فاتین کانات، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەنقەرە (ئیهەدە / ÎHD) ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەسەر دەستوور بۆ ئەوە نییە، کە پێوەرە دیموکراسییەکانی تیادا جێگیر و جێبەجێ بکەن.
کانات قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند، کاتێک ئاکەپە و مەهەپە باس لە ئامادەکردنی دەستوور دەکەن، ئامانجیان شێواندن و دەستکاریکردن و گۆڕینی رۆژەڤە.
کانات وتی، "بارودۆخی ئێستای وڵات لەهەموو بەش و جومگەکاندا ئەوەمان نیشان دەدات، کە قەیران هەیە. لە ڕووی مافەوە هیچ شتێک لە گۆڕێدا نەماوە. نە بەپێی دەستوورن و نە بەپێی یاساکانی ئێستان و نە بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانن. سیستمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتێکی زۆر بە کەسێک دەدات، هەموو پێکهاتە ئیداری و دادوەری و سیاسییەکان بەفەرمانێک دەگۆڕدرێن. دەسەڵاتی ئەرکدارکردن و لابردن و کشانەوە بە ئیمزایەک ئەنجام دەدرێت. هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەک بە شێوەیەکی توندوتیژانە سەرکوت دەکرێت. لەم هەلومەرجەدا گفتوگۆ و دیبەیت لەسەر دەستوور لەبەر پێویستی بە دێموکراسی نییە و ئامانجیشیان ئەوە نییە، کە دەستبەرداری دۆخ و بڕیاری نائاسایی بن".
کانات لەبارەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستووری نوێ و خاڵەکانی جاڕنامەکەى هەدەپە وتیشی، "دەتوانین بڵێین لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانە هەرگیز کێشەکان چارەسەر نەکراون و چارەسەرییە راستەقینەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت. مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بەوە بکات، کە کێشەکان تێکەڵی یەکتر بوون. زۆر ئاشکرایە، کەیسی کورد، کە گەورەترین و جدیترین کێشەی وڵاتە، بەڵام نابینرێت و ئاوەڕی بۆ چارەسەری لێنادرێتەوە.
دەستووری ساڵی ١٩٢١، کە مەسیحیەکان دەردەکات، لە ڕووی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەرییەوە هەندێک تایبەتمەندیی دێموکراسییانەى تێدابوو، بەڵام لە دوای بەهێزبوونی دەسەڵاتی کەمالیستی لە ساڵی ١٩٢٤دا بوو بە دەستوورێکی تەکپارێز (یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، یەک زمان) و کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرست. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئەم خاکە بووەتە خاکی ژان و ئازار.
جگە لە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ، وڵات پێویستی بە چارەسەرێکی دێموکراسییانەیە بۆ پرسی کورد و ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی. تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، ئەگەر دەستوورێکی نوێش بنووسرێتەوە، ئەوا لە درێژخایەندا هیچ چارەسەرێکی بۆ کێشەکانی وڵات پێ نابێت".
ژ.ت