داوای پارێزەران بۆ بینینی ئۆجالان رەتکرایەوە

داوای پارێزەران بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا رەتکرایەوە.

رێزان ساریساج، رازییە تورگیوت، سەربای کۆکلو و ئیبراهیم بیلمەز پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دوێنێ هەینی بۆ بینینی ئۆجالان سەردانی داواکاری گشتیی کۆمارییان لە بورسا کرد. داوای پارێزەران لە داواکاری گشتی لەلایەن لقی ٢ی دادگای سزاکانی بورساوە بە پاساوی ئەوەى لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ەوە بڕیاری قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ٣ زیندانیی تر بۆ ماوەى ٦ مانگ دەرکراوە، داوای پارێزەرانی بۆ بینینی ئۆجالان رەتکردەوە.

رێزان ساریساج و نەورۆز ئۆیساڵ پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دوای ٨ ساڵ لە رێگریکردنیان بۆ بینینی ئۆجالان، بۆ یەکەمجار لە ٢ی ئایاری ٢٠١٨دا توانییان بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەوێت. دوای ئەوەش هەر لە ساڵی ٢٠١٨دا لە رۆژانی ٢٢ی ئایار، ١٢ و ١٨ی حوزەیران و هەروەها دواینجاریش لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا توانیبویان چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا بە پاساوی ئەوەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ساڵی ٢٠٠٩دا "نەخشەڕێگای" لە چوارچێوەى بەرگرینامەکەیدا پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە، بڕیاریداوە بۆ ماوەى ٦ مانگ چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان قەدەغە بکرێت.

ژ.ت