داوا دەکرێت ڕێبەری گەلی کورد بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو

دەسپێشخەریی سوری بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پاش بومەلەرزەکەی گەملیک کە نزیکە لە زیندانی ئیمراڵیەوە، داوای کرد دەمودەست ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت.

لەماوەی دوو هەفتەدا دوو بومەلەرزە لە ناوچەی گەملیکی نزیک لە زیندانی ئیمراڵی ڕوویدا، دووەم بوومەلەرزە ئەمڕۆ هەینی بە گوڕی ٤.١ پلە ڕوویدا، بەگوێرەی پسپۆڕان و زانایانی بومەلەرزە تورکیا لەسەر هێڵی بومەلەرزەیە و لەبەردەم مەترسی ڕوودانی بومەلەرزەی کارەستبار دایە. دەستپێشخەریی سوری بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەڵێن: "نیگەرانی گەلی کورد و هەموو گەلانی خوازیاری دیموکراسی و ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە جیهاندا دەربارەی ڕەوشی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زیادی کردووە کە نزیکەی سێ ساڵە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گۆشەگیر کراوە.

وەک گوزارشتێک لە ترس و نیگەرانیەکانمان پەیوەست بە ڕەوشی ڕێبەر و باوەڕمان بە ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوە جیهانی و ئەوروپیەکان، بەتایبەت تەندروستی و یاساییەکان، دیسانەوە بانگەواز دەکەین ڕۆڵی خۆیان کارا بکەنەوە، تورکیا ناچاربکەن دەمودەست شوێنی ڕێبەر بگوازنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو، ڕێگە بدرێت بە سەردانی بنەماڵە و پارێزەرانی لە نزیکترین دەرفەتدا".