چالاکوانانی ئێشکگری ئازادی: لە دژی داگیرکاری دەنگتان بەرز بکەنەوە

چالاکیی ئەم هەفتەیەی ئێشکگریی ئازادی لەلایەن دەستەیەک لە شاری ڕێن-ەوە بەڕێوەدەچێت و داوایان لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە کرد، کە بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان دژی گۆشەگیری و داگیرکاری دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.

چالاکیی ئێشکگریی ئازادی و دادپەروەری لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی بۆ ئۆجالان بە ئامانجی ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

فرات شا، جولیێت گال و گۆکخان لاشەڕ، ٥١٤هەمین چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادی بەڕێوەدەبەن. ئەو چالاکوانانە هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و هاوکارییەکانی پەدەکەیان بۆ ئەو هێرشە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەرمەزارکرد و سڵاوییان لە بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکان کرد.

فرات شا رایگەیاند، گۆشەگیری و هێرشە داگیرکارییەکان پێکەوە بەردەوامن و وتی: "ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەریی پرسی کوردە.  بە شەڕ لە دژی کورد ئەو کێشەیە چارەسەر نابێت و ئەوان ناتوانن سەربکەون".

شا لە پێش هەموانەوە داوای لە گەلی کورد، ئەو هێزانەی لەگەڵ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و یەکساندان کرد، کە لە دژی گۆشەگیری و هێرشی داگیرکاری دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەردانی خەڵک و هونەرمەندان بۆ لای چالاکوانان بەردەوامە.

هونەرمەند سیدار ئامەد، کە سەردانی چالاکوانانی کرد، گۆرانیی "ئێدی بەسە" ی وت و پەیامی تێکۆشان لەگەڵ گەلی کوردی بە هەموان گەیاند.

ژ.ت