داگیركاری ده‌وڵه‌تی تورك له‌ رووسیا شه‌رمه‌زاركرا

كوردان له‌ رووسیا، داگیركاری ده‌وڵه‌تی تورك له‌ باشوری كوردستان و هاوكاری په‌ده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و داگیركارییه‌ شه‌رمه‌زار كرد.

له‌سه‌ر ناوی رێكخراوه‌كانی كوردان له‌ رووسیا و كۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ مۆسكۆی پایته‌خت كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی سازكرا و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له‌سه‌ر باشوری كوردستان شه‌رمه‌زار كران.

سه‌رۆكی یه‌كێتی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كوردی نێونه‌ته‌وه‌یی عارف ئازمانی هاوكاری په‌ده‌كه‌ و بارزانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست شه‌رمه‌زار كرد و وشیاریدا كه‌ باجی ئه‌و خیانه‌ته‌ قورس ده‌بێت.

عارف ئازمانی باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست هاوكاری ده‌كه‌ن لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و وتی، "هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست له‌سه‌ر رۆژئاوا و باشوری كوردستان، هاوكات هێرشه‌كانی كومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بۆ سه‌ر شه‌نگال به‌ رێكه‌وت نیین. جارێكی تر بینرا كه‌ دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌ن".

ئازمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ وه‌ك پێشتر ئێستا، ئه‌م هێرشه‌ش شكستده‌هێنێت و گه‌ریلاكانی گه‌لی كورد سه‌رده‌كه‌ون.

كراسنۆدار

كوردان له‌ هه‌رێمی كراسنۆداریش كۆبوونه‌وه‌ و هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك و هاوكاری و كلكایه‌تی په‌ده‌كه‌ بۆ داگیركارییان شه‌رمه‌زار كرد.

له‌سه‌ر ناوی كوردان له‌ كراسنۆدار، ئه‌ندامی شاندی ریشسپیان حه‌سه‌نی ته‌لۆ و وه‌كیل عه‌بدوڵا قسه‌یان كرد و باسیان له‌وه‌كرد، كه‌ ده‌بێت رای گشتیی جیهان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست بێده‌نگ نه‌بن و ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوێست بگرن.

ئه‌و كه‌سانه‌ی وتاریان پێشكه‌ش كرد باسیان له‌وه‌كرد، ده‌وڵه‌تی توركی فاشیست له‌ مێژوودا هه‌موو كات كوردانی كۆمه‌ڵكوژ كردووه‌، ئه‌مجاره‌ش به‌ ئۆپراسیۆنێكی به‌رفراوان له‌ چوار پارچه‌ی كوردستان ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ ناو ببات.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، كه‌ هاوكاری و كلكایه‌تی په‌ده‌كه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنی كوردان زیان به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردان ده‌گه‌یه‌نێت و راگه‌یه‌نرا كه‌ وه‌ك پێشتر، هێرشی ئه‌م دواییه‌ش شكستی پێده‌هێنرێت.

هـ . ب