دایکان/مرۆڤانی شەممە لە ٩٧٢ هەمین چالاکی خۆیاندا، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسانی بێسەروشوێنی خۆیان و دادگایکردنی تاوانبارانیان کرد. چالاکییەکە بە ئامادەبوونی بنەماڵەی بێسەروشوێنان و چەندین پارت و ڕێکخراو و کەسایەتی بەڕێوەچوو.
سەرەڕای بڕیاری "پێشێلکردن"ـی دادگای دەستووری بنەڕەتی (AYM) لە ساڵی ٢٠١٨ لەپاش چالاکی هەفتەی ٧٠٠ ـەوە، ئەوە ٥ ساڵ و نیوە، کۆبوونەوەی دایکان/مرۆڤانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای ئاستەنگ دەکرێت. لەم هەفتەیەدا، ڕێگەدرا دایکانی شەممە چالاکییەکەیان ئەنجام بدەن.
بنەماڵەی بێسەروشوێنان لە ئەنجامی تێکۆشان و پێداگریی خۆیان گەیشتنە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای. دایکانی شەممە گوڵ و وێنەی بێسەروشوێنانیان هەڵگرت و لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
یەکێک لە بنەماڵەی بێسەروشوێنان، ئیقبال ئەرەن، ئاماژەی بەوە کرد لە ٢٠١٨ ـەوە، ئەوە ٥ ساڵ و نیوە، یەکەمجارە ڕێگەیان دەدەن بێنە گۆڕەپانەکە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد لەم قۆناغەدا ئەوانیان بەتەنیا جێنەهێشت.
ئاماژەی بەوە کرد، ٢٨ ساڵە چارەنووسی عەبدولکەریم یورتسەڤەن و میقداد ئۆزەکەن و مونور ساریتاش نادیارە، چالاکی ئەم هەفتەیە بۆ دادگایکردنی تاوانبارانی ئەم دۆزە بەڕێوەچوو.
ئەرەن، چیرۆکی عەبدولکەریم یورتسەڤەن و میقداد ئۆزەکەن و مونور ساریتاشی گێڕایەوە، کە ٢٧ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ لە گوندی عەلیاوای ناوچەی گەڤەری جولەمێرگ، لەلایەن سەربازەکانەوە دەستبەسەرکران و لەوکاتەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانرێت.
دووپاتی کردەوە، لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا، لەگەڵ دادگایکردنی تاوانبارانی دۆزی عەبدولکەریم یورتسەڤەن و میقداد ئۆزەکەن و مونور ساریتاش، داوای دادگایکردنی هەموو تاوانبارانی دۆزی بێسەروشوێنان دەکەن.
لەکۆتایی چالاکییەکەدا، دایکان/مرۆڤانی شەممە گوڵیان لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای دانا.