چالاکیی 'ئێشکگریی ئازادی' لەلایەن گروپێک لە مونستەرەوە بەردەوامە

ئێشکگریی ئازادی لە ٢٥ی حوزەیراندا و بۆ ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە. چالاکییەکە ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە مونستەر بەڕێوەدەچێت.

"ئێشکگریی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی بۆ ئۆجالان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنساوە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە دەستی پێکردووە و ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە. چالاکییەکە هەموو هەفتەیەک لەلایەن کۆمەڵێک لە کورد و دۆستانیان لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.

ئێشکگرانی هەفتەی ٥٢٠هەمینیش ئەندامی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە شاری مونستەری ئەڵمانیان.

گروپەکە لە هونەرمەندان یڵماز تەکین، ڕێبەر زان، وەلی دەدە و جەلال ڕحا پێکهاتوون.

هونەرمەند یڵماز تەکین بە ناوی گروپەکەوە قسەی کرد و تیشکی خستە سەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژ بە گەلی کورد لە شوباتی ١٩٩٩دا لە کەسایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا و یڵماز تەکین وتی: "ڕێبەرەکەمان بە پیلانگێڕییەک ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا. هەروەها لە گۆشەگیرییەکی سەختدا ڕاگیراوە".

یڵماز تەکین راشیگەیاند، گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و وتیشی: "هیوامان ئەوەیە ڕێبەر ئاپۆ بەم زووانە ئازاد بکرێت". تەکین لە بەردەوامیدا وتی: ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئازادە، بەڵام ئازادیی جەستەیی بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ملیۆنان کەس دوای بیر و ڕامانەکانی کەوتوون".

یڵماز تەکین ئەوەشی وت: "فیکر و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ مەترسییە بۆ سەر ئیمپریالیستەکان. نەک هەر تەنها کورد، بەڵکو گەلانی ستەمدیدە پەیڕەوی پارادایمی ڕێبەرمان دەکەن، بۆیە هەموو دەوڵەتەکان لە دژی گۆشەگیری و ڕفاندنی ڕێبەرەکەمان بێدەنگن".

یڵماز تەکین ئەوەشی ڕاگەیاند، گەلی کورد هەرگیز گۆشەگیری و ڕفاندنی ڕێبەرەکەیان قبوڵ ناکەن.

ژ.ت