دەوڵەتی تورک و پەدەکە لە تۆرینۆ شەرمەزارکران

لە تۆرینۆ هێرشی دەوڵەتی تورک و هاوکاری پەدەکە بە چالاکییەک شەرمەزارکرا.

کوشتنی دەنیز جەودەت بولبون لە هێرشی دەوڵەتی تورک لە هەولێر بۆ سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشور و هاوکاری پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک، لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا شەرمەزارکرا.

چالاکییەکە لەلایەن (defend kurdistan)  و کۆمونیتەی کوردەوە ڕێکخرا. لە چالاکییەکەدا، وێنەی دەنیز جەودەت بولبون و پانکارتی شەرمەزارکردنی هاوکاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک بەرزکرانەوە، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمەکانی "بکوژ پەدەکە" و "بکوژ ئەردۆگان" و "بمرێ خیانەت" و "شەهید نامرن".

لە ڕاگەیاندراوی چالاکییەکەکەدا گوترا: "دەوڵەتی تورک بە دەستی پەدەکە کوردان دەکوژێت و هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی گەریلا. بە هاوکاری میت دەیان کەس لە ناوەندی شارەکان شەهیدکراون. ئەو ماسکی گازانەی بۆ پاراستنی گەریلا لە هێرشی کیمیایی دەوڵەتی تورک ڕەوانەکران، دەستیان بەسەردا گیرا. پێشڕەوی تورکەکان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی گەریلا. بەڵام شتێک لەبیردەکەن؛ ئەم گەلە سوێندی خواردووە بۆ وەستاندنی خیانەت. ئەوان سەرناکەون".