دەفەگە: لە مانگی ئابدا ٢ رۆژنامەوان کوژراون

دەفەگە رایگەیاند کە لە مانگی ئابدا گوشار و هێرشەکانی سەر رۆژنامەوانان زیادیکردووە و ٢ رۆژنامەوان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون.

کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی دیجلە فورات (دەفەگە) راپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافەکانی رۆژنامەوانان لە مانگی ئاب"ی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە هەڵکشانی گوشار و هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لەسەر رۆژنامەوانان کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ئابدا چەندین ماڵپەڕ سانسۆر و فیلتەر کراون و رێگری لە گواستنەوە و رووماڵی چەندین هەواڵ و بابەت کراوە. شەش ماڵپەڕ لەوانە ماڵپەڕی مێزۆپۆتامیا فیلتەر کراون، ٨٨ ماددەی بڵاوکراوەی سۆشیال میدیای رۆژنامەی یەنی یاشام سانسۆر کراون.

لەبارەی بابەتەکانی ژمارەیەکی زۆر ماڵپەڕ و هەژماری تۆڕی ئێکسەوە بە بڕیاری دادگا سانسۆر جێبەجێ کراوە و دەزگای رادیۆ تەلەڤزیۆنی تورکیش سزای دارایی بە سەر ژمارەیەکی زۆر کەناڵی تەلەڤزیۆنیدا سەپاندووە.

هەر لە راپۆرتەکەی دەفەگەدا ئاماژە هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە و گواستنەوەی شەڕ بۆ هەڕێمی باشوری کوردستان کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ پەدەکەی هاوبەشیان دەستیان بە سیاسەتی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر رۆژنامەوانان کردووە و رایگەیاندووە: "هێرشەکان کە لە مانگی تەمووزدا بە نۆکەرایەتی پەدەکە بەرفراوان بوون لە ٢٣ی ئابدا تورکیا لە ناو سنووری هەرێمی کوردستانی فیدڕآڵدا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی بۆردومان کرد. ئاژانسی رۆژنیوز کە ناوەندەکەی لە سلێمانییە ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکەدا رۆژنامەوانان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ژیانیان لەدەستداوە. تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسان لە سەر ئاستی کوردستان و زۆر وڵاتی دیکەش بە توندی شەرمەزارکران. "