سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەزای تەمەلی لە پەرلەمان قسەی کرد، تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٤١ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، ئاماژەی کرد بە داخوازییەکان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری.
تەمەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو باڵیۆزانەی بەشداردەبن لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامی پرسیارەکان نادەنەوە دەربارەی ئاستەنگ کردنی دیدارەکان لە ئیمراڵی و سزاکانی دیسپلین، گوتی: "شاندێکی نوێ دێت، یان ئاگاداری ڕەوشی تورکیا نییە، یان نایەوێت بزانێت، لەوێ وەڵام نادەنەوە. ڕاستییەکەی دەبێت بڵێن "ئێمە یاسا پێشێل دەکەین، ئێمە دان بە دەوڵەتی یاسادا نانێین". چونکە ئەم سزایانەی دەدرێن، لە دەرەوەی یاسا و مرۆڤایەتییە".
"پێویستە دانوستان دەست پێ بکات"
تەمەلی تیشکی خستەسەر داخوازی ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ، کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەیان بۆ ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و سەرۆک کۆماری تورک تەیب ئەردۆگان ناردووە، گوتی: "داوا دەکەن ئۆجالان ئازاد بکرێت و دانوستان دەست پێ بکات. ئێمە پشتگیری لە قسەکانیان دەکەین".
دیمەنی ئەو ژنانەی پیشاندا کە هەڵپەڕکێیان کردووە
تەمەلی ئەو ژنانەی پیشاندا کە بەهۆی هەڵپەڕکێوە دەستبەسەرکران، وە پارێزگاری سێرت ئەم کارەی ژنانی بە تێکدانی ئارامی شارەکە ناو بردبوو، تەمەلی گوتی: " ئەم ژنانە بەهۆی هەڵپەڕکێوە دەستبەسەر کراون. ئەم سەپاندنەە لە مێرسین دەستی پێکرد، لە ئاگری بەردەوام بوو، ئێستا لە سێرت ڕوودەدات. شانۆکان قەدەغە کران، هێرش کرایە سەر گۆرانیبێژانی کورد. دەسەڵات دەیگوت، 'ئێمە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردیمان لابردووە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، شانۆ هەیە، گۆرانی کوردی لە ئاهەنگەکان دەگوترێتەوە. هیچ قەدەغەیەک نییە". زۆرجار باسی قەدەغەکردنمان دەکرد. ئایا ئەم کەسانە لەبەرئەوەی بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕیوون دەگیرێن؟ شتی وا دەبێت؟".