پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شەمرەخی مێردین و ناوچەی چناری ئامەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە هۆکاری ئەو ئاگرەی لە دوێنێ شەوەوە دەستیپێکردووە و ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتووەتەوە، ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٤٤ کەسیش برینداربوون کە دۆخی تەندروستی ١٠ لە برینداران زۆر سەختە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وتراوە: "برینی گەلەکەمان ساڕێژ دەکەین کە بەهۆی ئاگرەکەوە دروستبووە. ئازارەکەمان سەختە، گەلەکەمان سەرساغبێت. هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. لە بەرامبەر کارەسەتاکەدا بەشداری دەسەڵات بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە درەنگ و کەم بوون، هەموو شارەوانیەکانمان ئامەد، مێردین و وان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکە سەفەربەربوون و هاوکارییان گەیاندە گوندەکان. هاوسەرۆکانمان، پەرلەمانتارانمان، هاوسەرۆکانی بەدەپە و کەسانی ئەندام لە پارتەکەمان لە شوێنی کارەساتەکەن و هاوکاری گەل دەکەن و برینەکانیان دەپێچنەوە. ئەم کارەساتە جارێکی دیکە پیشانیداینەوە کە دەسەڵاتداری و دەوڵەت لە کاتی کارەسەتەکاندا لەگەڵ گەلدا نیە. بەڵام ئێمە خاوەنی هێزێکین کە لەگەڵ گەلەکەماندا لەدژی هەموو کارەساتەکان بووەستینەوە."