەسێدارەکان.
دەشڵێت، پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئێڤین، لە بەندی ٢٠٩ی سەر بە ئیتلاعات ڕاگیرا. بەرگەی ئەشکەنجەی توندی گرت- ئازاردانی جەستەیی، فشاری دەروونی و مانگرتنی دووبارەی لە خواردن. کاتێک دواجار گواسترایەوە بۆ بەشی ژنان، جەستەی لاواز بوو بەڵام ڕۆحی بێ لەرزۆک مابووەوە. لەگەڵ گەیشتنی بە شانازییەوە خۆی ناساند و گوتی، 'من پەخشانم، توێژەری کۆمەڵایەتیم'. کردار و شێوازی ژیانی بەڵگەی قسەکانی بوو، بەڕاستی بە هەموو مانایەک توێژەری کۆمەڵایەتی بوو، تەنانەت لە زیندانی بەشی ژنانی ئێڤینیشدا. ڕستەیەکی تایبەت کە لە مێشکمدا چەسپاوە و لەبیری ناکەم ئەوە بوو دوای بیستنی سزاکەی کەلەوکاتەدا ناڕەزایەتیمان دەربڕی. پەخشان بە دەنگە بەرز و جوانەکەی هەلهەلەی لێدا بەدەنگێکی بەرزو پڕ لە ووزە بەجۆرێک ئەگەر کەسێک لەو ساتەدا گوێی لێمان بووایە، هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە تازە حوکمی لەسێدارەدانی خۆی زانیوە. بە هێزێکی بێهاوتایەوە ڕایگەیاند، 'ئەمە هەمووی بەشێکە لە ژیان، بەرخۆدان لەگەڵ ژیاندا تێکەڵ بووە و بۆ منیش بەردەوامی ژیانە.'
ئەو شەوە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین لە ناڕەزایەتییەکدا سەریان هەڵدا. دروشمەکانمان حەوشەی زیندانەکەیان پڕکرد و بە ئاسمانی شەودا دەنگی دایەوە. پاسەوانەکان چەندین جار هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دەدا و هانیان دەداین بگەڕێینەوە بۆ ژوورەکانمان، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە. ئەو شەو، فەرمانی زیندانەکەمان رەتکردەوە.
تا نیوەی شەو زیاتر لە ٤٠ ژن لە حەوشەکەدا وەستابوون و گۆرانی بەرخۆدانیان دەوتەوە و لە حەوشەکەدا مانەوە و ئامادە نەبوون بچنە دەرەوە کە ئەمەش کردەوەیەکی نائاسایی سەرپێچیکردن بوو- بەڵام شەوێک بوو کە لە یادەوەری هەموو ئەوانەی لەوێ بوون و لە مێژووی بەشی ژنانی زیندانی ئێڤیندا دەمێنێتەوە.
نێرگز محەمەدی: پێویستە لە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران یەکگرتووبین
لەکۆتایی پەیامەکەیدا نێرگز محەممەدی دەڵێت: "داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە پشتیوانی ئەو کەسانە بکەن کە دژایەتی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن دەنگی زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی سێدارەدان و ڕاگرتنی مافی ژیان. بۆیە با هاوکارییەکانمان بەهێز بکەین و دەنگی یەکتر گەورە بکەین و لە دژی لەسێدارەدانەکان لە ئێران یەکگرتوو بین."