دیپلۆماتکارێکی ڕووس: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا خزمەت بە "جیهادییەکان" دەکات
نوێنەری پوتین تایبەت بە سوریا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی تورکیا قبووڵ ناکرێت، دەچێتە خزمەتی لایەنە جیهادییەکانەوە.
نوێنەری پوتین تایبەت بە سوریا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی تورکیا قبووڵ ناکرێت، دەچێتە خزمەتی لایەنە جیهادییەکانەوە.
نوێنەری سەرۆکی ڕوسیا پوتین تایبەت بە سوریا، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ لە ٢٢ هەمین کۆبوونەوەی ئاستانە قسەی کرد و ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە سوریا لەلایەن مۆسکۆوە قبووڵ ناکرێت.
لاڤرێنتیڤ قسەی لەگەڵ سپۆتنیک کرد و وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە "مۆسکۆ چۆن دەڕوانێتە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی تورکیا کە بڕیارە لە سوریا دەست پێ بکات؟' لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، ئێمە زۆرجار ئەمەمان دەربڕیوە. سەرەڕای هەموو شتێک، هیوادارین دەوڵەتی تورک لەم هەنگاوە پاشەکشە بکات. چونکە ئۆپەراسیۆنەکە دەرئەنجامی خراپی دەبێت".
نوێنەرەکەی پوتین ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی تورکیا ڕەوشەکە چارەسەر ناکات و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە، گوتی: "قەیرانی سەر سنووری ئیسرائیل_لوبنان چارەسەر نەکراوە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک لەم هەلومەرجەدا کاریگەرییەکی خراپی دەبێت. ڕەنگە ڕێکخراوەکانی وەک هەیئەت تەحریر ئەلشام سوودی لێ وەربگرن".
سەرۆک کۆماری تورک تەیب ئەردۆگان لە مەراسیمی ١٠ ی تشرینی دووەم قسەی کرد، لە قسەکانیدا ئاماژەی کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە سوریا.
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا ڕووسیا لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەربارەی پرسی سوریا گفتوگۆ دەکات؟" لاڤرێنتیڤ ڕایگەیاند لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپدا ئامادەن لەگەڵ واشنتۆن دەربارەی سوریا کۆبوونەوە بکەن. ئەگەر واشنتۆن پێشنیارێک بکات، ئەوا ڕووسیا هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیارەکە دەکات و بە ئەگەرێکی زۆر وەڵامێکی ئەرێنی دەداتەوە.