بەشتاش: ئاکەپە بۆ هاوبەشە بچوکەکەی بەندی هەڵبژاردن کەم دەکات

مەرال دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، کەمکردنی بەندی هەڵبژاردن بۆ ٧٪، بەرتیل و دیاریەکی سیاسیە کە ئاکەپە پێشکەش مەهەپەی هاوبەشە بچوکەکەی دەکات.

مەرال دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و داوای لە گەلان کرد کە ٢١ی ئازار بەشداری لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بکەن.

مەرال دانش بەشتاش ئاماژەی بە یاسای هەڵبژاردنەکان کرد کە دەسەڵاتی ئاکەپە باسی دەکات و وتی، " وەک دەزانرێت، بەندی هەڵبژاردن بۆ کورد دانرا بۆ ئەوەی نەتوانن بچنە پەرلەمان. هەدەپە بەندی هەڵبژاردنی لە ساڵی ٢٠١٥دا تێکشکاند. ئێستاش لەبەرئەوەی کە بەندی هەڵبژاردن لەدژی شەریکە بچوکەکەیەتی کە مەهەپەیە، بۆ ئەوەی رزگاری بکات، رەشنوسێکی ئامادە کردووە. ئەمە بەرتیلێکی سیاسیە. بەپێی هەموو راپرسیەکان مەهەپە ناتوانێت بەندی هەڵبژاردن تێپەڕ بکات."

مەرال دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بەبیریهێنایەوە کە دەسەڵات چەند ساڵ لەمەوبەر دەیتوانی بەندی هەڵبژاردن کەم بکات، بەڵام نەیکرد و وتی، " ئێستا ئەوە دەکەن. بەندی هەڵبژاردن بۆ ٧٪ دادەخەن. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەوە بۆ مەهەپەیە. لەبەرئەوەی بیر لە دوارۆژیان دەکەنەوە. بەرتیل و دیاریەکی سیاسیە کە پێشکەشی هاوبەشە بچوکەکەیان دەکەن."

ف.ق