دۆسییەی دەمیرتاش: دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جارێکی دیکە تورکیای سزا دا

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئامانجێکی سیاسییە و جارێکی دیکە مافی بە دەمیرتاش دا و تورکیای سزا دا.

دادگا ئاشکرایکرد کە تورکیا ئازادی وتەلێوەرگرتنی دەمیرتاشی پێشێل کردووە و بەم زیندانیکردنەی دەیەوێت گفتوگۆ سیاسیەکان سنووردار بکات.

دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ـەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە زیندانی کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە دادگایەکدا لە ئەنقەرە سزای ٤٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە نێو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوو، بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان بوو، بەمەبەستی پشتگیری کردن لە بەرخۆدانی کۆبانێ دژ بە داعش.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە دوایین بڕیاریدا، دەستی بە لێکۆڵینەوەی کرد سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش لە نێوان سزادانی لە ئەیلوولی ٢٠١٩ و ٢٠٢٤ ، شایانی باسە دادگاکە پێشتر سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩ تورکیای سزا دابوو و داوای ئازادکردنی ناوبراوی کردبوو. بەڵام ئەردۆغان بە توندی بەرامبەر بەم بڕیارە کاردانەوەی نیشاندا.

٥٥هەزار یۆرۆ قەرەبووکردنەوە

دادگا بڕیاری دا تورکیا بڕی ٣٥ هەزار یۆرۆ وەکو قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی بدات بە سەلاحەدین دەمیرتاش و ٢٠ هەزار یۆرۆشی وەکوو تێچووی ئەرکە ئیدارییەکانی دادگا دەست نیشانکرد کە پێویستە تورکیا بیدات.