دایکانی شەممە: هیچ کاتێک دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرین

دایکانی شەممە داوای دادپەروەرییان کرد بۆ ئیبراهیم دەمیر و عەگیت ئاکیپا کە پێش ٣١ ساڵ کوژران. سەرۆکی کۆنسەی ناوەندی یەکێتیی پزیشکانی تورک، شەبنەم کۆرۆر فینجانجی بەشداری چالاکییەکەی کرد.

دایکان/مرۆڤانی شەممە بۆ زانینی چارەنووسی خزمە بێسەروشوێنەکانیان و بەسزاگەیاندنی تاوانباران، لە هەفتەی ٩٧٦ هەمینی چالاکییەکەیاندا، لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای کۆبوونەوە. بنەماڵەی بێسەروشوێنان وێنەی خزمەکانیان و گوڵیان بەدەستەوە گرتبوو.

سەرۆکی کۆنسەی ناوەندی یەکێتیی پزیشکانی تورک، شەبنەم کۆرۆر فینجانجی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ بەشداری چالاکییەکەیان کرد. بەهۆی سنووداربوونی بەشداربووانی چالاکییەکە، فینجانجی و کەسانی تر لە دەرەوەی گۆڕەپانەکە وەستان.

لە چالاکییەکەدا داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئیبراهیم دەمیر و عەگیت ئاکیپا کرا، کە ١٢ ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ لە گوندی خاندۆکی هەزەخ دەستبەسەرکران و هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نەبیستراوە. هاوسەرۆکی لقی ئیستنەبوڵی ئیهەدە، گوڵسەرەن یۆلاری، چیرۆکی دەمیر و ئاکیپای گێڕایەوە.

پاشان کچی ئیبراهیم دەمیر، دەنیز دەمیر، هەروەها کوڕی عەگید ئاکیپا، فەهمی ئاکیپا قسەیان کرد. دەمیر و ئاکیپا ڕایانگەیاند، ٣١ ساڵە بۆ دادگاییکردنی تاوانباران تێدەکۆشن و هیچ کات دەست لەم تێکۆشانە هەڵناگرن.